و: شۆڕش غەفووری
نووح چارنی
(ئارنۆڵد ستیفان جاكۆبس جونیۆر ـ Arnold Stephen Jacobs Jr) كە بە (ئەی. جەی. جاكۆبس) ناسراوە، لە 20ی ئازاری 1968 لە نیۆیۆرك لەدایك بووە و ڕۆژنامەنووس و نووسەر و وانەبێژە و بە نووسینی (شێوازی ژیان ـ lifestyle) ناسراوە. سەرنووسەری ڕۆژنامەی ئەنتیکەیی (دەیلی لێدجەر ـ Daily Ledger) و هەفتەنامەی ئینتەرتەیمێنتە. لەم گفتوگۆیەیدا باسی كارەكتەرە خەیاڵییەكەی و كتێبە دڵخوازەكانی دەكات.
ـ لە کوێ گەورە بوویت و چیت خوێندووە؟
جاكۆبس: لە شوقەیەكی شاری نیویۆرك لەگەڵ دایك و باوكم، پشیلەیەك، خوشكێك و ئەتاری. چوومە (زانكۆی براون ـ Brown University،)، لەوێ پسپۆڕیم لە وانە سەرەتاییەكانی وەك (مێژوو، مرۆڤناسی، ئابووری، بایۆلۆژی، دەروونناسی، ئەدەبیات و چەندین بابەتی تر) وەرگرت. ئەگەر بمتوانیایە هەر لە پۆلەكانی سەرەتاوە بە پلەی باڵا دەربچم، ئەوا دەمكرد. خۆزگە لە سەدەی نۆزدەهەم ژیابام كە تیایدا پێویست نەبوو پسپۆڕیت هەبێت. دەتتوانی شتێكی گشتگیر بیت – شاعیر/زانای بێ بڕبڕەكان/دەریاوان/نەشتەرگەر. دواجار بە پلەی باڵا فەلسەفەم تەواو كرد، هەڵبژاردنێك كە وای لە هاوڕێكانم كە پسپۆڕیی ئینگلیزییان هەبوو، كرد كە پێیان وابێت هەڵبژاردنەكەیان لە هی من كردەییترە.
ـ تۆ بەشداریی چەندین پڕۆژەی تاقیكاری و ئامۆژگاریئاساست كردووە. زۆر شانازی بە كامەیانەوە دەكەیت؟
جاكۆبس: ڕەنگە (ساڵی ژیانی ئینجیلی ـ The Year of Living Biblically). ئەمەش گاڵتەجاڕانە دەردەكەوێت، چونكە شانازی گوناهە، بەڵام خۆشحاڵم كە توانیم بابەتێكی ئاڵۆز بە بیرێكی كراوە تاووتوێ بكەم و حەزم لەوەیە ئیمەیل لە خوێنەرانمەوە وەربگرم كە دەڵێن كتێبەكە ژیانیانی بۆ باشتر گۆڕیوە.
ـ ڕۆتینی بەیانیانت چۆنە؟
جاكۆبس: منداڵەكانم خەبەرم دەكەنەوە. قاوە دەخۆمەوە (وەك دەڵێن قاوە بە گشتی خواردنەوەیەكی تەندروستە لە دواخستنی نەخۆشی ئەلزەهایمێر و كەمكردنەوەی مەترسی هەندێك جۆری شێرپەنجە). نانی بەیانی بۆ منداڵەكانم ئامادە دەكەم، دەیانبەمە قوتابخانە، پاشان دەگەڕێمەوە ماڵەوە و هەوڵ دەدەم بنووسم. لەمەشدا سەركەوتوو نابم تا ناچار دەبم ئەنتەرنێتەكەم بكوژێنمەوە بۆ ئەوەی پەناگەیەكی بچووك و ئارام لە زریانی زانیارییەكان بۆ خۆم بدۆزمەوە.
ـ خوو یا تایبەتمەندییەكی شەخسی و دیارت هەیە؟
جاكۆبس: من پێم باشترە لە جیاتی تۆقەكردن، ئانیشك لە ئانیشك بدەم. لە ڕاستیدا ئەمە ساڵاوكردنێكە كە ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی پێشنیاری دەكات. تیۆرییەكەی ئەوەیە ئانیشكت هێندەی دەستت میكرۆبی پێوە نییە. هەروەها چاوەكانیشت بە ئانیشكت ناخورێنیت تا میكرۆبەكانی دەستی بۆ بگوازیتەوە.
