دوای چەكدانانی پەكەكە پەرلەمانی توركیا چی بۆ كورد دەكات؟

كارزان گلی – هه‌ولێر

پەكەكە، لە كۆنگرەی دوانزەیدا خۆی هەڵوەشاندەوە و خەباتی چەكداریشی كۆتایی پێ هێنا، دوای ئەم بڕیارەی پەكەكە، لە رۆژەڤی پەرلەمانی توركیا چی هەیە؟ ئایا پەرلەمانی توركیا هەنگاوی یاسایی بۆ چارەسەری پرسی كورد دەهاوێت؟

بەگوێرەی زانیارییەكان، خودی عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆكی پەكەكە و لیژنەیەكی راسپێردراو لەلایەن حكوومەتەوە، كار بۆ ئەوە دەكەن، چۆن بتوانن لە پەرلەمانی توركیا چەند یاسایەك لە بەرژەوەندیی كورد دەربكەن، كە رەنگە خۆی لە پاكێجێكی ١٠ مادەییدا ببینێتەوە.
دەم پارتی و ئاكەپە، پێیانوایە، پرسەكە دەبێت بەیاسایی بكرێت، بۆیە هەنگاوی یاسایی پێویستە، ئەمەش هەنگاوبەهەنگاو دەكرێت، نەك هەموو شتێك بە یەكجار.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی ئاژانسی (BBC) توركی بڵاوی كردووەتەوە، گۆشەگیركردنی ئۆجەلان هەڵدەگیرێت، هەروەها پەیوەندیكردن بە ئۆجەلان و سەردانیكردنی زۆر ئاسانكاری بۆ دەكرێت، ئەمەش بە یاسا رێك دەخرێت.
دەم پارتی، خۆی ئامادە دەكات، تا پرۆژەیاسایەك لەبارەی (مافی ئومێد) ئامادە بكات بۆ ئازادكردنی عەبدوڵا ئۆجەلان، بەڵام لایەنی بەرامبەر پێی باشە ئازادكردنی ئۆجەلان، دەبێت سەرەتا لەلایەن كۆمەڵگەی توركیاوە قبوڵ بكرێت، ئەوكات مافی ئومێد بیگرێتەوە.
هەروەها گفتوگۆكردن لەبارەی ئەو بەرپرسە باڵایانەی پەكەكە بەردەوامە، بەوەی دوای چەكدانان بچنە كوێ و لە كوێ نیشتەجێ ببن. هەروەها لەبارەی چەكدارانی پەكەكەش، بەوەی ببنەوە خاوەنی ناسنامەی توركیا، بۆ ئەمەیان پێویستە یاسایەكی تایبەت دەربكرێت.
دەم پارتی داوای كردووە، یاسای سزادانی توركیا گۆڕانكاری بەسەردا بێت، لەبارەی ئەو كەسانەی لە دەرەوەی وڵاتن و بەتۆمەتی پەكەكەبوون بۆیان نییە بگەڕێنەوە توركیا، هەروەها هەموو ئەو زیندانیانەی بەتۆمەتی پەكەكەبوون دەستگیركراون، داوا كراوە ئازاد بكرێن.
لە ١٢ی ئەم مانگەدا، دەم پارتی كۆبوونەوەی سەركردایەتیی ئەنجام دا، لەوێدا داوایان كرد، پێویستە هەموو پارتە سیاسییەكانی توركیا لەو پرۆسەیە رۆڵیان هەبێت و لەناو پەرلەمان پشتگیری بكەن، واتە ئەم پرسە نابێت تەنیا لە نێوان حكوومەت و ئاكەپە بەڕێوە بچێت، دەبێت هەموو پارتەكانی توركیا رۆڵیان تێدا هەبێت.
دەم پارتی، لە پرۆژەیاسایەكدا داوای كردووە، سیاسەتی قەیووم كۆتایی پێ بێت، هەروەها هەموو ئەو سەرۆك شارەوانییەی بەتۆمەتی ئەوەی سەر بە پەكەكە بوونە و قەیوم كراون پێویستە ئازاد بكرێن، جیا لەوەش داوا كراوە، بەپەلە هەموو دەستگیركراوە نەخۆشەكان ئازاد بكرێن.
بەڵام وەكوو ئەوەی میدیاكانی توركیا باسی دەكەن، ئاكەپە پێشوازی لەوە ناكات كە یاساكان گۆڕانكاری بەسەردا بێت، بەڵام بۆ سیاسەتی قەیوم نەرمە.
ئەكرەم ئیمامۆغڵو، سەرۆكی گەورە شارەوانیی ئیستانبۆڵ، كە ئێستا لە زیندانە، لە پەیامێكدا داوای كردووە كە پرسی چەكدانانی پەكەكە و پرسی چارەسەری كورد ببرێتە پەرلەمان و ئەوێ شوێنی چارەسەرە، نەك لە نێوان حكوومەت و پارتێكی تر، ئەمەش دەریدەخات كە جەهەپە، لەناو پەرلەمانی توركیا لەگەڵ ئەو یاسایانەیە كە دەم پارتی داوای دەكات.
بۆیە چاوەڕوان دەكرێت، لەناو پەرلەمانی توركیا چەند لیژنەیەك دروست بكرێت و ئەو لیژنانە جۆراوجۆر بن، تا پرسی چەك دانان و خۆهەڵوەشانەوە و پرسی چارەسەری كورد، بەیاسایی بكرێت، دەبێت لیژنەكانیش ئەندامی هەموو پارتە سیاسییەكانی تێدا بێت.