ئارام كۆشكی – سلێمانی
(2-2)
شێركۆ بێكەس لە پێشەكی (كتێبی ملوانكە)دا لەبارەی دەقی واڵاوە دەنوسێت:
“لە سادەترین پێناسەكردندا. ماڵێكە نە یەك بابەت و نە یەك فۆڕمی دیاریكراوی تیا ناژی، هیچ كام لە شیعر و چیرۆك و پەخشان و پەخشانە شیعر و شانۆنامە خاوەنی هەموو ماڵەكە نین. بەڵام لە هەمانكاتدا ماڵی هەمووشیانە. ئەشێ لە حەوشەی ئەم ماڵەدا گوێمان لە خوێندنی باڵندەكانی شیعر بێ. یان لە ژوورێكیا چاومان نەخش و نیگار و مافووری ڕەنگاڵەی پەخشان و پەخشانە شیعر بكەوێ. یان لە راڕەوێكا تووشمان ببێ بە تووشی حیكایەتخوانێكەوە، چاومان بە ڕەوتی چیرۆك بكەوێ، یان لە هۆڵەكەیدا درامای شانۆ ببینین، هەر جارە و ببینە میوانی یەكێكیان.”
وەک دەبینین ئەوەی لای شێركۆ بێکەس لە ڕسکانی “تێکستی واڵا”دا دەبینرێت جیاوازە لەوەی لای ئیمبرتۆ ئیکۆ هەیە و فۆرمێكی تری تێكستی واڵایە، هاوکات جیاواز لەوەش دەبینرێت، کە لای نووسەران و ڕەخنەگرانی عەرەب دەبینرێت و تایبەتە بە تێكستی شیعری، كە ئازادی تەواو دەدات بە شاعیر لەكاتی نووسینی شیعردا. مەرج نییە شاعیر لەسەرەتای تێكستەكەوە تا كۆتایی پەیوەست بێت بە ڕیتم و مۆسیقای شیعرییەوە. هەروەها دەبێت ئەوەش بڵێم ئەوەی ئەم دووجۆرە تێیدا هاوبەشن تەنها ناوەكانیانە، لاموایە ئەمەش بۆیە دووبارە و چەندبارە بووەتەوە و بەهەڵە بەكاربردن باس دەكرێت، چونكە ئێمە تا ئێستا كەسانی تیۆرسینی ئەدەبیمان نییە هاوشێوەی (ڕۆلان بارت، میخائیل باختین و ئۆمبرتۆ ئیكۆ) تا ناوێكی تایبەت بۆ ئەو جۆرە لە (تێكەڵی تێكست)، كە لای شێركۆ بێکەس دەبینرێت بدۆزرێتەوە، تا لێكۆڵەران و شاعیرانی تر لەبەرهەمەكانیاندا ئەم ناوە نوێیە بەكار بهێنن. لێرەدا دەمەوێت ئاماژە بە چەند بەرهەمێكی شێركۆ بێكەس بكەم، كەئەو بەرهەمانە سەرجەمیان ناسنامەی تێكستی واڵایان هەڵگرتووە. بەڵام ئەم شاعیرە بەهۆی هەستكردن بە دوودڵی. ئەم زاراوەیەی بەهەمان شێوە لەو بەرهەمانەدا بەكار نەهێناوە. لە (كتێبی ملوانكە)دا لە ناسنامەكەیدا نووسراوە (دەقی واڵا). هاوكات لە كتێبی (سرودە بەردینەكان)دا لەسەر بەرگی و یەكەم لاپەڕە نووسراوە (چیرۆكە شیعر، یان تێكستی واڵا) هاوكات لە كتێبی (كورسی)دا نووسیویەتی شیعر، بەڵام هەر لە لاپەڕەی بەرانبەر هەمان لاپەڕەدا نووسراوە (لە یەك تێكستی واڵادا: شیعر، چیرۆك، پەخشان، شانۆنامە!) هاوكات لە كتێبی (گۆڕستانی چراكان)دا نووسراوە (ڕۆمانە شیعر). لە كتێبی (ئێستا كچێك نیشتیمانمە)دا لەسەر بەرگی كتێبەكە نووسراوە (دەقی واڵا) بەڵام لە ناسنامەكەدا نووسراوە (شیعر) هاوكات لە لاپەڕەی بەرامبەردا دووبارە ئاماژە بە (دەقی واڵا) كراوەتەوە.
