بە ڕێبواری زۆر جار بە ناو شاری کۆیەدا تێپەڕیوم، یەک دوو جار ڕۆیشتوومەتە نێو کۆڵانە کۆنەکانیەوه، کە دەر ئەیوانەکانیم دەدی دەمزانی پلانی ئەو خانووە کۆنانە چۆنه، بە تایبەت کەرەستەی گهچ و بەردە تاوێریان بەکار بردووە، دیارە کانی ھەر دوو کەرەستەکە لە شارەوە دوور نین. من ناڕۆمە ناو مێژووی کۆنی شاری کۆیە، بەڵام بە پێی سەرچاوەکان دەسەڵاتی بابان به پایتەختی دووھەمی خۆیان زانیوە، لە ھەر شەڕێکدا دۆڕاون، پاشاکانی بابان خۆیان گەیاندووهته کۆیە و لەوێدا سەنگەربەندییان کردووه.
باسەکەم دەربارەی عەونی شاعیرە، بەڵام ناکرێ کورتەیەک دەربارەی شارەکەی (عەونی) نەدوێم. ئەو شارە زادگای زۆر لە لێهاتووانە لە مەلای گەورەوە بیگرە تا سەر دڵدار و مەسعوود محەمەد و عەونی و تاھیر تۆفیق و سێوە و باکووری. ئەوە حاشاھەڵنەگرە کۆیە ھەوارگەی قسەی جوان و ئاھەنگ و نەوای مەوزوون و ڕیتمداره. ھەتاوەکو لە ململانێی سیاسەتیشدا ئەو شارە سەرقافڵەدار بووە. ئەو شارە نازدارە وا لە بناری شاخی بڵند و سەخت و گەردنکەشی ههیبهسوڵتانه، كه شاری کۆیەی گردووەتە باوەش، بۆیە لێهاتووانی ئەدەب و ھونەر لەو شارەدا رازی ھەڵنەھێنراوی پاک و پوختە دەخەنە بەر دەستی میللەتەکەیان، بنواڕە دیوانەکانی (عەونی)ـدا، شاعیری دڵسۆز و دڵسووتاوی میللەتە چەوساوەکهی.
مامۆستا عەونی شاعیر لە ١٩١٤ ھاتووهتە دنیاوە و لە ١٩٩٢دا کۆچی دوای کردووە.
وەک ھەر شاعیرێکی کورد ئەویش بەبێ مامۆستا خۆی خۆی پەروەردە کردووە و ئەسپی ڕەسەنی خۆی لەمەیدانی شیعردا تاو داوە، ئەگەرچی کەم لە سوارەکانی ڕەسەنی کوردەواری مەیدانی پانوپۆڕی بۆ گونجاوە تا نەگلێت و ئەسپی خۆی تاودا، زۆربەی زۆری پێنووسبەدەستانی ئەوسا، کوڕە ئێستاش، ھەریەکهو بە جۆرێک باجی لێهاتوویی و ململانێی خۆی داوە، یەکێکی وەک (عەونی شاعیر) کە نازناوی بووە و لە ڕاستیدا ناوی (عوسمان حهبیب عهبدوڵڵا)یە و لە شاری کۆیە ھاتووهتە دنیاوە و وەک ھەر لێهاتوویەکی کورد سەرەتا بە شیعر دەستی پێ کردووە و ئینجا چیرۆک و بڕێکیش بەوەوە ڕانەوەستاوە خۆیان لە بواری (ڕۆمان)یشدا تاقی کردووەتەوە.
ئەوە زەمانێکی دوورودرێژە ئێمەی کورد ھەروا بووینە چەندە خۆساختەین دوو ئەوەندە خۆخۆرین، ئەگینا لە ئەقڵەوە دوورە ٢٧٠٠ ساڵە واتە لە دوای دەسەڵاتی مادەوە کە ئێمە لامان وایە ڕەگەزمان دەگەڕێتەوە سەر ئەوان، بۆچ نەمانتوانیوە دەوڵەت و دەسەڵاتی خۆمان پێک بهێنین. سەیرەکە لەوەدایە ھۆکارەکەی دەخەینە سەر میللەتەکانی دراوسێمان، لەو ماوە دوورودرێژەیدا با ٥٠٠ ساڵ بخەینە گەردەنی عەرەب ٥٠٠ ساڵیش ھۆکارەکەی فارسەکان بووبێتن و لەم دوادوایەشدا لێگەڕێ با ٥٠٠ ساڵیش بۆ تورک بێت، خۆ لە ھەزار ساڵ زۆرترە خەتای دایکمە؟
خۆ لەنێو ئێمەی کورددا ڕەنگە سەدان شاعیری وەک (عەونی) شاعیر ئەرکی نەتەوایەتیی خۆی ئەنجام داوە و شیوەنی خۆی گێڕاوە وەک ھاندان یان گلەیی، یان لاواندنەوە؛ عەونی جگە لە شیعری نیشتمانی، شیعری دڵداری و ریتمداریشی زۆر ھەیە، گۆرانیبێژانی سەردەمی خۆی ئەو شیعرانەیان کردووهتە گۆرانی وەک مەقامبێژانی وەک مەلا کوێر و مەلا ئەسعەد و تاھیر تۆفیق و زۆری تر.
لەوانە گوزەشتە تەقالای زۆر کردووە شیعر و ھەڵبەست و چیرۆکی بەملاولادا ناردووە، بۆ نموونە بۆ گۆڤاری (ھاوار) لە شام، یان گۆڤاری دەنگی گێتی تازە و گەلاوێژ و ھەروەھا ژین و ژیانیش. کە بارزانی لە سۆڤیەتەوە گەڕاوەتەوە وڵات، شیعرێکی دوورودرێژی بۆ وتووە، بە ناوی (نامەیەک بۆ بارزانی).
عەونی ھەر بەدەم، ھەر بە قەڵەم بۆ میللەتەکەی نەكۆشاوە، بهڵكو به فعلی ڕۆیشتووهتە ڕێزی رێکخراوە سیاسیەکانیشەوە، وەک: ڕێکخراوی برایەتی، حیزبی ھیوا، ڕزگاری، سەرئەنجام پارتی دیموکراتی کوردستان و مەیلی بە لای کۆمەڵەی ئاشتییخوازانیشەوە بووه، لەو ڕووەوە باجی خۆی داوە و زیندانی کراوە و دوور خراوەتەوە. بستبەبستی زیندانەکانی کۆیە، ھەولێر، بەغدا، نوگرە سەلمانی تاقی کردووهتەوە.
ئیتر ئەو پیاوە لە تەقالایەدا ڕاوەستانی بۆ نەبووە لەگەڵ دڵداری شاعیردا شیعری ھاوبەشیان نووسیوە، چوارینەکانی خەیامی کردووهتە کوردی. دیارە وەستایش بووە لە زانینی فارسیدا، زۆربەی دیوانەکانی لە لایەن فەرھاد عەونییەوە لەچاپ دراوە.
کاک فەرھاد کوڕی گەورەی مامۆستا عەونییە و کوڕێکی تری ھەیە بە ناوی کاک ساسان. بەندە وەک (خوسرەو جاف) بە ئەرکی خۆمی دەزانم کەسانێکی وەک عەونی شاعیر بهێنمەوە بیری ڕۆشنبیران و میللەتەکەشم، تەقالای ئەو جۆرە کەسانە ئاسۆی ئومێدیان ڕۆشن کردووەتەوە سەد رەحمەت لە رۆح و ڕەوانی عەونی شاعیر، دە بڵێ: ئامین!