مامەیارە ئەحمەد – هەولێر
رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.
ئەردا گویلەر بەهۆی ئەنچیلۆتییەوە داوای رۆیشتن لە مەدرید دەكات
یاریزانی نێودەوڵەتیی توركیی یانەی ریاڵ مەدرید (ئەردا گویلەر) بەهۆی كارلۆ ئەنچیلۆتییەوە، داوای رۆیشتنی لە ریزەكانی یانەی شایانە كردبوو.
ڕاپۆرتی مێدیاكانی ئیسپانیا بڵاویان كردەوە، كە ئەردا گویلەر، ئەستێرەی یانەی ریاڵ مەدرید، لە كاتێكی پێشتری ئەم وەرزەی تۆپی پێدا، داوای رۆیشتنی لە یانەكەی كردووە.
بەرنامەی چێرنجیتۆی ئیسپانی ڕایگەیاندووە: ئەردا گویلەر، داوای لە كارگێڕیی یانەی ریاڵ مەدرید كرد، كە ڕێگەی بدەن بە شێوەی خواستن ریزەكانی یانەی شایانە جێ بهێڵێ، ئەگەر كارلۆ ئەنچیتلۆی لە راهێنەرایەتیی یانەكە بمێنێتەوە.
ئاماژەی بەوەش كردووە: گویلەر، سەرەڕای ئەوەی ئەنچیلۆتیی راهێنەر هەلی چەند خولەكێك یاریپێكردنی دەدا لەم هەفتانەی كۆتایی، بەڵام پێش ئەو ماوەیە ئەو بڕیارەی خۆی داوە.
بەرنامەكە باسی لەوە كردووە: چابی ئەلۆنزۆ (كە ئەگەری زۆرە ببێتە راهێنەری یانەی ریاڵ مەدرید)، بە شێوەیەكی ڕوون و ئاشكرا رەتی كردووەتەوە گویلەر بڕوا و داوای كردووە لە یانەكەی بمێنێتەوە، متمانەی تەواوی پێیەتی كە لە داهاتوویەكی نزیكدا ببێتە ئەستێرەیەكی جیهانیی تۆپی پێ.
ئەنچیلۆتی بە كرداری رۆیشتنی لە یانەی ریاڵ مەدرید لە كۆتایی ئەم مانگەدا ڕاگەیاند و ئەركی راهێنەرایەتیی هەڵبژاردەی بەڕازیل لە ئەستۆ دەگرێ.
چەندان ڕاپۆرت باسیان لەوە كردووە، كە ئەلۆنزۆ، دەبێتە راهێنەری نوێی یانەی ریاڵ مەدرید، دوای ئەوەی رایگەیاند لە كۆتایی ئەم وەرزەدا واز لە راهێنەرایەتیی یانەی بایەر لیڤەركوزن دێنێ.
ڕاهێنەرە ئیتاڵییەكە فریای هەڵبژاردەی بەڕازیل دەكەوێت؟
دوای زیاتر لە 20 ساڵ دەركردنی بەڕازیل لە قۆناغەكانی مۆندیال و نەگەیشتن بە یاریی كۆتایی لەسەر دەستی هەڵبژاردە ئەورووپییەكان، ئێستە پەنا بۆ راهێنەرێكی ئەورووپی دەبا تا ببیتە فریادڕەسی و ئەو بەڕازیلە بێتە كایەوە، كە لە زەینی هەر وەرزشكارێكدا وەكوو هێمای و سیمبوڵی تۆپی پێ ناسراوە.
كارلۆ ئەنچیلۆتی، دوای ساڵێكی بێئەنجام لەگەڵ یانەی ریاڵ مەدرید، ئێستە لە گفتوگۆی چڕدایە بۆ ئەوەی ببێتە راهێنەری هەڵبژاردەی بەڕازیل و مۆندیالی داهاتوو، ئەو سەرپەرشتیی تیپی خاوەن 5 جامی جیهانی بكات.
هەڵبژاردەی ئەنچیلۆتی بۆ راهێنەرایەتیی بەڕازیل، دەرخەری ئەوەیە كە بەڕازیل خواستێكی زۆری هەیە بۆ بردنەوەی ناسناوەكان، كە ساڵانێكی زۆرە لە ناسناوەكان دابڕاوە.
بەڕازیل لە ساڵانی 2007 و 2019 كۆپا ئەمریكای بردووەتەوە، بەڵام تۆماری مۆندیال بنەما و پێوەری دیاریكردنی سەركەوتنە.
بەڕازیل دواجار لە ساڵی 2002ـدا مۆندیالی بردەوە، بەڵام لەوە بە دوای نەگەیشتووەتە یاریی كۆتایی مۆندیال، بە جۆرێك لە 2014 لە نیوەی كۆتایی لەسەر دەستەی ئەڵمانیا و (1-7) گۆڵ لە نێو خاكی خۆی دۆڕا و كرایە دەرەوە. لە 2018ـیش لەسەر دەستی بەلجیكا لە چارەكی كۆتایی دۆڕا. لە 2022ـیش بەرانبەر كرواتیا بە لێدانە یەكلاكەرەوەكان دۆڕا.
بەڕازیل كە لەسەر دەستی هەڵبژاردە ئەورووپییەكان دوور خراوەتەوە، ئێستە دەیەوێ بە بیرێكی ئەورووپی بێتەوە نێو ڕكەبەرییەكان و كێشەكانی چارەسەر بكات.
بەڕازیل تەنانەت بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 2026ـیش زەحمەتیی زۆر دەبینێ، سەرەڕای زیادكردنی ژمارەی تیپەكانی مۆندیالیش، كە ڕاستەوخۆ شەش تیپی كیشوەرەكەی سەردەكەوێ و 7ـەمی لەنێو 10 تیپی پاشكۆی گەیشتن بە مۆندیال دەبێت. بەڵام بەڕازیل لە خانەی چوارەمی پاڵاوتنەكانە و 21 خاڵی هەیە. بە جیاوازیی 6 خاڵ لەگەڵ خانەی حەوتەمە دوای 14 گەڕ.