شێرکۆ حەبیب
لە ماوەی هەفتەی ڕابردوو لە قاهیرەی پایتەختی وڵاتی میسر کۆبوونەوەیەکی لوتکەی عەرەبی ئەنجام درا، بۆ گفتۆگۆکردن سەبارەت بە بارودۆخی غەززە دوای وەستانی شەڕ و پێشنیارەکانی سەرۆکی ئەمریکا بە ڕاگواستنی خەڵکی غەززە بۆ میسر و ئوردن، کە ئەمەش دژایەتی وڵاتانی عەرەبی لێکەوتەوە.
لەو کۆنگرەیە شاندێکی عێراقی بە سەرۆکایەتیی سەرۆک کۆمار و وەزیری دەرەوە بەشدار بوو، هەروەها بەرێز قوباد تالەبانی بەشداری تێدا کرد کەوەک ئەندامی شاند دەرکەوت، بەڵام نەزانرا وەک نوێنەری هەرێمی کوردستان بەشداری کرد یا وەک ئەندامێک لە شاندی عێراقی، وەک کوردستان ناکرێت، چونکە یەکەم کوردستان دەوڵەت نییە، دووەم ئەگەر دەوڵەتیش بێت عەرەبی نییە و بابەتەکە تایبەت بوو بە وڵاتانی عەرەب.
مافی گەلی فەلەستین لە لایەن گەلی کورد هەردەم جێگای ڕێز گرتن و پشتوانی بووە، و پەیوەندیەکی بەتین لە نێوان هەردوولا هەیە هەر لەسەر دەمی جەنابی مستەفا بارزانیی نەمر و خوالێخۆشبێت یاسر عەرەفات، هەروەها لەگەڵ سەرۆک بارزانی، گەلی کورد لەگەڵ مافە ڕەواکانی گەلی فەلەستینە و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ و پایتەختەکەی قودسی شەریف و میللەتی کورد دژی ڕاگواستنی گەلی فەلەستینن، ڕاستە هەندێ لە فەلەستینەکان دژی گەلی کورد بوون لە سەردەمی سەددام بەڵام ئەوانە زۆرینە نین، دەبێ ئەوەش بڵێین کەوا ئەبو مازن مەحمود عەباس یەکەم سەرۆکی عەرەب بوو سەردانی هەولێری پایتەختی کرد.
ئەوەی لێرە من مەبەستمە، وتاری عێراق کە لە لایەن بەرێز سەرۆک کۆمار كە کوردە پێشکەش کرا دژی ڕاگواستنی غەزاویەکان بوو کە لە خاکی خۆیان دەریان بکەن، لێرەدا پرسیار ئەوەیە کوردنشینەکان لە کەرکووک و خانەقین و شنگال و ناوچەکانی تر ڕاگواستن و دەرکردن و بە عارەبکردنیان بەردەوامە، ئەی بۆ ئیدانەی ئەو کارانە ناکات و ریسوایان ناکەن جیاوازی چییە هاووڵاتیەک لەهەر شوێنێک دەربەدەر بکرێت و لە زێدی باب و باپیری دەربکرێت و دەست بەسەر موڵک و ماڵ و زەوی دابگرن، کە بڕگەیەکی دەستووری عێراقی چارەسەکردنی روونکردۆتەوە، هەمان تاوانە ئەوەیە کە دەڵێن “بانێکە و دوو هەوا” هەوروەها عێراق دژی دوو دەوڵەتییە کە کاتێک فەلەستینیەکان خۆیان لەگەڵ ئەو پێشنیارەن هەروەها سەرجەم وڵاتانی عەرەبی تەنیا عێراق و تونس دژن، عێراق زۆر بابەتی تری ناوخۆی لەبەردەمدایە چارەسەری بکات کە تائیستا چارەسەر نەکراون.
تۆ بڵێی فەلەستینیەکان نەزانن ئەو ناوچە کوردستانیانە گرفتیان هەیە و خەڵکەکەی ڕاگواستن و گۆرینی دیمۆگرافیان بەرامبەر دەکرێ، ئەو کات لە خۆیان دەپرسن مافی خۆیان داوا ناکەن خێرە پشتگیری فەلەستین دەکەن؟