رۆژنامەی ھەولێر

هاووڵاتییان بۆ خۆ فێنککردنەوە ڕوو لە چەم و ڕووبارەکان دەکەن

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

ماوەی چەند ڕۆژێکە پلەکانی گەرما بەڕێژەیەکی بەرچاو ھەڵکشاون، ئەمەش دوای ھۆشداریی پسپۆڕانی کەشناسی دێت لە گەیشتنی شەپۆلێکی بە تینی گەرما، ھاووڵاتییان بە شێوازی جیاجیا ھەوڵی خۆ فێنککردنەوە دەدەن بۆ دوورکەوتنەوە و ڕزگاربوون لە گەرمای بەتین، بۆ ئەمەش زۆرێک لە ھاووڵاتییان ڕوو دەکەنە مەلەوانگە و چەم و ڕووبارەکان. تیمەکانی بەرگری شارستانییش ھۆشداری دەدەنە ھاووڵاتییان و گەشتیاران.

بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما وایکردووە شوێنە گەشتیارییەکانی ھەرێمی کوردستان جووڵەیان تێ بکەوێتەوە، لەسەر لێواری ڕووبارەکان بە ھەزاران کەپری گەشتیاری دروست کراون، ڕۆژانە ھەزاران گەشتیار ڕووی تێ دەکەن، ئەوەش سوودێکی زۆری بە ناوچەکە گەیاندووە و دەرفەتی کاریشی بۆ سەدان کەس ڕەخساندووە. بەھۆی بوونی ڕووبار و سروشتە جوانەکەی ئیدارەی سۆران بۆتە ناوەندێکی گرنگی گەشتیاری و ڕۆژانە ژمارەیەکی بەرچاو لە گەشتیاران سەردانی دەکەن. لە ھەرێمی کوردستان بە سەدان کۆمپانیای گەشتیاری ھەن، ھەریەکەیان لەڕێگەی جیاواز و پەیوەندیان لەگەڵ کۆمپانیا گەشتیارییەکانی عێراق، گەشتیار لە ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە بۆ کوردستان دێنن، کەرتی گەشتیاری بووەتە یەکێک لە پێویستییەکانی مرۆڤی سەردەم، بە جۆرێک ساڵانە زیاتر لە ملیارێک و سێ سەد ملیۆن کەس گەشت دەکەن و سوود لە خزمەتگوزارییەکانی گەشتیاری وەردەگرن.
بەرزی پلەکانی گەرما و ڕۆژانی پشوو ئاماری ھاتنی گەشتیارانی زیاتر کردووە لە ھەندێک کاتدا ڕێگەوبانەکان پەکیان دەکەوێت و ناوچە گەشتیارییەکان پڕ دەبن لە گەشتیاران، ڕۆژانە نزیکەی دە ھەزار گەشتیار ڕوو لە ڕووبار و ناوچە گەشتیارییەکانی سنووری ئیدارەی سۆران دەکەن، جگە لەوەی لە ڕۆژانی ھەینی ڕێژەی گەشتیاران بەرز دەبێتەوە.لایەنە پەیوەندیدارەکانیش بەردەوام خزمەتگوزاری لەبواری ڕێگەوبان و بڵاوکردنەوەی ڕێنمایی ھاتووچۆ و ژینگە و بەرگری شارستانی بەسەر گەشتیاراندا دابەش دەکەن. فەیسەل سادق، بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری ئیدارەی سۆران، ئاشکرای کرد: نزیکەی ھەزار کەپری گەشتیاری لە سنوورەکە ھەن، ئەو کەپرە گەشتیارانە بە دەیان ھەزار گەشتیار لە خۆ دەگرێت، چەند شوێنێکی دیکەش دروست دەکرێن، ئەوانەش ھۆکارێکی باش دەبن بۆ ڕاکێشانی گەشتیاری زیاتر بۆ ناوچەکە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرگری شارستانی، ڕایگەیاندووە، بەھۆی ھاتنی وەرزی ھاوین و بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و ئەگەری ئاگرکەوتنەوە و ڕووداوی خنکان لە چەم و ڕووبارەکان، پێویستە ھاووڵاتییان پابەندی ئەم ڕێنماییانە