ـ خۆشترین جل لەلات چییە؟
جاكۆبس: ژێركراسی ئاوریشمی درێژ. من ژێركراسی درێژ نەك تەنیا لە زستان، بەڵكو لە بەهار و پاییز و هەندێك جاریش لە هاویندا لەبەر دەكەم.
ـ تكایە سێ كتێب بۆ خوێنەرانت پێشنیار بكە.
جاكۆبس: (فریشتە باشەكانی سروشتەكەمان ـ The Better Angels of Our Nature) لە نووسینی (ستیڤن پینكەر ـ Steven Pinker). ئەم كتێبە باس لەوە دەكات كە جیهانی ئێستا لەچاو ڕابردوو كەمتر توندوتیژە. بەڕاستی وات لێدەكات هەست بە گەشبینی زیاتر بكەیت سەبارەت بە ڕەگەزی مرۆڤ. هەروەها پێشنیاری كتێبی (من گەل ـ Me the People)ـی (كێڤن بلێیەر ـ Kevin Bleyer) دەكەم كە ڕوانینێكی پێكەنیناوی نووسەرێكی شۆی ڕۆژانەیە بۆ دەستووری ئەمریكا. پێشم باشە كتێبی (هەتا دوا هەناسە ـ To the Last Breath)ی (فڕانسیس سلاكی ـ Francis Slakey) بخوێننەوە كە دەربارەی زانایەكە كە بەسەر بەرزترین چیاكانی كیشوەرەكان دەكەوێت.
ـ ئارەزووت دەكرد نووسەری چ كتێبێك بوایای؟
جاكۆبس: ڕۆمانی كتێبی (كاچ 22 ـ Catch-22)، چۆن دەكرێت ئیرەیی بە كتێبێك نەبەیت كە بووەتە دەستەواژەیەكی باوی نێو خەڵكی!؟
ـ هاوڕێی نووسەرت هەیە یارمەتیت بدات و هانت بدات؟
جاكۆبس: چەندین هاوڕێی نووسەرم هەن كە میهرەبانن و دەستنووسەكانم دەخوێننەوە و تێبینییان لەسەر دەدەن. هاوڕێ پارێزگارەكەم (جۆن پۆدهۆرێتز ـ John Podhoretz) بە تایبەتی، زۆر یارمەتیدەرە. ئەو سەرنووسەرێكی مەزنە. هەروەها، ئەو خێراترین نووسەرە لە ئەمەریكا – لەوانەیە سێ وتاری نووسیبێت لەو ماوەیەی كە من وەڵامی ئەم پرسیارەتم داوەتەوە. لەو ڕووەوە هاندەرە. هەرچەندە دڵساردكەرەوەیە، بەڵام هاندەرە.
ـ دەكرێت ناوی كارێكی هونەری (كتێب، فیلم، تابلۆ، هتد) ببەت كە هاندەرتە؟
جاكۆبس: دەمەوێت شتێكی نامۆ بڵێم تا زیرەك دەربكەوم، وەك تابلۆیەكی (تێنتۆرێتۆ ـ Tintoretto)، بەڵام لە جیاتی ئەوە من فیلمی (ئانی هۆڵ ـ Annie Hall) هەڵدەبژێرم، ئاخر (وودی ئالێن ـ Woody Allen) زۆر بلیمەتانە چەندین فۆڕماتی جیاوازی خستووەتە ناو فیلمەكەوە – كارەكتەری (دەنكە هەنارە/سنۆ وایت ـ Snow White)ـت لەبیرە؟ یان ئەو دیمەنەی ژێرنووسی ئەوەی تێدایە كە كارەكتەرەكان لە ڕاستیدا بیری لێدەكەنەوە؟ یان كاتێك (ئاڵڤی سینگر و ئاننی ـ Alvy Singer and Annie)ی نێو فیلمەكەی ئانی هۆڵ، بە فلاشباكێك دەگەڕێنەوە بۆ ڕابردوو بۆ بینینی بەسەرهاتی خۆشەویستی پێشووی ئانی. ئەوە زۆر داهێنەرانە بوو.
ـ ڕۆتینی نووسینت چۆنە؟
جاكۆبس: من لایەنگیرێكی گەورەی پوختەكردنم. پوختەیەك دەنووسم. پاشان پوختەیەكی تر و پاشان وردتر. ئیار بەم شێوەیە ڕستەكان دروست دەبن، خاڵبەندی زیاد دەبێت و لە كۆتاییدا هەمووی دەبێتە كتێبێك.
