سلێمان تاشان – ههولێر
دەرووی ئابووری و گەشەسەندن بەڕووی عێراقدا کراوەتەوە و دەرفەتەکە زێڕینە بۆ عێراق تا بتوانێت لەم قەیرانە داراییەی تێیکەوتووە خۆی رزگار بکات و بچێتە سەر سکەی گەشەسەندن.
هێشتا عەلی زەیدی لە ئەمریکا بوو کە ئاسانکارییەکانی ئەمریکا بۆ عێراق دەستی پێکرد و وێڕای دەرهێنانی کۆمەڵێک بانکی عێراقی لە لیستی سزاکان دەیان کۆمپانیا گرێبەستییان لەگەڵ حکوومەتی عێراق واژۆ کرد.
بە گشتی چل و هەشت گرێبەست لەگەڵ حکوومەتی عێراق و کۆمپانیاکان لە بوارە جیاوازەکاندا واژۆ کراوە کە ژمارەیەک لەو گرێبەستانە ستراتیژین و عێراق لە بواری بەرهەمهێنان و گەشەپێدانی ئابووری و فراوانکردنی خزمەتگوزاری دەخەنە قۆناغێکی نوێوە.
یەکێک لەو کۆمپانیا گرنگانەی گرێبەستی لەگەڵدا کراوە ستارلینکە و لە داهاتوودا ئەو کۆمپانیایە سەتەلایتەکانی بە ئاسمانی عێراقدا بڵاو دەکاتەوە و خەڵک دەتوانن راستەوخۆ سوود لە خزمەتگوزارییەکانی وەربگرن و بە خێراییەکی بەرز سوود لە ئێنتەرنێت وەربگرن.
هاتنی ستارلینک بۆ ناو بازاڕەکانی عێراق مەیدانی رەکابەریی کۆمپانیاکان زیاتر دەکات و چاوەڕوان دەکرێت خەڵک بە نرخێکی کەمتر سوود لە ئێنتەرنێتی خێراتر وەربگرن. هەبوونی ئەو سیستمە لە عێراق هەنگاوێکی گرنگە لە گەشەپێدانی تەکنەلۆجیای زانیاری و بەهێزکردنی ژێرخانی ئەلیکترۆنی.
یەکێک لەو کەسایەتییە گرنگانەی لەم گەشتەدا سەرۆک وەزیرانی عێراق توانی چاوی پێی بکەوێت و لەگەڵیدا کۆببێتەوە کریستالینا گۆرگیۆ سەرۆکی سندووقی نێودەوڵەتیی دراو بوو.
سەرۆک وەزیرانی عێراق لەو دیدارەیدا راپۆرتێکی کابینەکەی لەبارەی چالاکییەکانی بۆ نەهێشتنی گەندەڵی و سپیکردنەوەی پارە و چاکسازییەکان لە بواری ئابووری و دارایی، پێشکەشی سەرۆکی سندووقی نیودەوڵەتیی دراو کرد.
حکوومەتی عێراق بڵاوی کردووەتەوە کە دەخوازن هاوکارییەکانیان لەگەڵ سندووقی نێودەوڵەتیی دراو پەرە پێ بدەن و لە ئابووریدا بە گەشەی راستەقینە بگەن و بە فرەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات، ئابوورییەکەیان لە چەنگی نەوت رزگار بکەن.
کریستیانۆ گۆرگیۆ لە کۆبوونەوەکەدا ئامادەیی خۆی بۆ هەر جۆرە هاوکارییەک لە پێناو نەهێشتنی گەندەڵی و پەرەپێدانی دارایی دەربڕیوە.
جێی باسە عێراق بەردەوام چاودێریی جیهانی لەسەر بووە و لە رابردوودا ناوەندێک بووە بۆ سپیکردنەوەی پارە و سەرچاوەیەک بۆ پارەدارکردنی گرووپە تیرۆریستی و لەیاسادەرچووەکان، بۆیەش وەک پێویست رێگە بە بانکەکانی عێراق نەدراوە چالاکی بکەن و تەنانەت ژمارەیەکی زۆری بانک لە لیستی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکادان بەڵام لەم گەشتەدا ئەمریکا هەندێک لێخۆشبوونی بۆ کەرتی بانکی عێراق هەبووە و وەک نیزپاکی ناوی چەندین بانکی لە لیستی سزاکان هێناوەتە دەرەوە.
ئەگەر زەیدی بتوانێت لە چاکسازییەکانیدا سەرکەوتوو بێت و تۆڕی بانکی و دارایی عێراق بە تۆڕی جیهانی گرێ بدرێت دەرفەتی گەشەسەندنیش زیاتر دەبێت، ئەمریکا رەزامەندی داوەتە عەلی زەیدی بۆئەوەی حەوت بانک لەو بانکانەی کە سزادرابوون سزاکانیان لەسەر هەڵبگیرێت و بگەڕێنەوە ناو سیستمی بانکیی جیهانی.
عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە تۆڕی ئێکس نووسی ئەو حەوت بانکەی رەزامەندییان بۆ وەرگیراوە، خۆیان ئامادە دەکەن بۆ ئەنجامدانی حەواڵە لەرێگەی بانکە نێوەندگیرەکانەوە.
سەرەتا شێوازی حەواڵەکە بە دراوەکانی دیکەی بێجگە لە دۆلار دەبێت تا ئەو کاتەی چاودێری پڕۆسەکە دەکرێت و هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت ئەگەر بێ کێشە بوو ئەوا رێگەیان پێ دەدرێت لە حەواڵەی دۆلاریشدا بەشدار بن.
دەیان بانکی عێراقی لە لیستی سزاکانی ئەمریکادان و هەموو جۆرە مامەڵەکردنێکیان بە دۆلار لێ قەدەغەکراوە و بەو هۆیەوە بانکەکان هیچ پەیوەندییان بە سیستمی دارایی جیهانییەوە نەماوە.
عێراق ئەگەر ئەو قۆناغە تێپەڕێنێت و سیستمە بانکییەکەی بە تەواوی بە سیستمی بانکی جیهانی ببەستێتەوە سوود لەو دەرووە وەربگرێت کە بەڕوویدا کراوەتەوە دەتوانێت گەشە بستێنێت و ئامانجە ئابوورییەکانی خۆی بەدی بهێنێت و چارەنووسی خۆی لە چارەنووسی ئەو وڵاتانە جیا بکاتەوە کە ئابوورییەکەیان گەیشتووەتە لێواری داڕمان.

