محمد لادێ – ههولێر
ساڵانە لە وەرزی هاویندا، لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستاندا، دەسپێکی گرتن و بەرهەمهێنانی بنێشتی کوردییە کە لە داری قەزوان دەگیرێت؛ چەندین سوودی تەندروستیی هەیە.
دروستکردنی ببێشتی کوردی کارێکی دژوار و سەختە؛ چونکە ئەو شوێنانەی کە داری بنێشتی لێیە بە گشتی چیا و ناوچەی سەختە و پێویستی بە وزە و ماندوبوونێکی زۆر هەیە بۆ بەرهەمهێنان و کۆکردنەوەی.
سەرچاوەی بەرهەمهێنانی بنێشتی کوردی داری قەزوانە کە (دارەبەن)یشی پێ دەڵێن کە لە بەهاراندا قەزوان دەگرێت و لە هاوینانیشدا بنێشتی لێ دەگیرێت.
وەرزی بەرھەمهێنانی بنێشتی كوردی لە مانگی حوزەیران تاوەكو مانگی ئابە کە وەرزی لێكردنەوە و كۆكردنەوەی بنێشتە تاڵەیە لە دار. کارەکەیش سەرەتا لە شێلانی قوڕ بۆ دارەکان دەسپێدەکات، لە دوای شێلانی قوڕەکە شێوەی قاپی بچووکی لێ دروست دەکرێت و دەیلکێنن بە دارەوە کە پێی دەوترێت (کۆچەڵە)؛ دوای دانانی کۆچەڵە لە سەرووی کۆچەڵەکەوە دارەکە زامدار دەکرێت و ماوەی ١٠ بۆ ١٥ ڕۆژ بەجێی دەهێڵن تا کۆچەڵەکە پڕ دەبێ لە بنێشتە تاڵ. دواتر بنێشتە تاڵەکە کۆ دەکرێتەوە و دەیبەن بۆ کوڵاندن. پاشان هەنگاوی دروستکردنی بنێشت دەستپێدەکات. بنێشتەکە هێشتا تاڵە و، دەبێ لەگەڵ ئاودا تێکەڵ بکرێت و بکوڵێندرێت تاکو ببێتە بنێشتێکی خۆش کە بۆ جاوین و خواردن بشێت. پاش کوڵاندنی ماددە تاڵەکەی لێ جیا دەبێتەوە و دواتر بنێشتەکە دەخرێتە ئاوێکی ساردەوە و ئامادە دەبێت بۆ خواردن.
لە کوردستان زۆر کەس خەریکی دروستکردنی ئەم جۆرە بنێشتەن هەندێکیان و بەتەنیا کار دەکەن و هەنێکیشیان بەشێوەی کارگەی دەستیی چەند کەسێک پێکەوە کاری لەسەر دەکەن. بنیشتی کوردی لە بەشێکی زۆری ناوچەکانی کوردستان هەیە بەڵام ئەو ناوچانەی زۆرتری لێ هەیە، بریتین لە: هەورامان، شارباژێر، ئاکرێ، باڵەکایەتی و، سیدەکان. بۆ نموونە کارگەی دەستی بنێشتی خۆماڵی لە ھەڵەبجە ماوەی چەند ساڵێکە دەستی بەکار کردووە و ١٥ کەس لەناو کارگە و دەرەوەی کارگەکە کار دەکەن، مانگانە زیاتر لە ٥٠٠ کیلۆ بنێشتی تەواو سرووشتی بەرهەم دەهێنن.
محەمەد یاسین خاوەنی كارگەی دروستكردنی بنێشتە لە سلێمانی، دەڵێت: بەرهەمەكانمان بە قەبارەی گەورە هەناردەی تێكڕای بازاڕی شارەكانی عێراق دەكەین، هەر لە شارەكانی باكوورەوە بگرە تا شارەكانی باشوور و ناوەڕاست. وتیشی بنێشتی كوردی كە بە زمانی عەرەبی پێی دەڵێن (علك الماء؛ علك المی)، لەلای گەشتیارە عەرەبەکان زۆر پەسەندە و خواستی زۆری لەسەرە و گەشتیاران، وەك دیارییەكی دانسقە دەیبەنەوە.
لە ڕووی تەندروستییشەوە بنێشتی کوردی کەڵکی هەیە بۆ چارەسەری چەندین نەخۆشی؛ بە گوێرەی سەرچاوە زانستییەكانی بواری پزیشكی، بنێشتی كوردی بە تاڵی ماددەیەكی سەرەتایی و كەرەستەیەكی خاوی گرنگە بۆ دروستكردنی چەندین جۆری دەرمان؛ واتە بنێشتی تاڵ، بڕێک ماددەی تری تێکەڵ دەکرێ و، چەند جۆر دەرمانی لێ بەرهەم دێ، كە سوودیان لێ وەردەگیرێت بۆ نەخۆشییەكانی گەدە و ساڕێژكردنی برین.
هاوكات شێوە ئاساییەکەشی کە لە بازاڕەکاندا هەیە كە پێی دەوترێت بنێشتی شیرین، بۆ كەمكردنەوەی ئازاری گەدە بەکەڵک دێ؛ خواردنی بنێشتی كوردی لەبەرئەوەی ڕێژەی شەكری كەمە، یارمەتیدەرە بۆ پاككردنەوەی دەموددان و خێراكردنی كرداری هەرسكردن و زۆرجاریش دەبێتە هۆی ڕێكخستنی بیركردنەوە.