ـ چ دەكەی لە كاتی نووسیندا؟
جاكۆبس: ڕۆژانە كۆكاكۆلایەكی ڕێجیمیی زۆرم دەخواردەوە تا وزەم بەرز بكەمەوە، بەڵام كاتێك كتێبێك دەربارەی تەندروستی دەنووسم، ئیتر زەحمەتە بتوانم پاساو بۆ خواردنەوەی سێ كۆكاكۆلای ڕێجیمی لە ڕۆژێكدا بهێنمەوە، بۆیە دەبوو وازی لێبهێنم. هێشتاش حەزم لێیەتی.
ـ ئایا هیچ خوویەكی تایبەت یان نائاساییت لە كاتی نووسین هەیە؟
جاكۆبس: لە كاتی ڕۆیشتن لەسەر دەزگای ڕاكردنەكەم (ترێدمیل ـ treadmill) دەنووسم. هەر ئێستاش ئەو خووەم هەیە. ئەمە لە كاتی نووسینی كتێبی (مردنی تەندروست ـ Drop Dead Healthy)ـەوە دەست پێ كرد. چەندین توێژینەوەشم خوێندەوە دەربارەی مەترسییەكانی ژیانی جێگیر و بێجووڵە. بۆ نمونە دانیشتن، بە شێوەیەكی ترسناك خراپە بۆ تۆ. پزیشكێك پێی وتم كە “دانیشتن جگەرەكێشانی نوێیە”. كەواتە ترێدمیلێكم كڕی و كۆمپیوتەرەكەمم لەسەر دانا. نزیكەی 1200 مایل ڕۆیشتم تا كتێبەكەمم نووسی. هۆكارێكە بۆ بەخەبەرهێنانەوەم. لەسەر مێزی كارەكەمشم، كۆمەڵێك كتێب هەن كە دەمەوێت بەسەریاندا بچمەوە، هەروەها بتڵێك هایدرۆجین پێرۆكسایدیشی لێیە.
ـ دیمەن لە شوێنی كاركردنی دڵخوازتەوە چۆنە؟
جاكۆبس: كۆمەڵێك لە وێنەكانی منداڵەكانم. سەیری یەكێكیان دەكەم كە ناوم ناوە (پیاوی پرتەقاڵی بە شەش پەنجەوە ـ Orange Man With a Total of Six Fingers)، لە نووسینی (لوكاس جاكۆبس ـ Lucas Jacobs) (2011).
ـ ڕۆتینی ئێوارانت چۆنە؟
جاكۆبس: بۆ منداڵەكانم كتێب دەخوێنمەوە. ئەوان شەیدای كارەكانی (مۆ ویڵێم ـ Mo Willem)نن، لەوانەش یەكێك بە ناوی (ئێمە لە كتێبێكداین ـWe Are in a Book )، كە وەك (دەیڤید پلۆتز لە سلەیت ـ David Plotz of Slate) ئاماژەی پێدا، ترسناكترین كاری بوونگەرایی ئەدەبی هاوچەرخە. (بەرازە بچكۆلەكە و فیلەكە ـ The Piggie and Elephant)یشیان بۆ دەخوێنمەوە. كە تەواو دەبن لێم دەپاڕێنەوە لە سەرەتاوە دەست بە خوێندنەوەیان بكەینەوە. هەست بە تاوانبارییەكی زۆر دەكەیت كاتێك دایدەنێیت.
ـ چۆن كاتە سەرگەرمییەكانت بەسەر دەدەیت.
جاكۆبس: بەم دواییانە فێربووم كە چۆن HBO GO داونلۆد بكەم. كاتێكی خۆش لە بینینی ئەڵقەكانی (وایەر ـ The Wire) و (ئیستباوند ـ Eastbound) و (داون ـ Down) و (كچەكان ـ Girls) بەسەر دەبەم. هەوڵ دەدەم حەز بە (گەیم ئۆف سرۆنس ـ Game of Thrones) بكەم، چونكە چەندین جار پێیان وتووم كە كارێكی هونەرییە و هاوشانی شاكارێكی تینتۆرێتۆیە. (هەوڵ دەدەم چەند جارێك ناوی تینتۆرێتۆ بهێنم، بە هیوای ئەوەی لە گووگڵ سێرچێكی زۆری بۆ بكرێت.)
ـ چی بە پێكەنینت دەخات؟
جاكۆبس: (ستیڤن كۆڵبێرت ـ Stephen Colbert). تەنانەت ئەو وشانەشم خۆش دەوێت كە بۆ وەسفكردنی بەكاری دەهێنن لە دەستپێكی بەرنامەكەیدا. دڵخوازێكی تایبەت: “هێتێرۆ سەیپیێن ـ Hetero Sapien”.
