مێژووی تایبەتی تەنیایی و ڕۆمانی پۆست مۆدێرن

ئارام كۆشكی – سلێمانی

 

یەکێک لە گرنگییەکانی نووسەرانی داهێنەری بواری ئەدەب ئەوەیە هەمیشە لە هەوڵی تەیکردنی ڕووبەری نوێ و دۆزینەوەی شێوازی نوێی گێڕانەوە و نووسیندان. دونیای ئەدەب بەبێ گۆڕینی شێواز و ئەزموونکردنی تەکنیکی تازە دەبێتە دونیایەکی دووبارەی مردوو، کە ئەمەش داهێنان دەکوژێت. نووسەرە داهێنەرەکان ناتوانن بوەستن و شێواز و تەکنیکی دووبارە بۆ هەموو چیرۆک و نووسینێک دووبارە و سەدبارە بکەنەوە، بۆیە هەمیشە بەدوای نوێگەریی و کردنەوەی پانتایی نوێدان لەنێو دونیا بەرینەکەی ئەدەبدا.

ئەگەر زیاتر وردبینەوە یەکێکیش لە دیارترین تایبەتمەندییەکانی ئەم دونیایە ئەوەیە، کە بە عەقڵیەتی چەقبەستوو و بڕیاری لەپێشینە، ڕەت دەکاتەوە. ئەدەب بنەمای جێگیر و قاڵبی ئامادە ناخوازێت بۆیە هەمیشە پێویستە خوێنەر کاتێک تێکستێکی نوێی ئەدەبی دەخوێنێتەوە خۆی بۆ دونیایەکی نوێ و جیهانێکی تایبەت ئامادە بکات. نەک خۆی بۆ ئەو جیهانە ئامادەکراوەی پێشووتر کە لای خۆی گەڵاڵەی کردووە ئامادە بکات و بیەوێت دووبارە ئەوە ببێتەوە. دووبارکردنەوەی شێواز و تەکنیک و تێمە، داهێنان دەکوژێت. بۆیە نووسەرە داهێنەرەکان خۆیان لە دووبارەکردنەوە دەپارێزن بۆ هەمیشەیی بەدوای بابەت و شێواز و تەکنیکی نوێوەن.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هاوڕێی نووسەر و ڕەخنەگر “سەدیق سەعید ڕواندزی” وتارێکی کورتی سەبارەت بە ڕۆمانی “مێژووی تایبەتی تەنیایی” بڵاوکردەوە، کە ڕۆمانێکی نووسەری تورک ئەحمەد ئاڵتانە و وتارەکەی کاک “سەدیق” بەناونیشانی “کام مێژووی تایبەتی تەنیایی؟” سەرەتا دەستخۆشی لە چاو و بیریی ڕەخنەیی و کارکردنەکانی لەو بوارە لێ دەکەم. ئەوەی دەتوانێت ئەدەب و ڕەخنە پێش بخات ڕەخنەی ڕاستەقینە و جورئەتی ڕەخنەگرە، کە من ئەم جۆرە ڕەخنانە گەلێک دڵخۆشم دەکات. بەپێچەوانەوە کە ڕەخنەیەک هەڵقوڵاوی پرسیار و مەعریفە و تیۆر نەبێت هەرگیز بە ڕەخنەی نازانم. بۆیە ڕەخنەکەی کاک سدیق بە هەند وەردەگرم و لێرەدا تەنها سەرنجێکی کورت لەبارەیەوە دەخەمەڕوو.
ئەحمەد ئاڵتان؛ یەکێکە لەو نووسەرە تورکانەی بۆ یەکەمجار ساڵی ڕابردوو وەرگێڕ و موزیسیان “سامان کەریم” دوو ڕۆمانی بۆ زمانی کوردی وەرگێڕا و ئەمساڵیش چەند بەرهەمێکی هەمان نووسەر بۆ زمانی کوردی وەرگێڕاوە و ئەوەندەی ئاگاداربم مانگی داهاتوو چاپ دەبن. ئەم نووسەرە یەکێکە لەو ڕۆماننووسانەی کە بە شێوازی پۆستمۆدێن دەنووسێت، کە ئەمەش هەم شێوازێکی نوێیە و هەم تێگەیشتن و درککردنی کەمێک سەختە و زۆر جیاوازە لە گێڕانەوە و شێوازی کلاسیکی ڕۆماننووسین. ئاڵتان لەو ڕۆماننووسانەیە کە گەمەیەکی سەیر و سەرنجڕاکێش لەگەڵ خوێنەر و دونیای گێڕانەوە دەکات، هەر ئەم گەمەیەشە وا دەکات هەم چەشنی نووسەرێکی داهێنەر دەربکەوێت و هەم چەشنی نووسەرێکی دژەباو کار بکات و ئەو ڕووبەرانە بدۆزێتەوە، کە ڕۆماننووسانی دیکە پەییان پێ نەبردووە.
