رۆژنامەی ھەولێر

ئایا تووشبوون بە سکچوون و ڕشانەوە لە ماوەی دووگیانیدا مەترسیدارە؟

ئەژین عەبدوڵڵا-هەولێر

خانمانی دووگیان لەبەرئەوەی تا ڕادەیەک بەرگری جەستەیان دادەبەزێت زیاتر ئەگەری تووشبوونیان بە هەندێ نەخۆشی زیاترە کە بە هۆی ڤایرۆس و بەکتریاوە بن، هەروەها کەش وهەوای گەرم یەکێکی ترە لە هۆکارەکانی زیاتر بڵاوبوونەوە و تووشبوون بە سکچوون و ڕشانەوە.

د. کەژان کاوە تەها دکتۆرا لە نەشتەرگەری و نەخۆشییەکانی ژنان و مناڵبوون و نەزۆکی دەربارەی تووشبوونی افرەتانی دووگیان بە سكچوون و ڕشانەوە مەترسی لەسەریان دەبێت یاخود نا، چەند زانیارییەك دەخاتە ڕوو.
د. کەژان کاوە دەربارەی مەترسیی نەخۆشییەكە بۆ خانمانی دووگیان ئاماژە بەوە دەكات كە ئەگەر خانمەکە تووشی وشک بوونەوە ببێت و نەتوانێت ئاو و شلەمەنی پێویست بخوات لەوانەیە تووشی مناڵبوونی پێشوەختە ببێت، پێوستە لەم حاڵەتانە بەبڕێکی باش شلەمەنی و ئاو بخۆیتەوە و لەکاتی پێویستدا ئەتوانیت لە ماڵەوە گیراوەی ORS بەکار بهێنیت، بەڵام لە حاڵەتی بەردەوامی سکچوون و ڕشانەوەکە باشترە سەردانی نەخۆشخانە بکەیت بۆ وەرگرتنی چارەسەری پێویست.
د. کەژان کاوە ڕێگاکانی خۆپارێزی دەخاتە ڕوو، كە بریتین لە:
1- دوورکەوتنەوە لە بەرکەوتن بە کەلوپەلی پیسداگەڕاو و پاشان بەرکەوتنی دەستت بە دەموچاو.
2- باشتر وایە خۆت خواردن ئامادە بکەیت و، ئەو خواردنانەی دەرەوە نەخۆیت کە بەپێی ڕێنمایی تەندروستی ئامادە نەکراوە.
3- خۆت بپارێزە لە کەسانی تووشیار و باشترە هیچ کەلوپەلێک بە هاوبەشی بەکار نەهێنن.
4-پاککردنەوە و شۆردنی دەستوپل.