بن، نابێت بە ھیچ شێوەیەک ئاگر لە پوش و پەڵاشی پێش ماڵ یاخود لە دەشت و دەر و گۆڕستان و باخ و بێستانەکان بەر بدەن، نابێت لە کاتی گەشت و سەیران ئاگر لە دەشت و چیا و شوێنی گشتی بکرێتەوە، کە قەبارەی ئاگرەکە گەورە بێت یان پاشماوەی ئاگر بەجێ بھێڵن، چونکە بەھۆی با ئەو ئاگرە بڵاو دەبێتەوە، فڕێنەدانی جگەرە و بەجێنەھێشتنی پاشماوەی خەڵوزی نێرگەلە، بەکارنەھێنانی یاریی ئاگرین لە کاتی سەیران، بەتایبەتی لە لایەن منداڵانەوە، فڕێنەدانی بتڵی شوشە و دەبەی ئەو پاشماوە یاخود ماددە سوتێنەرەکان، وەک گاز و بەنزین و نەوت و ئەو ماددە جەلییانەی بۆ گەشانەوەی خەڵووز بەکاردێن.
بەرپرسانی بەرگری شارستانی، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، لە وەرزی ھاویندا بەھۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، ھاووڵاتییان و گەشتیاران بەشێوەیەکی بەرچاو ڕوو دەکەنە چەم و ڕووبارەکان، بە مەبەستی مەلەکردن و خۆ فێنککردنەوەیان، ھەندێک لە ڕووبارەکان جێی مەترسین، بۆ ئەو مەبەستە تیمەکانی بەرگری شارستانی لە شار و شارۆچکەکان بەتایبەتی لەو شوێنانەی کە ڕووباری لێیە، چەند تیمێکیان لە نزیک ڕووبارەکان جێگیر کردووە، بەتایبەتی لەو شوێنانەی کە مەترسیدارن و ڕووداوی خنکانی لێ ھەبووە بۆ ئەوەی حاڵەتی وا دووبارە نەبێتەوە. ڕائید محتاج عەلی، بەرێوەبەری بەشی پۆلیسی بەرگری شارستانی قەزای مێرگەسۆر، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: تیمەکانی بەرگری لە سنووری قەزای مێرگەسۆر ھەڵسان بە دانان و نوێکردنەوەی تابلۆکانی ئاگادارکردنەوەی ھاووڵاتییان و گەشتیاران لە لێواری ڕووبار و شەقامەکان تابلۆکانیش بە زمانی کوردی، عەرەبی و ئینگلیزی لەسەریان نووسراوە کە مەلەوانی کردن لەم شوێنانە مەترسیدار و قەدەغەکراوە بۆ پاراستنی گیانی ھاووڵاتییان لە ھەر ڕووداوێکی نەخوازراو، بۆیە داواکارین ھاووڵاتییان و گەشتیاران پابەند بن و لەکاتی بینینی ئەو تابلۆیانە بە ھیچ شێوەیەک مەلەوانی نەکەن و مەترسی لەسەر گیانیان دروست نەکەن.
واحید سەرباز، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: بەھۆی گەرمای بەتینی ھاوین ڕوودەکەینە ڕووباری زرارا بۆ مەلەکردن و خۆفێنککردنەوە، لێرە خەڵک تەنیا بۆ مەلە کردن نایەن، بەڵکو بەھۆی بوونی سەیرانگە و داری چڕەوە، گەشتیاریش ڕووی تێدەکەن و کاتێکی خۆش دوور لە گەرمای بەتینی ھاوین بەسەر دەبەن.
ڕزگار محیەدین، یەکێکە لەو گەنجانەی کە بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش و مەلە کردن ڕووی کردووەتە چەمی ڕێزان، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاماژەی بەوە کرد، لەگەڵ ھاتنی وەرزی ھاوین، ھەموو ھەفتەیەک دوو بۆ سێ جار ڕوودەکەینە چەمەکە بۆ خۆفێنککردنەوە و مەلە کردن بۆ ئەوەی گەرمای ھاوین کاریگەریی نەبێت لەسەرمان.