حەسەن حەمەد ئاندێکی
یەکەم جەنگی جیهانی لە ڕۆژی سێشەممە،ڕێکەوتی ٢٨ی تەمووزی ١٩١٤ دەستی پێکرد (کاتێک ئیمپراتۆریەتی نەمسا- مەجارستان شەڕی دژی سربیا ڕاگەیاند). لە ڕۆژی دووشەممە،ڕێکەوتی ١١ی تشرینی دووەمی ١٩١٨ بە فەرمی کۆتایی هات (کاتێک ڕێککەوتنی ئاگربەست واژۆ کرا و شەڕ وەستا).
سەرەتای سەدەی بیستەم بە ئارامییەکی ڕواڵەتی دەستی پێکرد، بەڵام لە ژێرەوەی ئەو بێدەنگییەدا، کیشوەری ئەوروپا وەک گڕکانێکی ئامادە بۆ تەقینەوە خۆی مەڵاس دابوو. ئەو جەنگەی کە دواتر بە جەنگی مەزن ناوزەد کرا، نەک تەنها نەخشەی جیۆپۆلەتیکی جیهانی گۆڕی، بەڵکو تێڕوانینی مرۆڤیشی بۆ ژیان و شارستانییەت خستە ژێر پرسیارەوە.
هۆکارەکان….کەڵەکەبوونی ڕق و کێبڕکێی زلهێزەکان
هەڵگیرسانی ئەم زریانە وێرانکارە تەنها بەرهەمی یەک ڕووداوی کورتخایەن نەبوو، بەڵکو دەرهاویشتەی چەندین ململانێی قووڵ بوو:
ئیمپریالیزم و چاوچنۆکی: زلهێزە پیشەسازییەکان لە پێشبڕکێیەکی سەختدا بوون بۆ داگیرکردنی خاکی نوێ و قۆرخکردنی سەرچاوە سروشتییەکان لە کیشوەرەکانی تردا.
میلیتاریزم (سەربازگەری): حکومەتەکان سامانێکی زۆریان بۆ دروستکردنی چەک و فراوانکردنی سوپاکانیان تەرخان کرد، کە ئەمەش ترسی خستە دڵی وڵاتانی دراوسێوە.
ناسیۆنالیزمی دەمارگیرانە: گەشەسەندنی هەستی نەتەوەپەرستی، بەتایبەت لە نیمچەدورگەی باڵکان، وایکرد گەلان خۆیان بە باڵاتر بزانن و ئامادەی پێکدادان بن.
هاوپەیمانێتییە شاراوەکان: دەوڵەتەکان بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان دابەش بوون بەسەر دوو بەرەی سەرەکیدا، ئەمەش وایکرد کێشەی نێوان دوو وڵات، تەواوی ئەوروپا پەلکێشی ناو ئاگرەکە بکات.
چەخماخەی جەنگەکە؛ هۆکاری ڕاستەوخۆ
کوشتنی شازادەی جێنشینی نەمسا (فرانز فێردیناند) لە هاوینی ساڵی ١٩١٤ لە شاری سارایێڤۆ، ئەو بیانووە بوو کە تەواوی ئەم هۆکارانەی سەرەوەی تەقاندەوە.
زیانە قورسەکان….. قەسابخانەی مرۆڤایەتی و کاولکاری
بۆ یەکەمین جار چەکی کوشندەی وەک گازی ژەهراوی، تانک و فڕۆکە بەکارهێنران. زیاتر لە ٢٠ ملیۆن مرۆڤ (سەرباز و هاوڵاتی مەدەنی) بوونە قوربانی و، دەیان ملیۆنی تریش بریندار و کەمئەندام بوون.
داڕمانی دەروونی: ئەو سەربازانەی لە خەندەقەکاندا مانەوە، دووچاری نەخۆشییە دەروونییە قووڵەکان بوون کە تا کۆتایی تەمەنیان لەگەڵیاندا مایەوە.
کاولبوونی ژێرخان: شارە دێرینەکان بوونە کەلاوە، کێڵگە کشتوکاڵییەکان سووتێنران، وە ئابووریی زۆربەی نەتەوە بەشداربووەکان بەتەواوی داڕما، کە بووە هۆی بڵاوبوونەوەی قاتوقڕی و پەتا بکوژەکان.
کۆتایی هاتنی جەنگەکە…. بێدەنگبوونی تۆپەکان
دوای چوار ساڵ لە کوشتار و خوێنڕشتن، هێزە شەڕکەرەکان گەیشتنە لێواری شەکەتبوونێکی تەواوەتی:
گۆڕانکاری لە باڵانسی هێز: هاتنە ناوەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ ناو جەنگەکە لە ساڵی ١٩١٧ بە قازانجی هاوپەیمانان،بالانسی تەرازووەکەی گۆڕی، هاوکات ڕووسیا بەهۆی شۆڕشی ناوخۆییەوە لە جەنگەکە کشایەوە.
ڕاگەیاندنی ئاگربەست: بەهۆی نەمانی توانای دارایی و سەربازی، لەگەڵ سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی ناوخۆیی، وڵاتانی بەرەی ناوەڕاست (بەتایبەت ئەڵمانیا) ناچار بوون خۆیان بدەن بەدەستەوە. لە ڕۆژی ١١ی نۆڤەمبەری ساڵی ١٩١٨، ئاگربەست ڕاگەیەندرا و تۆپەکان بۆ هەمیشە بێدەنگ بوون.
دەرەنجامەکان… گۆڕینی نەخشەی جیهان و قەیرانی نوێ
لە پاش کۆتایی هاتنی جەنگەکە، گۆی زەوی گۆڕانکارییەکی جیۆپۆلەتیکی سەرسوڕهێنەری بەخۆیەوە بینی:
ڕووخانی ئیمپراتۆریەتەکان: چوار ئیمپراتۆریەتی مەزن (عوسمانی، ڕووسی، نەمسا-مەجەڕی و، ئەڵمانی) هەڵوەشانەوە و پارچە پارچە بوون.
کێشانی سنوری نوێ: چەندین دەوڵەتی نوێ لەسەر نەخشە دروستبوون. لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش، بەپێی ڕێککەوتنە نهێنییەکانی وەک سایکس-پیکۆ ، خاک و نەتەوەکان دابەشکران کە تا ئەمڕۆش سەرچاوەی ململانێن.
پەیماننامەی ڤێرسای: ئەم پەیماننامەیە سزایەکی ئابووری و سەربازی زۆر قورسی بەسەر ئەڵمانیادا سەپاند. ئەم نادادپەروەرییە کاتییە، بووە هۆی چاندنی تۆوی ڕق و کینە، کە دواتر زەمینەی بۆ هەڵگیرسانی جەنگی جیهانیی دووەم خۆشکرد.
دوماهی
یەکەم جەنگی جیهانی تەنها ڕووداوێکی ڕابردوو نییە، بەڵکو ئاوێنەیەکە کە تێیدا دەرئەنجامی غروری سیاسی، فراوانخوازی و نەبوونی لێبوردەیی دەردەکەوێت. ئەو کارەساتە سەلماندی کە داهێنانەکانی مرۆڤ چەندە دەتوانن پێشکەوتوو بن، ئەگەر بە ئەقڵانیەت ئاراستە نەکرێن، هێندەش دەتوانن کوشندە بن بۆ سڕینەوەی خودی مرۆڤایەتی.
سەرچاوەی ئینگلیزی:
www.history.com/topics/world-war-i/world-war-i-history