ـ هیچ جۆرە خورافیاتێكت هەیە؟
جاكۆبس: نەك نەبەر لووتبەرزی بەڵام هەندێك فۆبیای ناچارییم (OCD) هەیە: دوو جار دەست لە سینكی كەوەنتەرەكە دەدەم ئەوجا ئاوەكە دەگرمەوە. كە ڕادیۆكە دەكوژێنمەوە، دەبێت دواوشە كە دەیبیستم ناوێك بێت – نەك كردار، یان هاوەڵناو، یان ئامرازێك. هەوڵ دەدەم كەمترین جار پەرداخ و گڵاسەكان لێك بدەم، چونكە ئەگەرێك هەیە بۆ گواستنەوەی بەكتریا.
ـ چ شتێك هەیە كە بەردەوام پێتە؟
جاكۆبس: من هەمیشە كۆمەڵێك هێدفۆنم پێیە. زۆربەی جار (سۆنیك دیفێندەرز ـ Sonic Defenders) لە (شوەرفایەر ـ SureFire). شێوازی تەندروستیم فێری كردم كە پیسبوونی دەنگ لە ڕاستیدا هەڕەشەیە بۆ سەر تەندروستی. پەستانی خوێنت بەرز دەكاتەوە و دەتوانێت لە درێژخایەندا ببێتە هۆی نەخۆشی دڵ. بۆیە من لە مێترۆ، یا لە ستاربۆكس، یان كاتێك منداڵەكانم هاوار دەكەن، هێدفۆن بەكار دەهێنم.
ـ خۆشترین خواردن چییە بەلاتەوە؟
جاكۆبس: مانگۆی وشكەوەكراو. ڕووكەشێكی تەندروستیان هەیە، بەڵام لە ڕاستیدا تەنها شەكری ڕەنگ پرتەقاڵین. لە شێوازی تەندروستیمدا، چەند ڕێگەیەكم تاقی كردەوە بۆ وازهێنان لە خووی مانگۆی وشككراو. یەكێك لە كاریگەرترینیان: وام لە خێزانەكەم كرد چەكێكی پارە بۆ ڕێكخراوێكی خراپ بنووسێت – پێم وایە حزبێكی ئەمریكی نازی بوو – و سوێندی خوارد كە ئەگەر بێتوو مانگۆیەكی وشككراوی دیكە بخۆم، ئەوا چەكی پارەكەیان بۆ دەنێرێت. بۆیە بیركردنەوە لە ناردنی چەكەكە هێندە ناخۆش و قێزەوەن بوو كە وازم لە خواردنی مانگۆكان هێنا.
ـ چ دەستەواژەیەك زۆر بەكار دەهێنیت؟
جاكۆبس: هەركاتێك خێزانەكەم هەڵەیەك دەكات (بۆ نموونە، كاتی ژەمە ئێوارەیەك لەبیر بكات پێم بڵێت)، دەڵێم: “باشە كە هێشتا خۆشم دەوێیت. بەدڵنیاییەوە نەك هێندەی جاران”. لەوانەیە یەكەم جار پێی پێكەنیبێت، بەڵام ئێستا پێویستم بەوەیە واز لە وتنی بهێنم.
ـ بەبێ چ ئامێرێك ناتوانی بژیت؟
جاكۆبس: ئایفۆنەكەم. پۆدكاستەكانی بە دوو هێندەی خێرایی گوێ لێدەگرم.
ـ ئەگەر بتوانیت كەسێكی كۆچكردوو بگەڕێنیتەوە بۆ ژیان، كێ دەبێت و بۆچی؟
جاكۆبس: جگە لە داپیرە و باپیرە و خزمەكانی تر، لەوانەیە (تۆماس جێفرسۆن ـ Thomas Jefferson) هەڵبژێرم. حەزم لێیە نانێكی نیوەڕۆ لە نێوان ئەو و دادوەر (ئەنتۆنین سكالیا ـ Antonin Scalia) ڕێك بخەم، تا لەربارەی مەبەستی ڕاستەقینەی دەستوورەوە قسەی لەگەڵ بكات. دەیانتوانی لە C-SPAN پەخشی بكەن. بەمەش، قاقای پێكەنینی خەڵكی بەرز دەبووەوە.
