رۆژنامەی ھەولێر

بە سەرپەرشتیی چەند پزیشكە پسپۆڕێکی كوردستانی و عێراقی کۆنفرانسێكی نێودەوڵەتی لەسەر پزیشكیی منداڵان لە توركیا بەڕێوە دەچێت

فەیسەڵ شێخانی

لە كۆنفرانسەكەدا چەندین بابەت و سیمینار و گفتوگۆ و توێژینەوەی تازەی زانستی لە بواری پزیشكیی منداڵان پێشكەش دەكرێ، سەدان پزیشكی منداڵان لە هەموو وڵاتانی دنیاوە بەشداری لە كۆنفرانسەكەدا دەكەن.

د. محەمەد حەسەن پزیشكی پسپۆڕی گەشەی منداڵان، كە لە كوردستانەوە بەشداری كردووە، بە ڕۆژنامەی (هەولێر)ـی راگەیاند، لەم كۆنفرانسەدا كە هەر ساڵە و لە وڵاتێكدا ڕێك دەخرێ، ژمارەیەكی زۆری پزیشكانی منداڵان كە نزیكەی ٣٠٠ پزیشك دەبن، لە هەموو دنیاوە بەشداری تێدا دەكەن.
روونیشی كردەوە:” كە لەم كۆنفرانسەدا تازەترین بابەتی زانستی و پێشهات و گۆڕانكارییە جیهانییەكانی تایبەت بە زانستی تەندروستیی منداڵان دەخرێنە بەر باس، نوێترین چارەسەرەكان بۆ هەموو جۆرە نەخۆشییە جۆراوجۆرەكانی منداڵان و چۆنیەتیی پێشخستنی تەندروستیی منداڵان دەخرێنە ڕوو، كۆنفرانسەكە هۆكارێكی سەرەكی گرنگی بیروڕاگۆڕینەوەی زانستی وەرگرتنی پەیامی زانستی جۆراوجۆرە كە باشترین یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی هاوشان لەگەڵ وڵاتانی دنیا، پزیشكانی كوردستان و عێراقیش بتوانن بە باشترین شێوە خزمەتی گەورەی تەندروستی و ژیانی منداڵانی كوردستان بكەن.