رۆژنامەی ھەولێر

سەدان هێكتار زەوی لە توركیا دەسووتێت

كارزان گلی – هه‌ولێر

ماوەی سێ رۆژە ئاگرێكی گەورە شاری باڵكئەسیری توركیای گرتووەتەوە و دەیان هێكتار زەوی سووتاندووە و كاریگەریشی لەسەر دەیانی تر دروست كردووە.

هەموو ساڵێك لە توركیا لە دەیان شوێن ئاگر دەكەوێتەوە و دەبێتە هۆی سووتانی دەیان هێكتار زەوی كشتوكاڵی، بەگوێرەی گوتەی ئیبراهیم یوماكلی، وەزیری كشتوكاڵی توركیا، لەمساڵدا ٢١٨ ئاگر لە توركیا كەوتووەتەوە و توانیویانە ٢١٣ی كۆنتڕۆڵ بكەن.

كاریگەری لەسەر ٤٥٠ هێكتار زەوی دروست كردووە
ئیسماعیل ئوستەئۆغڵو، پارێزگاری باڵكئەسیری ئاشكرای دەكات، بەگوێرەی ئەو گریمانەیەی كردویانە، ئەو ئاگرەی كەوتووەتەوە كاریگەری لەسەر ٤٥٠ هێكتار زەوی دروست كردووە و ئێستا ئاگرەكە تا ئاستێكی زۆر كۆنتڕۆڵ كراوە، بەڵام كاتێك رەشەبایەكی بەهێز دێت، ئاگرەكە تەشەنە دەكاتەوە.
ئاگرەكە لە گەڕەكی ئەستێرە دروست بوو و پاشان تەشەنەی كرد بۆ شوێنەكانی تری باڵكئەسیری، تیمەكان بەپەلە گەیشتنە شوێنی رووداوەكە، بەڵام نەیانتوانی كۆنتڕۆڵی بكەن، چونكە ئاگرەكە زۆر بەهێز بووە و بەهۆی بوونی رەشەباش زیاتر تەشەنەی كردووە.
لە ناوچەی گۆمەچ، ئاگرەكە كۆنترۆڵ كراوە و لە ناوچەكانی تریش بەئاستێكی زۆر ئاگرەكە كۆنتڕۆڵ كراوە، بەگوێرەی گوتەی ئوستەئۆغڵو بێت، لە ئەنجامی ئیهمالی ئەو ئاگرە كەوتووەتەوە و ئەوانەی دەستیان لەو ئیهمالییەدا هەبێت، دەبێت بەرامبەر بە دادگا خۆیان ببیننەوە.
لە ناوچەی سوسورلوكی سەر بە باڵكئەسیری، ئاگرەكە زۆر گەورە بووە، هەوڵی زۆر دراوە تا كۆنتڕۆڵ بكرێت و بەشێكی زۆری كۆنترۆڵ كراوە، بەڵام بە گوێرەی گوتەی پارێزگاری باڵكئەسیری، بەهۆی ئەوەی ئەو ناوچەیە رەشەبای زۆرە، بۆیە نەیانتوانیوە ١٠٠٪ كۆنتڕۆڵی بكەن.
بەگوێرەی ئەو بەدواداچوونەی ئاژانسی (DW)ی توركی كردوویەتی، هۆكاری سەرەكی ئاگركەوتنەوە لە توركیا، گۆڕانی كەشوهەوایە و هیچ پەیوەندیی بەكاری تیرۆرستییەوە نییە، ئەگەر بەئەنقەستیش ئاگر لە هەر شوێنێكی توركیا بكەوێتەوە، رێژەكەی زۆر كەمە.
بەڕێوەبەری گشتی دارستانەكانی توركیا، بڵاوی كردووەتەوە ساڵی پار، ٣ هەزار و ٢٢٤ ئاگر لە توركیا كەوتووەتەوە، لەو رێژەیە تەنیا ٧٤یان زۆر گەورە بووە و زیانی گەورەی هەبووە و هیچ یەكێك لەو ئاگركەوتنەوەیەش پەیوەندیی بەكاری تیرۆرستییەوە نەبووە.
لەو رێژەیە ٣٠٧یان هاووڵاتیان كاتێك بۆ سەیران چوونەتە دەرەوە ئاگریان كردووەتەوە و پاشان ئاگرەكە تەشەنەی كردووە، هەروەها ٢٤٧ ئاگریش بەهۆی فڕێدانی جگەرەوە بووە و ١٧١یش بەهۆی راوچییەكانەوە بووە، كاتێك تەقەیان كردووە ئاگر كەوتووەتەوە و بەشێكی زۆری كەوتنەوەی ئاگریش لە توركیا، نەتوانراوە بزانرێت هۆكارەكەی چی بووە.
یەكێك لەو رەخنانەی هاووڵاتیانی توركیا لە حكوومەتی دەگرن ئەوەیە، كاتێك ئاگر دەكەوێتەوە، فڕۆكەی ئاگر كوژێنەوەیان نییە، ئەگەر بێت و رێژەیەكی زۆری فرۆكەی ئاگر كوژێنەوە هەبێت، دەتوانن بەئاسانی كۆنترۆڵی ئاگرەكە بكەن.
ئاژانسی (DW)ی توركی بڵاوی كردووەتەوە، راستە فڕۆكەی ئاگر كوژێنەوە زۆر گرنگە و لە ئاسمانەوە رێگە دەگرێت لەوەی ئاگرەكە تەشەنە بكات، بەڵام ئەوەی گرنگە دەبێت لە وشكانییەوە تیمەكان زیاد بكەن تا بتوانن كۆنتڕۆڵی ئاگر بكەن.
وەزیری كشتوكاڵی توركیا بڵاوی كردووەتەوە، ئاگرەكەی باڵكئەسیری بەشێوەیەكی زۆر كۆنتڕۆل كراوە، بەڵام تاوەكوو ئێستا ئاگر هەیە و تیمەكان خەریكی ئەوەن بە تەواوی ئاگرەكە كۆنتڕۆڵ بكەن و ئەوەیشی بووەتە كێشە بۆ كوژانەوەی ١٠٠٪ی ئاگرەكە، بوونی رەشەبایە، كاتێك هەڵدەكات ئاگرەكە تەشەنە دەكات.