هێمن ئەسکەندەر – هەولێر
ئەمڕۆ لە یاریگەی یەکەمی فرەنسۆ هەریری لە یاریی پلەی ئۆفی خولی یانەی پلە دووەکانی کوردستان هەردوو یانەی حاجیاوا و شێخان بەیەک دەگەن، هەردوو یانە هەوڵدەدەن بۆ یەکەمجار بگەنە خولی یانەی پلە یەکەکانی کوردستان.
بارودۆخی هەردوو یانەکە
دوای وەرزێکی دوور و درێژ هەردوو یانە هەوڵی گەیشتن بە خولی یانە پلە یەکەکان دەدەن، ئەگەرچی هەردوو یانەکە تا دواین گەڕ دوور بوون لە ڕکەبەری گەیشتن بە قۆناغی چوار گۆشەی زێڕین، بەڵام لە دواین یاری قۆناغی کۆمەڵەکان هەردوو یانە ریمۆنتادایان کرد و گەیشتنە چوارگۆشەی زێڕین، لە قۆناغی کۆمەڵەکان هەردوو یانە لە یەک کۆمەڵە یاریان دەکرد، یاری نێوانیان کە لە یاریگەی شێخان بەڕێوەچوو، هەردوو یانە بەبێ گۆڵ یەکسان بوون، حاجیاوا لە دواین گەڕدا لە پلەی پێنجەم دەهات، شێخانیش لە پلەی سێیەم، حاجیاوا بە پێنج گۆڵی بێ بەرانبەر لە خەلیفانی بردەوە و بە سوود وەرگرتن لە بردنەوەی شێخان لە یانەی پەروەردە بە پلەی دووەم هاوشانی یانەی شێخان سەرکەوت، کە یانەکەی بادینان لە دوا گەڕدا بە شەش گۆڵ بەرانبەر بە گۆڵێک یاریەکەی بردەوە.
لە قۆناغی پێش کۆتایدا یانەی شێخان لەبەرانبەر بە یانەی بەردەرەش بە گۆڵێکی بێ بەرانبەر دووچاری شکست بوو، نەیتوانی ڕاستەوخۆ بگاتە ڕیزی یانە پلە یەکەکانی کوردستان، یانەی حاجیاواش لە یاری دێریبی ڕاپەڕیندا بە سێ گۆڵ بەرانبەر بە گۆڵێک لە یانەی سەنگەسەری بردەوە و گەیشتە یاری پلەی ئۆف.
حاجیاوا لەم وەرزەدا ١٠ یاری ئەنجامداوە لە شەش یاری براوە بووە، سێ یاری یەکسان کردووە و یەک یاری دۆڕاندووە، ٢٤ گۆڵی تۆمار کردووە و شەش گۆڵی لێ تۆمار کراوە، یانەی شێخان لەم وەرزەدا ١٠ یاری ئەنجامداوە، شەش یاری براوە بووە، دوو یاری یەکسان کردووە و دوو یاری دۆڕاندووە، ١٩ گۆڵی تۆمار کردووە و هەشت گۆڵی لێکراوە.
حاجیاوا بە پشت بە ستن بە هێرشبەری غانەیی جۆسۆن ئۆپۆنگ کە لەم وەرزە ١٠ گۆڵی تۆمار کردووە چاوی لەوەیە شکست بە یانەی شێخان بهێنێت، یانەی شێخانیش پشت بە هەریەک لە یاریزانان عەبدولمونعیم ئەحمەد و ماتیاس سەباح دەبەستێت کە گۆڵکاری تیپەکەن و هەریەکە و ٥ گۆڵیان تۆمار کردووە.
ریزبەندی گۆڵکارانی خولەکە
١- سوهراب داود – یانەی سەنگەسەر ١٥ گۆڵ
٢- جۆسۆن ئۆپۆنگ ئۆسۆ– یانەی حاجیاوا ١٠ گۆڵ
٣- حەسەن فەلاح – یانەی ئاسۆ ٥ گۆڵ
٤- سالار دیدار – یانەی مەخموور ٥ گۆڵ
٥- دەشتی کازم – یانەی ئاسۆ ٥ گۆڵ
٦- ماتیاس سەباح – یانەی شێخان ٥ گۆڵ
٧- عەبدول مونعیم ئەحمەد – یانەی شێخان ٥ گۆڵ
دوای تەواو بوونی قۆناغی یەکەم یانەکانی هەریر و خەڵاتی پێنجوێن لە کۆمەڵەی یەکەم و باونوور و خەبات لە کۆمەڵەی دووەم دابەزین بۆ ڕیزی یانە پلە سێیەکانی کوردستان، ئەمساڵ لە ناوەراستی مانگی حوزەیران هاوشانی چەند یانەیەکی تر بەشداری خولی یانە پلە سێیەکان دەکەن.