كارزان گلی – ههولێر
وەزارەتی پەروەردەی یۆنان، بڕیاریدا لە هەر قوتابخانەیەكی تایبەت بە كەمینەكان، ژمارەی قوتابی لەهەر قۆناغێك نۆ قوتابی كەمتر بوو، ئەو قۆتابخانەیە دابخات، وەكوو هەنگاوی یەكەمیش هەشت قوتابخانەی سەرەتایی تایبەت بە كەمینەكان داخست. ئەم بڕیارە توركیای نیگەران كردووە و دەڵێن یۆنان پێشێلی پەیماننامەی لۆزانی كردووە.
لە رۆژئاوای تەراكیادا، حكوومەتی یۆنان، لەسەر داوای وەزارەتی پەروەردە هەشت قوتابخانەی تایبەت بە كەمینەكانی داخست، ئەو كەمینانە مەبەست لێی توركەكانە، چوونكە توركەكان وەكوو كەمینە حیسابیان بۆ ئەوەی دەكرێت و قوتابخانەی تایبەتیان بۆ كراوەتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی توركیا، لە راگەیێندراوێكیدا ئیدانەی ئەو بڕیارەی حكوومەتی یۆنانی كرد، هەروەها وەزارەتی پەروەردەی توركیاش بەهەمان شێوە دژی ئەو بڕیارە هاتە دەنگ و دەڵێت ئەمە سووكایەتییە بە كەمینە توركەكانی ئەو وڵاتە.
ئۆزان ئەحمەدئۆغڵو، رۆژنامەنووس و لە هەمان كاتدا چالاكوانی كەمینەكان پێیوایە، لە رۆژئاوای تەراكیادا، داخستنی قۆتابخانەكانی سەر بە كەمینەكان، بەو مانایە دێت كە كۆتایی بە كەمینەكان بهێنن و لە هەموو مافێك بێبەشیان بكەن.
دەمەزراوەی راوێژكاری توركە كەمینەكانی رۆژئاوای تەراكیا، دژی ئەو بڕیارەی وەزارەتی پەروەردەی یۆنانە و بە پێشێلكردنی رێككەوتن و مافی كەمینەكان تۆمەتباری كرد.
ئۆزان پێیوایە، بڕیارێكی لەو شێوەیە لە دەسەڵاتی حكوومەتی یۆناندا نییە كە قوتابخانەی تایبەت بە كەمینەكان دابخات، دەبێت ئەو بڕیارە لەلایەن دادگا نێودەڵەتییەكانەوە بڕیاری لەبارەوە بدرێت و پاشان یۆنان جێبەجێی بكات، ئەوەی كراوە بەهەموو شێوەیەك پێشێلكاریە.
میدیاكانی یۆنان لەبارەی داخستنی قوتابخانەی كەمینەكان بڵاویان كردووەتەوە، هۆكاری داخستنی ئەو قوتابخانانە كەمبوونەوەی ژمارەی قوتابییە و كاتێك قوتابی نەبێت، قوتابخانەكان بۆچی هەبن، بەڵام حكوومەتی توركیا دەڵێت ئەمە بەهانەیە و قوتابی هەیە.
وەزارەتی دەرەوەی توركیا رایگەیاندووە، داخستنی ئەو قوتابخانانە پێشێلكردنی پەیماننامەی لۆزانە، كە لە ١٩٢٣ واژۆ كراوە.
لە پەیماننامەی لۆزاندا ئاماژەی بۆ كراوە، لە رۆژئاوای تەراكیا لە یۆنان پێویستە رێز لە كەمینەكانی تورك بگیرێت و هەموو مافێكیان هەبێت، وەكوو خوێندن بەزمانی خۆیان و هەروەها جێبەجێكردنی یاسای ئیسلامی بۆ هاوسەرگیریی و دابەشكردنی میرات و زۆری تریش.
یۆنان ١٠٠ ساڵە بەڵێنی خۆی جێبەجێ كردووە، رێزی لە توركە كەمینەكان گرتووە و قوتابخانەی تایبەتی بۆ كردوونەتەوە، بەڵام بەهۆی گرژی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ توركیا، هەنگاو بە هەنگاو ئاسەواری تورك لە وڵاتەكەی ناهێڵێت.
ئەم هەرایەی توركیا لە كاتێكدایە، لە وڵاتی خۆیدا مافی كورد نادات و رێگە نادات كورد بە زمانی خۆی بخوێنێت، لە كاتێكدا ٢٥ ملیۆن كورد لەو وڵاتە بوونی هەیە.
بەگوێرەی پەیماننامەی لۆزان، پێویستە توركیا مافی كەمینەكان بدات و یەكێك لە خاڵەكان ئەوەیە رێگە بدات كورد بەزمانی خۆی بخوێنێت، بەڵام ١٠٠ ساڵە دان بەزمانی كوردیدا نانێت و بەهەموو شێوەیەك رەتیدەكەنەوە، بۆیە بەشێك لە نووسەران و كوردانی باكووری لە سۆسیال میدیا رەخنە لە توركیا دەگرن، بەوەی بۆ كەمینەی تورك لە یۆنان هاتوونەتە دەنگ و دەڵێن دەبێت بەزمانی خۆیان بخوێنن، كەچی لە توركیا دژی ئەوەن كورد بەزمانی دایك بخوێنێت.