ـ ئایا كارەكتەرێكی خەیاڵی هەیە كە خۆتی تێدا ببینیت؟
جاكۆبس: هەرگیز ڕۆمانی (تاسهاوێژ ـ The Dice Man)ـی(لوك ڕاینهارت ـ Luke Rhinehart)ـت لە ساڵی 1071 خوێندووەتەوە؟ دەربارەی دەروونناسێكە كە هەموو بڕیارەكانی ژیانی لەسەر بنەمای هاویشتنی تاسێك دەدات. بۆ نموونە، ئەگەر تاسەكە 4ی هێنا، ئەوا بۆ نانی ئێوارە پیتزا دەخوات. ئەگەر 3ی هێنا، ئەوا مریشكی بەرگرێل دەخوات. تەنانەت لەسەر جێهێشتنی خێزانەكەی، تاسەكە هەڵداوێت. ئێستا، هەرچەندە من پەیوەندیم بەو كارەكتەرەوە نییە، چونكە دەبێتە كەسێكی شەڕەنگێز. تاسەكە پێی دەڵێت ببێتە بكوژ و دەستدرێژیكەر، بەڵام من نەخشەم بۆ دانەناوە وەك ئەو بم، هەرچەندە سەرتاكەی خۆم تێدا دەبینییەوە.
ـ چیرۆكێكی پێكەنیناویت هەیە پەیوەست بە گەشتێكی كتێب یان ڕووداوێكی كتێبێكتەوە؟
جاكۆبس: هەمیشە پێكەنینم دێت كاتێك خوێنەران كتێبی كتێبخانە دەهێنن بۆ ئەوەی واژۆیان بۆ بكەم. ئەمەش زۆر ڕوودەدات. هەموو جاریش نیگەران دەبم لەوەی كە خەریكی ناشیرینكردنی موڵكی حكومەتم.
ـ ئەگەر نووسەر نەبوویتایە، چ كارە دەبووی؟
جاكۆبس: كاتێك ئینسكلۆپیدیام خوێندەوە، لیستێكم لە باشترین و خراپترین كارەكانی جیهان دروست كرد. باشترینیان دادوەری دادگای باڵا بوو لە سەدەی نۆزدەهەم، چونكە بە گشتی 7 هەفتە لە ساڵێكدا كاریان دەكر و 45 هەفتەكەی تر پشوویان دەدانێ. هەندێكیشیان لەبەر ناوونیشانەكانیان بوو كە سەرنجڕاكێش بوون، وەك (شەیتانی چاپكار ـ Printer’s Devil) یا ( ڕاهیبی گەمژە ـ Abbot of Unreason) ئەو كەسەی لە سكۆتلەندای سەدەكانی ناوەڕاست بەرپرسی ئاهەنگەكانی كریسمس بوو. بۆ باشترین كار ڕەنگە ببوومایە یەكێك لەوانە و بۆ خراپترین كاریش دەبوومە چاودێری تەرمی لینین.
ـ چ ئامۆژگاریەكت بە نووسەرێكی تازەكار هەیە؟
جاكۆبس: ناچاری دەیان بیرۆكە بەرهەم بێنە، ڕەنگە زۆرێك لەو بیرۆكانە خراپ بن، بەڵام هەندێك گەوهەری دەگمەنیشیان لەناودایە. هەوڵ بدە لە ڕۆژێكدا 20 خولەك بۆ بیرۆكەكانت تەرخان بكەیت.
ـ دەتەوێت لەسەر كێلی گۆڕەكەت چی هەڵكەنرێت؟
جاكۆبس: حەزم لێیە كێلی گۆڕەكەم شاشەیەكی LED بێت و وێنە و گرتەی ڤیدیۆی تێدا نیشان بدرێت – بۆ نموونە، نیشاندانی شەرمەزارییەكەم لە بەرنامەی (كێ دەیەوێت ببێتە بە ملیۆنێر ـ Who Wants to Be a Millionaire ). تەكنۆلۆژیای كێلی گۆڕەكان هەزار ساڵە نەگۆڕاوە، ئێستا ئیتر كاتی نوێكردنەوەیەتی.
ـ شتێكی سەیر و نهێنیمان لەبارەی خۆتەوە پێ بڵێ؟
جاكۆبس: كۆمەڵێكی زۆر كیس و پاكەتی ڕەشانەوەی نێو فڕۆكەم هەبوو، بەخشیم بە مۆزەخانەی كیسەكانی ڕەشانەوەی فڕۆكە.
ـ پڕۆژەی ئایندەت چییە؟
جاكۆبس: ژمارەیەكی زۆر پێشنیاز لە خوێنەران و تەنانەت خێزانەكەشم وەردەگرم (كوڕەكانم دەیانەوێت ساڵێك تەرخان بكەم بۆ خواردنی تەنها شیرینی، و پێشنیاریان كرد بە هاوبەشی كتێبەكە بنووسین)، بەڵام تا ئێستا هەر خەریكم بیری لێ دەكەمەوە.