رۆژنامەی ھەولێر

سەمیرە کارزان گۆرانییەکی زەکەریا عەبدوڵا دەڵێتەوە

شیڤان شێرزاد – هەولێر

“سەمیرە کارزان” لە نێوەندی هونەرییدا بە جوانییەکەی و دەنگێکی ئارام بەخش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە لە هونەرمەندانی دیکە جیا دەکرێتەوە، ئەو ماوەیەکە لە هەولێر نیشتەجێیە و تا ئێستاش چەندین بەرهەمی جوانی پێشکەش کردووە و ناوە ناوەش بەشداری لە ئاهەنگە جەماوەری و کۆنسێرتەکان دەکات.

دوا کاری ئەو هونەرمەندەش گۆرانییەکی هونەرمەند “زەکەریا عەبدوڵا”ـیە، کە لە پێشووتردا بەشێوەی سڵۆ گوتوویەتی و بووەتە یەکێک لە شاکارە جوانەکانی ئەو هونەرمەندە لە نێو ئەلبوومی گۆرانییەکانیدا.
هونەرمەند “سەمیرە کارزان” بەشێوەی ڤیدیۆ کلیپ گۆرانی “چۆن دڵت دێت” لە تۆڕە کۆڵامەیەتیەکان بەشێوەیەکی بەرچاو بڵاوکردووەتەوە و تا ئێستاش خاوەنی بینەرێکی زۆر بووە، بەشێکی زۆریش لە هەوادارانی بە کۆمێنتی جیاواز بەشداربوونە و پێی دەڵێن، نازانین گوێ لەو دەنگە ئارام بەخشە بگرین یان جوانییەکەی سەمیرە.
جێگەی باسە، هونەرمەندی ناوبراو لە ئاخاوتنێکی “هەولێر”ـدا دەڵێت: گوتنەوەی ئەو بەرهەمەی زەکەریا عەبدوڵا، بۆ ئەوە دەگەڕێنمەوە، کە شاکارێکە تێکەڵ بە ڕوحی هەمووان بووە و لەگەڵ خەمی هەمووان دەژێیت، بەندەش وەک هونەرمەندێک عاشقم بە گۆرانیی چۆن دڵت دێت، هەوڵمداوە بەستایلی خۆم و بەشێوەی سڵۆ بیڵێمەوە، کە پێموایە دەتوانم بەم شێوازە دڵی جەماوەرەکەم لە خۆم ڕازی بکەم.