رۆژنامەی ھەولێر

دەمیرتاش لێبوردن دەیگرێتەوە؟

كارزان گلی – هه‌ولێر

سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە لە ٤ی١١ی٢٠١٦، بەتۆمەتی ئەوەی پڕۆپاگندەی بۆ پەكەكە كردووە و هەروەها خەڵكی لە دژی دەوڵەتی توركیا هانداوە و ویستویەتی توركیا دابەش بكات دەستگیر كرا. هەر ئەوكات دەیان سەركردەی سیاسی گوتیان، دەستگیركردنی دەمیرتاش سیاسییە نەك یاسایی. دوای ئەوەی چوارچێوەی پرۆژەیاسای چەكدانانی پەكەكە گەیشتە پەرلەمانی توركیا و قسەی لەسەر دەكرێت، باسكردن لە ئازادبوونی دەمیرتاش قسەی زۆر جیدی لەسەر دەكرێت و دوو بۆچوونی جیاوازیش بوونی هەیە.

ئەوكاتەی گروپی تیرۆرستی داعش، پەلاماری كۆبانێیدا و ئەو شارە لە لێواری كەوتن بوو، دەمیرتاش وتارێكی لە ئامەد پێشكەش كرد، داوای لە خەڵك كرد بڕژێنە سەر شەقام و دژی دەوڵەت دروشم بڵێنەوە، تا دەرگای رۆژئاوای كوردستان دەكاتەوە و گەنجانی باكوور بتوانن بچنە كۆبانێ و شەڕ لە دژی داعش بكەن و كۆبانێ نەكەوێتە دەستی ئەوان.
خەڵك بەگوێی دەمیرتاشی كرد، بەڵام ٥٠ هاووڵاتی و دوو پۆلیس لەو خۆپیشاندانەدا كوژران، ئەمەش بووە كارتێكی گرنگ بە دەستی دەوڵەت تا دەمیرتاش و فیگەن یوكسەكداغی پێ زیندانی بكەن.
بەگوێرەی ئەو پرۆژەیاسایە بێت كە ئێستا لە پەرلەمانی توركیا گفتوگۆی لەسەر دەكرێت، هەر كەسێك پروپاگندەی بۆ پەكەكە كردبێت یان ئەندامی پەكەكە بێت، بەو مەرجەی دەستی لە تاوان و كوشتنی بەئەنقەست نەبووبێت، پێویستە ئازاد ببێت.
بەهۆی ئەوەی دەمیرتاش لەسەر كوژرانی ٥٠ هاووڵاتی و دوو پۆلیس بێتاوان دەرچوو و دادوەر گوتی تاوانی تۆی تێدا نییە، بۆیە ئەو پرۆژەیاسایە دەمیرتاش و یوكسەكداغ دەگرێتەوە.
راستە دەمیرتاش بە ٤٢ ساڵ زیندانی سزا دراوە، بەڵام تاوانەكەی پشتگیریی بووە لە پەكەكە و هەروەها پروپاگندە بووە بۆ پەكەكە، بۆیە پێویستە ئازاد ببێت.
عەبدوڵقادر سەلڤی، رۆژنامەنووسی زۆر نزیكی رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا، لە وتارێكدا كە لە رۆژنامەی (حوریەت)ی توركی بڵاوی كردووەتەوە، دەڵێت قسەم لەگەڵ وەزیری دادی توركیا كردووە، پێی گوتووە ئەو پرۆژەیاسایە بەهیچ شێوەیەك دەمیرتاش ناگرێتەوە، واتە ئازادبوونی دەمیرتاشی تێدا نییە.
ئەم وتارەی سەلڤی، هەرایەكی گەورە لە توركیا ناوەتەوە و دەم پارتییەكان دەڵێن ئەوەی سەلڤی دەیڵێت درۆیە و بەهەموو پێوەرێك دەبێت دەمیرتاش ئازاد ببێت.
دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا، دووجار داوای كردووە توركیا دەمیرتاش ئازاد بكات، چونكە دۆسیەكەی هیچ شتێكی تێدا نییە تاوان بێت و بەهۆكاری سیاسی دەستگیر كراوە، تەنانەت توركیای ناچار كردووە قەرەبووی مەعنەوی بداتە دەمیرتاش.
بەڵام دادگای توركیا مادەی ٩٠ی دەستووری توركیای پێشێل كردووە، كە دەڵێت دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا هەر بڕیارێك بدات، ئەگەر بڕیارەكە دژی بڕیاری دادگاكانی توركیاش بێت، پێویستە بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا جێبەجێ بكرێت.
شرۆڤەكارانی یاسایی پێیانوایە، ئازادبوونی دەمیرتاش هیچ منەتێكی تێدا نییە و نابێت بەو پرۆژەیاساییەوە ببەسترێتەوە، چونكە دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا بڕیاری داوە ئازاد ببێت و توركیاش ئەندامی ئەو دادگایەیە.
چەند رۆژێك بەر لە ئێستا، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی مەهەپە گوتی: ”پێویستە دەمیرتاش ئازاد ببێت و ئەحمەد تورك بگەڕێتەوە بۆ سەرۆكی شارەوانیی مێردین و ئۆجەلانیش مافی ئومێد بیگرێتەوە.“