رۆژنامەی ھەولێر

پارتە تازەكەی ئۆزەل هاوكێشەی سیاسی دەگۆڕێت؟

كارزان گلی – هه‌ولێر

ئۆزگوور ئۆزەل، سەرۆكە لەكارلادراوەکەی جەهەپە، دواهەمین وتاری خۆی وەكوو سەرۆكی فراکسیۆنی جەهەپە لەناو پەرلەمانی توركیا پێشكەش كرد، لە وتارەكەدا ئاماژەی دا، پارتێكی تازە دروست دەكات، ئەو پارتە تازەیەش دەبێتە میراتی مستەفا كەمال ئەتاتورك، نەك جەهەپەی ئێستا. ئەم گوتەیەی ئۆزەل، بوومەلەرزەیەكی گەورەی سیاسی دروست كردووە، چونكە بڕوای بە خۆی هەیە لە هەڵبژاردندا بتوانێت لەسەر كورسی سەرۆكایەتی توركیا دابنیشێت.

بۆچی پارت دروست دەكات؟
دوای ئەوەی لە ٢٠٢٣دا، لە كۆنگرەی ٣٨ی جەهەپە، ئۆزەل توانی بەدەنگی ئەندامانی كۆنگرە ببێتە سەرۆكی جەهەپە و كەمال كلیچدارئۆغڵو شكستی هێنا، چەند كەسایەتییەكی نزیكی كلیچدارئۆغڵو، داوای یاسایییان تۆمار كرد و گوتیان ساختەكاری كراوە، دوای سێ ساڵ، دادگا بڕیاری هەڵوەشانەوەی كۆنگرەی دا و ئۆزەل وەكوو سەرۆكی پارت لا درا و كلیچدارئۆغڵو بووەوە بە سەرۆك.
ئۆزەل، داوای لە كلیچدارئۆغڵو كرد، بەپەلە كۆنگرە ببەستن، لەوێدا روون دەبێتەوە كێ دەتوانێت بیباتەوە، بەڵام كلیچدارئۆغڵو رەتی كردەوە و گوتی، پێویستە چەند كەسێك لەناو جەهەپە دەربكەم، ئەوكات دەچنە ناو كۆنگرە، ئەمەش ئۆزەلی بێئومێد كرد، بۆیە پارتێكی تازە دادەمەزرێنێت.

ناوی پارتەكە چییە و كەی دادەمەزرێت؟
ناوی پارتەكە دەبێتە ”پارتی نوێ“، گفتوگۆ و قسەكردنیش لەبارەی لۆگۆی پارتەكە بەردەوامی هەیە. بەگوێرەی زانیارییەكانی ئاژانسی (BBC)، رەنگە لە ٢٧ی ئەم مانگەدا پارتەكەی رابگەیەنێت، چونكە دەستیان کردووە بە رێكارەكانی دروستكردنی پارتەکەیان و لە ماوەیەكی زۆر نزیك كۆتایی بە ڕێكارەكان دێت.

چەند پەرلەمانتاری جەهەپەی لەگەڵدایە؟
بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی بڵاو كراونەتەوە، ٩٠ پەرلەمانتاری سەر بە جەهەپە واز لە پارتەكەیان دێنن و دەچنە پاڵ ئۆزگوور ئۆزەل، بەڵام باس لەوەش دەكرێت، لە كۆی ١٤٠ كورسی پەرلەمانتارانی سەر بە جەهەپە، ١٢٠یان سەر بە ئۆزەلن.
ئەگەربێتو ٩٠ پەرلەمانتار بچنە پاڵ پارتە تازەكەی ئۆزەل، ئەوكات لەناو پەرلەمانی توركیا هاوكێشەكە دەگۆڕێت و جەهەپە وەكوو پارتی سەرەكی ئۆپۆزسیۆن نامێنێت و پارتەكەی ئۆزەل دەبێتە پارتی سەرەكی و گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆن.
جیا لە پەرلەمانتاران، چەند سەرۆك شارەوانییەكیش دەچنە پاڵ پارتەكەی ئۆزەل، بەڵام ئۆزەل داوا ناكات سەرۆك شارەوانییەكان بەكۆمەڵ بێنە ناو پارتەكەی لەبەر دوو هۆكار:
یەكەم: فشارێكی زۆر لەسەر سەرۆك شارەوانییەكانی جەهەپە هەیە و بەتۆمەتی گەندەڵی قەیوم دەكرێن، بۆیە ئۆزەل ترسی هەیە، ئەگەر ئەوان بێنە ناو پارتەكەی، لە رێگەی دادگاوە شارەوانییەكانیان قەیوم بكەن و پارتە تازەكە لەكەدار بكەن.
دووەم: بۆ ئەوەی لەناو جەهەپەدا كێشەكە نەگاتە ئەو ئاستەی پێكدادان دروست ببێت، بۆیە ئۆزەل نایەوێت سەرۆك شارەوانییەكان پەلە بكەن لە هاتنە ناو پارتە تازەكەی.

ئایا دەتوانێت بەشداری هەڵبژاردن بكات؟
بە گوێرەی یاسای پارتە سیاسییەكانی توركیا، هەر پارتێك وەكوو پارت بەشداری هەڵبژاردن بكات، پێویستە لەناو پەرلەمان فراکسیۆنی هەبێت، بەڵام لە ٢٠٢٢ ئەو یاسایە گۆڕانی بەسەردا هات و چەند مەرجێكی تریان بۆی زیاد كرد.
یەكێكی تر لەو مەرجانە، دەبێت لە ٤١ شاری توركیا لقی پارتەكەی بكاتەوە، هەروەها شەش مانگ بەر لەوەی هەڵبژاردن دەستپێ بكات، پێویستە كۆنگرە ببەستێت.
پارتی نوێ، هەموو ئەو رێكارانەی كردووە، تەنانەت پلان دانراوە لە زیاتر لە ٤١ شاری توركیا لقی پارتەكەی بكاتەوە، بۆیە ئەگەر حكوومەت و دادگا نەبنە رێگر لە بەردەمیدا، دەتوانێت وەكوو پارت بەشداری هەڵبژاردن بكات.

ئایا دەتوانێت هاوكاری دارایی لە حكوومەت وەربگرێت؟
بە گوێرەی دەستووری توركیا، هەر پارتێكی سیاسی پێویستە لە هەڵبژاردندا بەشداری كردبێت، دەنگەكانیشی لە ٣٪ كەمتر نەبێت، ئەوكات بودجەی تایبەتی ساڵانە بۆ ئەو پارتە دەبڕێتەوە بەگوێرەی ئەو كورسیانەی هێناویەتی.
”پارتی نوێ“ چونكە تاوەكوو ئێستا بەشداری هەڵبژاردنی نەكردووە، بۆیە هیچ پارەیەك لە حكوومەت وەرناگرێت. داهاتی ئەو پارتە لە رێگەی ئابوونەی ئەندامان و ئەو پەرلەمانتارانەی دەچنە پاڵی و هەروەها لە رێگەی بەخشینی خەڵكەوە دەتوانێت كارەكانی رایی بكات.