ڕائیب جادر – هەولێر
ئەوانەی تا ئێستا خۆیان لە پڕۆژەی ھەژماری من تۆمار نەکردووە ٣١ی ئەم مانگە بۆ ئەوان دوا مۆڵەتە و دوای ئەو وادەیە مووچەکەیان دەبڕدرێت و ناتوانن مووچە وەربگرن، ئەمە لە کاتێکدایە ٩٦% مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان لە ھەژماری من خۆیان تۆمار کردووە.
حکوومەتی عێراق ٣١ی ئەم مانگەی وەکو دوا مۆڵەت داناوە بۆ ئەو مووچەخۆرانەی تاوەکو ئێستا خۆیان لە پڕۆژەی ھەژماری من تۆمار نەکردووە، لە دوای ئەو بەروارە ھەر مووچەخۆرێک خۆی تۆمار نەکردبێت ئەوا ناتوانێت مووچە وەربگرێت و مووچەکەی دەبڕدرێت، جا بۆیە ئەوانەی تا ئێستا خۆیان تۆمار نەکردووە بچن لە پڕۆژەی ھەژماری من خۆیان تۆمار بکەن بۆ ئەوەی مانگانە مووچەی خۆیان بەبێ کێشە وەربگرن.
بە گوێرەی دوا ئاماری پرۆژەکە تا ئێستا ٩٦% مووچەخۆرانی کەرتی گشتی لە ڕێگەی ھەژماری من تۆمارکراون و زیاتر لە ٩٥٠ ھەزار مووچەخۆر کارتە بانکییەکانیان وەرگرتووەتەوە و بە دیجیتاڵی و لە ڕێگەی بانکەکانەوە مووچەکانیان وەردەگرن.
ھەروەھا ئاماژە بەوەش داوە، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەرجەم ڕێکارە پێویستەکانی گرتووەتەبەر بۆ تۆمارکردن و بە بانکیکردنی مووچەی سەرجەم مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان، ھەربۆیە داوا لە مووچەخۆران دەکرێت ئاگاداری مۆبایلەکانیان بن، چونکە پڕۆژەی ھەژماری من لە ڕێگەی واتسئاپ، ڤایبەر و کورتەنامە ئاگاداریان دەکاتەوە لەوەی کارتەکانیان ئامادەیە لە بانکێکی دیاریکراو، بۆ ئەوەی بچن وەریبگرنەوە.
ڕێژەی سەدی مووچەخۆری تۆمارکراو، لە ھەولێر ٩٩%، سلێمانی ٩٤%، دھۆک ٩٩%، کە کۆی گشتی دەکاتە ٩٦% ھەروەھا پڕۆژەی ھەژماری من لەبارەی چۆنیەتی خۆتۆمارکردن و وەرگرتنی زانیاری ئاماژەی بەوەداوە، ھاووڵاتییان دەتوانن لە ڕێگەی ژمارە ١٩٩١ـی مۆبایلەوە پەیوەندی بە سەنتەری خزمەتگوزاریی پڕۆژەی ھەژماری من بکەن.
پڕۆژەی ھەژماری من، لە ساڵی ٢٠٢٣ لە لایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕاگەیاندرا، وەک بەشێک لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەت بۆ بە مۆدێرنکردنی خزمەتگوزارییە بانکییەکان و بەھێزکردنی گشتگیری دارایی لە سەرانسەری ھەرێمی کوردستان.
پڕۆژەکە ئاسانکاری دەکات بۆ دەست ڕاگەیشتن بە خزمەتگوزاریە بانکییە مۆدێرنەکان وەک قەرز، پاشکەوت کردن و پارەدانی دیجیتاڵی بۆ نزیکەی یەک ملیۆن فەرمانبەر فەراھەم دەکات، ھەروەھا پشت بەستن بە مامەڵەی کاش کەمدەکاتەوە و کارایی حکوومەت و شەفافیەتیش زیاتر دەکات، ئاسانکاریەکی زۆر بۆ مامەڵە بانکییەکان دەکات، لەڕێگەی پڕۆژەی ھەژماری منەوە مووچەخۆران ھەر مووچە نا، بەڵکو لە ١٩ خزمەتگوزاریی بانکی و چەندین جۆری قەرز و پێشینە سوودمەند دەبن، لە ھەمان کاتدا پڕۆژەکە ڕێگری لە سپیکردنەوەی پار دەکات و گەندەڵی کەم دەکاتەوە.
ئامانج لە پڕۆژەکە ھەوڵی مۆدێرنکردنی کەرتی بانکی و بەرەوپێشبردنی گەشەی ئابوورییە لە ھەرێمی کوردستان و خێراترکردنی پڕۆسەی بە دیجیتاڵکردنی حکوومەتە، کە بەشێکی سەرەکییە لە دیدگای مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ بەرەوپێشبردنی چاکسازی و گۆڕانکاری ڕیشەیی و پاڵپشتی پارەدانی دیجیتاڵی لە ھەرێمی کوردستان.
بۆ ئاسانکاریی مووچەخۆران، بانکە بەشداربووەکان تائێستا ٦٤٠ ئامێری ڕاکێشانی پارەیان (ATM) لە ناوچە جیاوازەکانی ھەرێمی کوردستان جێگیر کردووە کە بە شێوەیەکی ٢٤ کاتژمێری خزمەتگوزاری پێشکەش دەکەن، ڕاکێشانی پارە لە ئامێرەکان بە خۆراییە، ھەر ئامێرێک ١٠٠ بۆ ٣٠٠ ملیۆن دینار پارە تێدا شوێن دەبێتەوە، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پلانی ھەیە تا کۆتاییھاتنی قۆناغەکانی پڕۆژەکە، ژمارەی ئامێرەکان بگەیەنێتە ھەزار دانە، ئەمەش ھاوتایە لەگەڵ ڕێسا و ستانداردە نێودەوڵەتییەکانی بانکی ناوەندیی عێراق، ئەم ھەنگاوە لە کاتێکدایە کە ئیدارەی ترەمپ لە واشنتن و دامەزراوە داراییە جیھانییەکان جەخت لەسەر شەفافیەت و چاکسازیی دارایی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا دەکەنەوە، پڕۆژەی ھەژماری من وەک یەکێک لە خاڵە وەرچەرخانەکانی کابینەی نۆیەم دەبینرێت بۆ ڕێکخستنەوەی میلاکات و زامنکردنی گەیشتنی شایستە داراییەکان بە دەستی مووچەخۆران بەبێ ئاستەنگ و جەنجاڵی.

