رۆژنامەی ھەولێر

ڕۆڵی ئافرەتی کورد لەنێو کۆمەڵگادا و هەڵوەستەیەک

د.پەیمان عەبدوڵڵا حەمەد
ئافرەت لەنێو کۆمەڵگای کوردیدا بەشدار بووە لە دروستکردنی بڕیار و بنیاتنانی کۆمەڵگادا، و ڕۆڵێکی زیندووی لە تۆمارکردنی مێژوودا بینیوە. ئافرەتی کورد کۆڵەکەی سەرەکیی خێزان بووە؛ پەروەردەکارێکی باش و هاوکار و یارمەتیدەری پیاو بووە، بەتایبەت لە کاتی شۆڕشە یەک لەدوای یەکەکانی کوردستاندا، کە ئەرکی سەرشانی قورستر بووە.
کەواتە، ئەگەر لەم گۆشەنیگایەوە بڕوانینە ڕۆڵی ئافرەت، بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە ئێمە لەپێش گەلانی دیکەوە باوەڕمان بە توانا و لێهاتوویی ئافرەت هەبووە لە ئاراستەکردنی کۆمەڵگادا، بەتایبەت لە کاتە ناخۆش و دژوارەکاندا. ڕەنگە لێرە و لەوێ گرفت و ئاریشە هاتبێتنە پێشەوە و کاریگەریی نەرێنییان دروست کردبێت، بەڵام ئەوانە حاڵەتی تاکەکەسین و ناکرێت هەموو کۆمەڵگا بخەینە ژێر پرسیارەوە. دەبێت ئەوەشمان لەبەرچاو بێت کە هەڵکەوتەی جوگرافی و ژینگەی دەوروبەر، ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، کاریگەرییان لەسەر پرسی ئافرەت هەبووە، بەتایبەت لە ناوچەیەکی وەک ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لە دێرزەمانەوە تاکو ئێستا بەردەوام لەنێو قەیران و کێشەدا دەتلێتەوە. زۆر جار ئەم ژینگە کۆمەڵایەتییە و ناجێگیریی دۆخی سیاسی و ئابووری، کاردانەوەی لەسەر تاکەکان دروست کردووە.
ئەوەی جێگای هەڵوەستەکردنە، ئەوەیە کە هەندێک کەس بە شێوازێکی هەڵە شیکردنەوە بۆ ڕۆڵ و پێگەی ئافرەت دەکەن، بە جۆرێک کە وا نیشانی دەدەن کورد باوەڕی بە مافی ئافرەت نییە و ئافرەتی کورد نەخوێندەوارە. دەتوانین ئەمە بگەڕێنینەوە بۆ دوو هۆکار:
-بیرکردنەوەی تەسک: هەندێک کەس وا بیر دەکەنەوە کە ئەرکی ئافرەت تەنها خزمەتکردن و منداڵ بەخێوکردنە، بێ ئاگا لەوەی کە ئەمەش خۆی لە خۆیدا نیشانەی گەورەیی ئافرەتە کە دەتوانێت ئیدارەی ماڵ و خێزان بکات.
-شێوازی دەربڕینی هەڵە: هەندێک لەو ئافرەتانەی کە بە ناوی یەکسانی و ئازادییەوە قسە دەکەن، بە شێوازێک گفتوگۆ دەکەن کە نەک هەر ناتوانن گەورەیی و توانای ئافرەت دەربخەن، بەڵکو بەپێچەوانەوە، لە گەورەیی و شکۆی ئافرەت کەم دەکەنەوە و بەداخەوە هەندێک جار لەبەرچاوی کۆمەڵگا ناشیرینیشی دەکەن.
بۆ نەهێشتنی ئەم دیدە ناشیرینەی کە لە ڕێگەی ئەو دوو هۆکارەوە دروست بووە، پێویستە کار لەسەر هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا بکرێت. ئەمەش لە ڕێگەی ڕۆشنبیرکردن و تێگەیاندنیان لەو پێشکەوتنانەی کە لە دنیای ئەمڕۆدا هاتوونەتە ئاراوە، و گونجاندنیان لەگەڵ دابونەریتە جوانەکانی کوردەواریدا. هەروەها، پێویستە کار لەسەر پێگەیاندن و پەرەپێدانی تواناکانی ئافرەتان بکرێت، بەتایبەت ئەوانەی بەرکەوتەی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ خەڵکدا هەیە. چونکە هەڵسوکەوتی شیاو و خۆ بەخاوەنزانینی کێشەکان لەلایەن ئافرەتانەوە، باشترین وەڵامە بۆ ئەو کەسانەی کە بە نەرێنی بیر لە ئافرەت دەکەنەوە.
لەم قۆناغەدا، نابێت هەوڵەکانی “یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان” پەراوێز بخرێن، کە شانی داوەتە بەر ئەم ئەرکە قورسە. بەڵام پێویستی بە هەوڵدان و تێکۆشانی زیاتر هەیە بۆ گەیشتن بە هەموو کوچە و کۆڵان و شار و شارۆچکەکانی کوردستان، دەستگرتنی ئافرەتانی مافخوراو، و گۆڕینی ئەو بیرکردنەوە تەسک و ناتەندروستانەی کە پێیان وایە ئافرەت تەنها مرۆڤ نییە، بەڵکو هاوبەشێکی سەرەکییە لە ژیاندا.
*مامۆستای زانکۆ