ڕۆمانی “مێژووی تایبەتی تەنیایی” چیرۆکی ژیانی خەسرەوبەگ دەگێڕێتەوە چیرۆکی بەجێهێشتنی ژیانی ئاغایەتی و گوندەکەی، بەڵام ئەم چیرۆکە بەشێوازە سادە و ئاساییەکەی ناگێڕدرێتەوە وەکو ئەوەی هەموان دەتوانن بیگێڕنەوە، بەڵکو بە شێوازێکی تایبەتی نووسەر بە کەڵوەرگرتن لە شەپۆلی نوێی ڕۆمانی فەرەنسی و ڕۆمانی پۆست مۆدێرن و تێکەڵکردنی چەندین چیرۆک و بەسەرهاتی دیکە بۆ دەوڵەمەندکردنی ئەو دونیایەی ئاڵتان دەیەوێت بونیادی بنێت.
لە ڕۆمانی پۆستمۆدێرندا ئێمە بەر وێنەیەکی ئامادەی چیرۆک و حیکایەتەکان ناکەوین، بەڵکو بەر کۆمەڵێک (پارچەوێنە)ی چیرۆکەکان دەکەوین و خۆمان وێنەیەکی لێ دروست دەکەین، بۆیە رۆمانی پۆستمۆدێرن چەشنی پارچەکانی پەزڵێکە خوێنەر خۆی بە وریایی وێنەکەی لێ پێکدەهێنێت، هەر بۆیە لێرەوەیە بەشێک لە خوێنەران توانای
لەم جۆرە ئەدەبە نییە، کە ئەمەش حاڵەتێکی ئاساییە، بەڵام ناکرێت بڵێین ئەمە ئەدەب نییە.
لەم ڕۆمانەدا کاراکتەرسەنتەری کاڵ دەبێتەوە و خوێنەر بەدوای چیرۆکی جیاواز جیاوازەوەیە. گرنگی ئاڵتان لەوەدایە کە چەندین شێواز و فۆڕمی گێڕانەوە تێکەڵ دەکات بۆ ئەوەی سەرزەمینێکی نوێی گێڕانەوە بخولقێنێت، سەرزەمینێک کە ئاڵتانی بێت و تەنها بۆن و بەرامەی خۆی لێ بێت، کە هەر ئەمەیە کاری نووسەرە داهێنەرەکان، چونکە نووسەرانی داهێنەر قوتابخانە و ڕێبازە ئەدەبییەکان وەکو خۆی دووبارە ناکەنەوە، بەڵکو بەشێوازی خۆیان دایدەهێنن. بەبێ داهێنانەوە بە شێوازی تایبەتی ئاڵتان دەبووە نووسەرێکی دووبارە، کە بە چیرۆکە سواوەکانی بێزاری دەکردین، بەڵام ئێستا بەم شێوازە تایبەتانە، کە هەر ڕۆمانێک بەشێوازێک دەگێڕێتەوە و (تا ئێستا من بەر پێنج ڕۆمانی ئەم نووسەرە کەوتووم و خوێندوومنەتەوە)، کە هەر ڕۆمانێکی دونیایەکی تایبەتی هەیە، بەڵام بەهەموویان قوتابخانە و ڕێبازێک دروست دەکەن، کە قوتابخانە و ڕێبازی تایبەتی ئاڵتان خۆیەتی. لێرەدا دەمەوێت سەبارەت بە ڕەخنەکەی کاک “سەدیق” تەنها ئەوە بڵێم کە بە بۆچوون و ڕای پێشوەختەوە سەیری ئەدەب ناکرێت. ئەدەب هەمیشە پێویستی بە دونیایەکی نوێیە بۆئەوەی کەشف بکرێت. ئەگەر هەمیشە خۆمان بۆ دونیایەکی نوێ ئامادە نەکەین، ناتوانین بەر ئەدەبێکی نوێ بکەوین. ئەوەی بە دونیای نوێی ئەدەبمان دەناسێنێت خۆئامادەکردنی خۆمانە بۆ ئەو دونیایە.
سوپاس و دەسخۆشی بۆ کاک سەدیق، کە وتارەکەی بووە هۆی ئەوەی هەندێک سەرنج و تێبینی کورت سەبارەت بە دونیا بەرینەکەی ئەدەب بخەمەڕوو.