ئەمڕۆ پێنجشەممە، 15ـی ئایاری 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا ڕایگەیاند “بەبۆنەی شەست و سێیەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان، پیرۆزبایی لە سەرۆک و ئەندامانی مەکتەبی سکرتارییەت و گشت مامۆستایانی کوردستان دەکەم و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم.”
لە پەیامەکەدا سەرۆک وەزیران دەڵێت: خەبات و تێکۆشانی یەکێتیی مامۆستایانی كوردستان و داکۆکیکردنیان لە ماف و داخوازییەکانی مامۆستایانی کوردستان بەرز دەنرخێنین و پێزانینێکی زۆرمان بۆ مامۆستایانی کوردستان هەیە، کە ڕۆڵێکی گرنگ لە پەروەردەکردن و فێرکردنی نەوەکانماندا دەگێڕن.
سەرۆکی حکوومەت باسی لەوەش کردووە “ئومێدەوارم مامۆستایانی کوردستان، لەسەر بنەمایەکی باش و پەروەردەیەکی دروست و هزری نیشتمانپەروەری و خۆشویستنی کوردستان، نەوەیەکی داهێنەر و زانستخواز و ژینگەدۆست پێبگەیەنن، بۆ ئەوەی ڕۆڵێکی کارایان لە پێشخستن و بەرەوپێشبردنی کوردستاندا هەبێت.”