باسكردنی ئەم نموونانە لە ئەزموونی شیعری شێركۆ بێكەسدا تەنها بۆ خستنەڕووی ئەو دوودڵییەی شاعیرە بەرامبەر بەكارهێنانی زاراوەی (تێكستی واڵا)، چونكە بەئاشكرا ئەو دوو دڵییەی ڕەنگدانەوەی تەواوی هەیە لەسەر ئەو بەرهەمانەی كە لە پێشەوە خستمانەڕوو. بەو پێیەی زۆرجار شاعیر ناچاربووە لەگەڵ بەكارهێنانی ئەم زاراوەیەدا ڕوونكردنەوەی تر پێشكەش بە خوێنەر بكات. خاڵێکی گرنگ لێرەدا ئاماژەی پێ بکەین ئەوەیە کە بەرەو پێشچوونەکانی دونیای ئەدەب و ئەو تێکەڵییەی لەنێوان ژانراوەکاندا هەیە بووەتە هۆی ڕسکاندنی ئەم جۆرە لە پەیدابوونی تێکست. بەڵام خاڵێکی دیکەی جێگە سەرنج ئەوەیە، کە لە ئەزموونی شێرکۆ بێکەسدا ئەزموونکردنی تێکستی واڵا بۆ ساڵانێکی گەلێک زوو دەگەڕێتەوە بەتایبەت لە ساڵی حەفتاکاندا ئەوکاتەی دەقی “کاوەی ئاسنگەر”ی بڵاوکردەوە، کە شانۆیەکی شیعریی بوو، کە خاڵی نییە لە ڕەگەزی چیرۆک. هاوکات دەقی “ئاسک” ئەویش شانۆیەکی دیکەی شیعرییە. بەڵام کاتێک لە دواتریشدا “خاچ و مار و ڕۆژژمێری شاعیرێک” دەنووسێت و وەکو دەقێکی “ڕۆمانەشیعر”ی بڵاوی دەکاتەوە بەهەمان شێوە دەتوانین بڵێین ئەمانەش دەقی واڵان، بەڵام پێدەچێت شاعیر تاسەر دەقی “ملوانکە” نەیتوانیبێت ئەو پڕکێشییە بکات کە بنووسێت “دەقێکی واڵا” هەر بۆیە لە پێشەکی ملوانکەدا ئەو ڕوونکردنەوەیە دەنووسێت کە لەسەرەوە بەشێکیمان نووسییەوە. واتە شێرکۆ بێکەس دەمێک ساڵە دەست و پەنجە لەگەڵ دەقی واڵادا نەرم دەکات، بەڵام لە کتێبی ملوانکەوە ئیدی ئەزموونەکە دەخەمڵێت. ئەگەر سەرنج بدەین لە کتێبی “ئێستا کچێک نیشتمانمە”دا لە وتەیەکی کورتی کۆتایی کتێبەکەدا دەنووسێت: “بەشێکی زۆر لە دەقە دێرینەکانم لە “دەربەندی پەپوولە”وە تا دەگاتە سەر “ملوانکە” دەقی کراوەن. بەو مانایەی لە ڕووی هونەرییەوە ئاوێتەیەکن لە شیعر و پەخشان و هەندێکجار شانۆنامە و بە واتایەکی تر ڕەگەزی جیا جیای ئەدەبین. لە ڕاستیدا ئەم جۆرە فۆڕمە ڕووبەرێکی فراوان دەخاتە بەردەمی شاعیر بۆ ئەوەی خۆی ئازادانەتر هاتووچۆ بکات.”
نووسەر و لێکۆڵەر د. ئەحمەدی مەلا سەبارەت بە بەکارهێنانی زاراوەی “تێکستی واڵا” لای شێرکۆ بێکەس پێیوایە ئەو لەوەدا سەرگەوتوو نەبووە و دەنووسێت:
“شێرکۆ بێکەس دەقەکانی ناو دەنێت “تێکستی واڵا”. واڵا بەو مانایەی کە ئەو لێی تێگەیشتووە کە یەک ژانر لەخۆ ناگرێ، بەڵکو لە نێوان شیعر و چیرۆک و پەخشان و شانۆنامە و ڕیپۆرتاژی رۆژنامەوانی و ڕۆمان و هیتردا تێکەڵ دەکات بە مەرجێ هەر یەکە و خسووسییەتی خۆی پاراستبێ. لە ڕاستیدا هیچ دەقێک ناتوانێ ئەم هەموو تەرحە ئەدەبییە بگرێتە خۆی. ئەگەریش کارێکی وا ئەنجامبدا، لایەنێک دەبێ بەسەر ئەویتردا زاڵ بێت.”*
ئەوەی لێرەدا د. ئەحمەدی مەلا باسی نەکردووە ئەوەیە کە کۆی ئەم ژانرانە لەژێر ساباتی شیعر و شیعریەتدا کۆ دەبنەوە و ئەوە هێزی شیعر و شیعریەتە کە بەسەر هەموو ژانرەکانی دیکەدا زاڵن، چونکە ئەوە ئەوانن داوەتی خوانی شیعر کراون، نەک بەپێچەوانەوە. بکەرەکەش شاعیرە و شاعیرێکە کە لە قسەی ئاسایی شیعریەت بەرهەم دەهێنێت. بۆیە ئەم ڕەخنەیەی د. ئەحمەد تاڕادەیەک ڕەخنەیەکی لۆژیکی نییە و وەکو جۆرێک لە تێنەگەیشتن لە ئەزموونی ئەم شاعیرە و کارکردنەکانی لەنێو دونیای شیعردا دەبینرێت.
خاڵی جێگەسەرنج لەم قسانەدا ئەو گەڕانەی شاعیرە بۆ ئەوەی ڕووبەری ئازادانەتر لە زماندا لەبەردەستیدا بێت بۆ کارکردن و هەر لەبەر ئەمەشە پەنای بۆ دەقی واڵا بردووە. لێرەوە تێدەگەین شاعیربوون ئەزموونکردنی ئازادییە، یان گەڕانی بەردەوامە لەنێو زماندا بۆ ئازادبوون و دۆزینەوەی ڕووبەری ئازادانەتر بۆ گوزارشتکردن لەو دونیایەی شاعیر خۆی دەیەوێت.
بەگشتی لەم جۆرەی تێكستی واڵادا دەكرێت (شێركۆ بێكەس) وەكو سەرمەشق سەیر بكرێت، چونكە زۆرترین تێكستی لەژێر ئەم ناوەدا پێشكەشی كتێبخانەی كوردی كردووە.
*بڕوانە د. ئەحمەدی مەلا، کتێبی بنبەست لە شیعری شێرکۆ بێکەسدا ل59، چاپکراوی نما.