ڕائیب جادر – هەولێر
ڤیان دەخیل، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، لە دیدارێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: ھەرێمی کوردستان ئەرکەکانی خۆی بە تەواوەتی جێبەجێ کردووە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم پێداگری لەسەر دەستەبەرکردنی مووچەی فەرمانبەران دەکات، بەڵام ئەوە بەغدایە پابەندی دەستوور و یاسا نابێت، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت بڕیاری ئەوان بەرامبەر بە مووچەخۆران سیاسییە.
گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، گوتیشی: بەپێی دەستوور و یاسا لەسەر حکوومەتی عێراق ئەرکە مووچە و بوودجەی خەڵکی کوردستان ڕەوانە بکات، بەڵام بەغدا بەشێوەیەکی سیاسی مامەڵە لەگەڵ مەلەفی کوردستان دەکات، ھەتا ئێستا چەندین ڕێککەوتن کراون، بەڵام ھەر مانگێک بە بیانۆیەک بەغدا کێشە بۆ مووچە دروست دەکات، بۆ چارەکردنی کێشەی مووچە، چارەسەرێکی ڕیشەیی پێویستە، بۆ ئەوەی چی دیکە بەغدا نەتوانێت دەست بۆ قوت و بژێوی خەڵکی کوردستان ببات، بۆ ھەموو لایەکیش دیار بوو کە ئەوان خاوەن بەڵێن و قسەی خۆیان نینە.
ڤیان دەخیل، دەشڵێ: ئەوەی بەغدا ڕۆژانە لەگەڵ ھەرێم دەیکات ھەموو بیانۆیە و ھیچی دیکە نییە و دەیانەوێت مەلەفی کوردستان لە دەست خۆیاندا بێت، لە ھەمان کاتدا ھەڵبژاردنیان لە پێشە پێیانوایە چەند کێشە بۆ ھەرێم دروست بکەن ئەوەندە دەنگی زیاتر بە دەست دێنن، ئەو عەقلیەتە لە بەغدا ماوە و ھەر دەمێنێت، ھەندێک خەڵکی ئێمەش لە بەغدا دەست لە گفتوگۆیەکانی بەغدا و ھەولێر وەردەدەن و دەیانەوێت کێشە بۆ ڕێککەوتنەکان دروست بکەن، بەس بۆ ئەوەی خەڵکی ھەرێم دژی حکوومەتەکەی خۆیان بوەستنەوە، ئەگەر ھەموومان یەک دەست باینە، کەس نەدەوێرا دەست بۆ کوردستان درێژ بکات.
ڤیان دەخیل، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، زیاتر گوتی: دەبوایە لەو ماوەیەدا کە بەغدا بودجە و مووچەی کوردستان ڕەوانە ناکات، پەرلەمانی عێراق ھەڵوێستی ھەبایە، دانیشتنێک لەو بارەیەوە کرابایە، وەکو فراکسیۆنی پارتی ھەوڵی خۆمان دا و بەردەوامیش لەگەڵ فراکسیۆنەکان لە گفتوگۆداین، بەڵام بە حوکمی ئەوەی پەرلەمان لە پشوودا بوو، لەگەڵ ئەوە دانیشتن کرابایە ھەندێک لایەنی شیعە ئامادە نەدەبوون، بۆیە ھیچ لە بارودۆخەکە نەدەگۆڕا، ئەگەر بەغدا لەسەر ئەو سیاسەتەی ئێستا کە بەرانبەر بە ھەرێم پەیڕەو دەکات بەردەوام بێت، دەبێت سەرکردایەتی سیاسی کوردستان ڕێگە چارەیەک بدۆزێتەوە، چونکە نابێت خەڵکی کوردستان زیاتر لەوە برسیتر بکرێت.
گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، ئاشکرای کرد: ھەرێمی کوردستان کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئاگادار کردووتەوە و ئەوانیش بەردەوام زەخت لە بەغدا دەکەن کە کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا چارە بکەن و بەغدا پێگری بە ڕێککەوتنەکان بکات، ھەر بۆ ئەو مەبەستە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەسەر ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێم بابەتێکی بڵاوکردەوە و بەغدای ئاگادار کردووتەوە کە بە زووترین کات دەبێت نەوتی ھەرێم ڕەوانە بکرێت، بەڵام بەغدا باوەڕی بە لایەنی سێیەمیش نییە و نایەوێت نەوتی ھەرێم ھەناردە بکات، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت حکوومەتی عێراق بە تەواوەتی متمانەی خۆی لە دەستداوە و نایەوێت کێشەکان چارە ببن.
ڤیان دەخیل، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، ڕوونیشیکردەوە: سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم بەردەوام لەسەر خەتە بۆ چارەکردنی کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم، بۆ ئەو مەبەستە ئامادەیی حکوومەتی ھەرێمی بۆ چارەکردنی کێشەکان دەربڕیوە و ھیچ بیانۆیەکی بۆ بەغدا نەھێشتۆتەوە، چونکە ئەولەویەت لای مەسرور بارزانی دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی کوردستانە، بەڵام بەغدا خۆ لە کێشەکان دەدزێتەوە و نایەوێت لەگەڵ ھەرێم ڕێکبکەوێت، ئەگەر ڕێککەوتنیش بکرێت پێوە پابەند نابێت.

