رۆژنامەی ھەولێر

بۆ دوورکەوتنەوە لە گەرمای هاوین گەشتیاران ڕوو لە چەم و ڕووبارەکان دەکەن

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

ماوەی چەند ڕۆژێکە پلەکانی گەرما لە ھەرێمی کوردستان بەڕێژەیەکی بەرچاو ھەڵکشاون و تا سەرووی ٤٥ پلە بەرزبوونەتەوە، ھاووڵاتییان بەشێوازی جیاجیا ھەوڵی خۆ فێنککردنەوە و دوورکەوتنەوە و ڕزگاربوون لە گەرمای بەتین دەدەن، بۆ ئەو مەبەستە ھاووڵاتییان ڕوو لە مەلەوانگە و چەم و ڕووبارەکان دەکەن. بەرگریی شارستانی ھەرێمی کوردستانیش ھۆشداری دەدات.

بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما وایکردووە شوێنە گەشتیارییەکانی ھەرێمی کوردستان جووڵەیان تێبکەوێت، لەسەر لێواری ڕووبارەکان بە ھەزاران کەپری گەشتیاری دروست کراون، ئەوەش وای کردووە ڕۆژانە بە ھەزاران گەشتیار ڕووی تێ بکەن، ئەوەش دەرفەتی کاری بۆ ھەزاران کەس ڕەخساندووە، بەھۆی بوونی ڕووبار و سروشتە جوانەکەی ئیدارەی سۆران بۆتە ناوەندێکی گرنگی گەشتیاری و ڕۆژانە ژمارەیەکی بەرچاو لە گەشتیاران سەردانی دەکەن.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرگری شارستانی ھەرێمی کوردستان سەبارەت بە بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما ھۆشداری بە ھاووڵاتییان دەدات و ڕایدەگەیەنێت خۆتان بپارێزن.
بەڕێوەبەرایەتییەکە لە پێناو پاراستن و سەلامەتی گیانی ھاووڵاتییان چەند خاڵێکی خستووەتەڕوو و داوا دەکات بە ھیچ شێوەیەک چەرخ و ئەو سپرایانەی پەستانیان بەرزە و خواردنەوە گازییەکان و ھەروەھا عەتر و پاتری ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان بە گشتی لە ئۆتۆمبێلەکاندا نەھێڵنەوە، بە ھیچ شێوەیەک ئاگر لە پوش و پەڵاشی پێش ماڵ یاخود لە دەشت و دەر و گۆڕستان و باخ و بێستانەکان بەر نەدەن، نابێت لە کاتی گەشت و سەیران ئاگر لە دەشت و چیا و شوێنی گشتی بکرێتەوە، کە قەبارەی ئاگرەکە گەورە بێت یان پاشماوەی ئاگر بەجێبھێڵن، چونکە بەھۆی با ئەو ئاگرە بڵاودەبێتەوە، فڕێنەدانی جگەرە و بەجێنەھێشتنی پاشماوەی خەڵوزی نێرگەلە، بەکارنەھێنانی یاریی ئاگرین لە کاتی سەیران، بەتایبەتی لە لایەن منداڵانەوە نیشانەدانەنان و تەقەنەکردن بە چەکی ئاگرین، بە تایبەت لە دەشتەکان، فڕێنەدانی بتڵی شووشە و دەبەی ئەو پاشماوە یاخود ماددە سووتێنەرەکان، وەک گاز و بەنزین و نەوت و ئەو ماددە جەلییانەی بۆ گەشانەوەی خەڵووز بەکاردێت، شۆفێری دەڕاسە نابێت لەناو دەغل و پاوان دەڕاسەکەی چاک بکاتەوە یان لەحیم و کۆسەرە بەکاربھێنێت، یاخود ئاگر بکاتەوە بە مەبەستی خواردن دروست کردن.
بەرگریی شارستانی لە ڕاگەیاندراوەکەدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە دڵنیابن لەوەی بوتڵی غازی ماڵان لەژێر تیشکی ڕاستەوخۆی خۆردا نەبێت.
باس لەوەش کراوە، نابێت ئەوانەی دەچنە نزیک چەم و ڕووبار و بەست و بەنداوەکان، مەلە بکەن یان ڕێگە بە منداڵەکانیان بدەن مەلە بکەن، ئاگاداری ئەو منداڵانە بن کە خاوەنپێداویستیی تایبەتن، یان نەخۆشیی ئۆتیزمیان ھەیە، نزیک نەکەونەوە لە ئاوی چەم و ڕووبارەکان.
لە کۆتایی ڕێنوێنییەکاندا ھاتووە، گەشتیاری بیانی و خوارووی عێراق دەبێت ئاگاداری ئەو شوێنانە بن کە گەشتی بۆ دەکەن، یان سەردانی دەکەن، تاکو توشی ھەڵدێران و خنکان نەبن، چونکە ئاوی کوردستان ساردە ھەر چەندە مەلەوانیش بن، ساردیی ئاوەکە دەبێتە ھۆی گرژبوونی دەمار و خنکانیان. ‌
