سلێمان تاشان – ههولێر
وەرزی هاوینە و پلەکانی گەرما لە عێراق بۆ بەرزترین ئاست بەرزبوونەتەوە، بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە عێراق تەنیا ڕووداوێک نییە پەیوەست بە ژینگە بەڵکوو تاقیکردنەوەیەکی دیکەیە بۆ حکوومەتی عێراق لە دابینکردنی ئەو خزمەتگوزارییە سەرەکییەی هاووڵاتییان.
ئێستا عێراق پێویستی بە زیاتر لە پەنجا هەزار مێگاوات کارەبا هەیە، لەکاتێکدا بەهۆی کەمبوونەوەی هەناردەی گازی ئێران و کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان لە ناوخۆ، بڕی بەرهەمهێنانی کارەبا لە وێستگەکان کەمتر لە نیوەی پێویستیی هاووڵاتییانە. مۆلیدەکان بەشی زۆری پێداویستییەکان دابین دەکەن.
کەمیی بەرهەمهێنانی کارەبا لە عێراق لە کاتێکدایە ساڵانە بودجەیەکی زەبەلاح بۆ ئەو کەرتە چووە بەڵام ڕێژەی بەرزی گەندەڵی ڕێگر بووە لەوەی سالانە پێداویستیی هاووڵاتییان بە کارەبا پڕ بکرێتەوە.
کەمبوونەوەی کارەبا لە چەندین پاریزگای عێراق ناڕەزایەتی خەڵکی بەدواوە بووە و خەڵک ماندوو بوون لەو بەڵێنانەی حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق بۆ چارەسەریی ئەو قەیرانە پێیان داون. دۆخی کارەبا لەم هاوینەدا لە چاو هاوینەکانی ڕابردوو ئەگەر خراپتر نەبێت باشتر نییە و هیچ نیشانە و ئاسۆیەکی ڕوونیش بۆ چارەسەریی قەیرانەکە بەم نزیکانە بەدی ناکرێت.
لە ژمارەیەک پاریزگای عێراق بەهۆی دابەزینی بەرهەمهێنانی کارەبا ڕۆژانە چەندین جار کارەبا دەپچڕێت و هەر جارێک کە کارەبا دەڕوات بۆ چەندین سەعات ناگەڕێتەوە.
ناڕەزایەتییەکانی خەڵک بەرامبەر حکوومەت بۆ دابین نەکردنی کارەبا هەر یەک لە پارێزگاکانی بابل، موسەننا، نەجەف، کەرکووک، دیالەی گرتووەتەوە و خۆپێشاندەران بە داخستنی شەقامە سەرەکییەکان ناڕەزایەتی خۆیان دەربڕیوە و داوای دابینکردنی ئەو خزمەتگوزارییەیان کردووە. لە هەندێک شوێن لەوانەش نەجەف خۆپێشاندان توندوتیژی لێکەوتووەتەوە. شەوی یەکشەممە ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتووانی حلەی ناوەندی پارێزگای بابل بەرامبەر فەرمانگەی کارەبای شارەکە کۆ بوونەوە و هێزەکانی پۆلیس ڕێگەیان نەدا خەڵک لە دامەزراوەکانی حکوومەت نزیک بکەونەوە و بە تەقەی ئاسمانی کۆتاییان بە خۆپێشاندانەکە هێنا.
کێشەی عێراق تەنیا دابین نەکردنی کارەبا و کەمیی سەرچاوەی وزەکە نییە بەڵکوو لەگەڵ ئەوەی عێراق ناتوانێت بەشی پێداویستییەکانی خەڵک کارەبا بەرهەم بهێنێت لە هەمان کاتدا تۆڕەکانی گواستنەوەی کارەبا زۆر کۆنن وبەشێکی بەرچاو لەو کارەبایەش کە بەرهەم دەهێنرێت لە ڕێگا بە فیڕۆ دەچێت.
کێشەیەکی دیکەی پەیوەست بە کەرتی کارەبای عێراق ئەوەیە گازی پێویست بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بەردەست نییە و ژمارەیەکی زۆر لە وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا ناچار بوون ژمارەیەک لە یەکەکانیان بکوژێننەوە. پێشتر بەشێک لە پێداویستیی وێستگەکان بە گازی سروشتی لە ئێرانەوە هاوردە دەکرا بەڵام ئێستا زۆر کەمی کردووە چونکە ئێران بۆ خۆیشی تووشی قەیرانی کارەبا بووە و بۆ مەبەستی بەرهەمهێنانی کارەبا بەکاری دەهێنێت.
حکوومەتی عێراق بۆ دابینکردنی کارەبا هانای بۆ چەندین شوێن بردووە یەکێک لەوانە هەرێمی کوردستان بووە بەڵام لە هەرێمی کوردستانیش بەهۆی وەستانی بەرهەمهێنانی گاز لە کۆرمۆر بە شێوەی کاتی کاتژمێرەکانی کارەبای نیشتمانی کەم بوونەتەوە.
سەرچاوەیەکی دیکە کە عێراق ویستوویەتی پشتی پێ ببسەستێت کارەبای کەنداوە و هێشتا تۆڕەکانی کارەبای عێراق بە تۆڕی کەنداو گرێ نەدراون. جگە لەمە عێراق نەیتوانیوە لە کاتی خۆیدا ئەو گازە هاوەلە کۆنترۆڵ بکات کە لە کێڵگەکانی بەرهەمهێنانی نەوت دەسووتێنرێت و پڕۆژە نوێیەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا نەیانتوانیوە لە چوارچێوەی ئەو پلانەی بۆیان دانرابوو لە کاتی خۆیدا دەست بە بەرهەمهێنان بکەن.
لە سەردانەکەیدا بۆ ئەمریکا عەلی زەیدی داوای لە ئەمریکا کردبوو ڕێگەی پێ بدات لە تورکمانستان گازی سروشتی هاوردە بکات و لە گواستنەوەی گازەکە لە ڕێی ئێرانەوە ئاسانکاری بۆ بکات بەڵام پێناچێت ئەو داواکارییەی عێراق قبوڵ کرابێت.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە پێچەوانەی عێراق لەم کەرتەدا سەرکەوتوو بووە و تەنانەت ویستوویەتی هاوکاریی عێراق بکات و ئەو ئەزموونەی بۆ بگوازێتەوە، لە هەرێمی کوردستان تا کۆتایی ئەمساڵ تەواوی هاوبەشەکان کارەباکەیان دەبێتە سیستمی ڕووناکی و بیست و چوار کاتژمێر کارەبایان بۆ دابین دەکرێت، ئەو پچڕانەی کارەبا کە چەند ڕۆژێکە لە کوردستان هەیە و هانا بۆ مۆلیدەکان براوە، حاڵەتێکی نەخوازراوە کە پەیوەندی بە وەستانی کارەکانی کۆرمۆر بە شێوەی کاتی هەیە و لەگەڵ دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانی گازی سروشتی بەرهەمهێنانی کارەباش ئاسایی دەبێتەوە.

