ئامادەکاری بۆ جێبەجێکردنى پڕۆژەی گرنگ و ستراتیژى پشتێنەی سەوزایی شاری ھەولێر دەستى پێکرد

 

ئەمڕۆ دووشەممە 2025.4.21، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، لە دیوانى پارێزگا، پێشوازیى لە کەنەدى، بەڕێوەبەرى نووسینگەى هەولێرى ڕێکخراوى UNDP و شاندێکى یاوەرى کرد.

لە دیدارەکەدا، گفتوگۆ لەبارەى ئامادەکاری بۆ دەستپێکردنی پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی شاری ھەولێر کرا، کە لەماستەر پلانى شارى هەولێردایە و گرنگیی زۆری بۆ شاری ھەولێر هەیە، بۆ ئەو مەبەستەش هەردوولا بۆ بەدواداچوون و بەرچاووڕوونى و داڕشتنى پلان و کارکردن لەسەر پڕۆژەکە لیژنەیەکى هاوبەشى نێوانیان پێکهێنا و جەختیان لە کارکردنى هاوبەش بۆ جێبەجێکردنى پڕۆژەکە کردەوە.

پاشان بەڕێوەبەرى نووسینگەى هەولێرى ڕێکخراوى UNDP، وێڕاى ئامادەیی ڕیکخراوەکەیان بۆ جێبەجێکردنى پڕۆژەى پشتێنەى سەوزایی شارى هەولێر، سوپاسی پارێزگارى هەولێرى کرد بۆ پاڵپشتى و هەماهەنگى و هاوکارى بەردەوامىان لەگەڵ ڕێکخراوەکەیان.

لە بەرامبەردا پارێزگارى هەولێر، هەوڵ و کارەکانى ڕێکخراوى ناوبراوى بەرز نرخاند و دەستخۆشى لە هامەهانگى و هاوبەشى لەگەڵ پارێزگاى هەولێر کرد و هیواى سەرکەوتنى بۆ خواستن لە جێبەجێکردنى پڕۆژەى گرنگ و ستراتیژى پشتێنەى سەوزایی شارى هەولێر و بۆ ئەو مەبەستەش هەموو پاڵپشتى و هاوکارى و هەماهەنگییەکى پارێزگا و تیمى پارێزگاى هەولێرى نیشاندا.

لە کۆتایشدا، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی نەخشەدانانی ئاوەدانیی هەولێر، لە ڕیگەى داتاشۆوە بەنەخشە و داتا ئامادەکارییەکان بۆ دەستپێکردنی پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی شاری ھەولێر خرایە ڕوو .

لە دیدارەکەدا، هەریەک لە کارزان عەبدولهادى، سەرۆکى شارەوانى و هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەرى گشتیى کشتوکاڵ و مەریوان هادى، بەڕێوەبەرى گشتیى شارەوانییەکان و چواس عەبدولهادی، بەڕێوەبەری گشتیی نەخشەدانانی ئاوەدانی و شوكریە عەباس، بەڕێوەبەری نەخشەدانانی ئاوەدانیی هەولێر و ناز جەلال، بەڕێوەبەرى EJCCى پارێزگاى هەولێر ئامادەى بوون.