بەرپرسانی بەرگری شارستانی، ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، لە وەرزی ھاویندا بەھۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، ھاووڵاتییان و گەشتیاران بەشێوەیەکی بەرچاو ڕوو دەکەنە چەم و ڕووبارەکان، بە مەبەستی مەلەکردن و خۆ فێنککردنەوەیان، ئەمە لە کاتێکدایە ھەندێک لە ڕووبارەکان جێی مەترسین، تەنانەت لە زۆر شوێن تابلۆی ھۆشیارکردنەوە دانراوە، لەگەڵ ئەوەی تیمەکانی بەرگریی شارستانی بەردەوام پەیامی ھۆشیارکردنەوە بە گەشتیاران و ھاووڵاتییان دەدەن، بۆیە پێویستە لەسەر گەشتیاران و ھاووڵاتییان ھۆشیار بن و بۆ مەلەکردن ڕوو لەو ڕووبار و شوێنانە نەکەن، کە بۆ مەلەوانی شیاو نینە و جێی مەترسین، کە تەنیا ئەمسالڕ زیاتر لە ٤٥ کەس لە چەم و ڕووبارەکانی ناوچە جیاجیاکانی ھەرێمی کوردستان لە کاتی مەلەکردن خنکاون.
ڕائید محتاج عەلی، بەرپرسی بەشی پۆلیسی بەرگری شارستانی قەزای مێرگەسۆر، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: تیمەکانی بەرگری شارستانی لە سنووری قەزای مێرگەسۆر ھەڵساون بە دانان و نوێکردنەوەی تابلۆکانی ئاگادارکردنەوەی ھاووڵاتییان و گەشتیاران لە لێواری ڕووبار و شەقامەکان تابلۆکانیش بە زمانی کوردی، عەرەبی و ئینگلیزی لەسەریان نووسراوە مەلەوانی کردن لەم شوێنانە مەترسیدار و قەدەغەکراوە بۆ پاراستنی گیانی ھاووڵاتییان لە ھەر ڕووداوێکی نەخوازراو، بۆیە داواکارین ھاووڵاتییان و گەشتیاران پابەند بن و لەکاتی بینینی ئەو تابلۆیانە بە ھیچ شێوەیەک لەو شوێنانە مەلە نەکەن، بۆ ئەوەی مەترسی لەسەر گیانی ئەوان دروست نەبێت.
بۆ پاراستنی گیانی گەشتیار، گەشتوگوزار مەرجی بەسەر ناوچە گەشتیارییە مۆڵەتپێدراوەکان سەپاندووە، بەرپرسانی کەرتی گەشتیاری لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، دەڵێن، بەشێک لە خانوو تاکەکان کە دروست کراون لەسەر لێواری ڕووبارەکان، خاوەنی بینایەکە سەرەتا بەس بۆ خۆی دروست کردبوو، بەڵام لەگەڵ ھاتنی گەشتیار ئێستا بەمەبەستی گەشتیاری بەکاردێنێت، بۆیە ئێمە ئاگادارمان کردوونەتەوە کە پابەند بن بە دەرھێنانی مۆڵەتی کارکردنی گەشتوگوزار و تەواوی مەرجەکانی بەرگری شارستانی و گەشتوگوزار جێبەجێ بکەن، دواجاریش ئاگادار کراونەتەوە لە دروستبوونی ھەر حاڵەتێکی نەخوازراو ئەوان خۆیان بەرپرسیار دەبن.
زۆرترین گەشتیار کە دێنە ھەرێمی کوردستان، گەشتیاری شارەکانی دیکەی عێراقن، لە ھەرێمی کوردستان بە سەدان کۆمپانیای گەشتیاری ھەن، ھەریەکەیان لەڕێگەی جیاواز و پەیوەندیان لەگەڵ کۆمپانیا گەشتیارییەکانی عێراق، گەشتیار لە ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە بۆ کوردستان دێنن، کەرتی گەشتیاری بووەتە یەکێک لە پێویستییەکانی مرۆڤی سەردەم، بە جۆرێک ساڵانە زیاتر لە ملیارێک و سێ سەد ملیۆن کەس گەشت دەکەن و سوود لە خزمەتگوزارییەکانی گەشتیاری وەردەگرن، ڕۆژانە نزیکەی دە ھەزار گەشتیار ڕوو لە ڕووبار و ناوچە گەشتیارییەکانی سنووری ئیدارەی سۆران دەکەن، جگە لەوەی لە ڕۆژانی ھەینی ڕێژەی گەشتیاران زیاتر دەبێت، لایەنە پەیوەندیدارەکانیش بەردەوام خزمەتگوزاری لەبواری ڕێگەوبان و بڵاوکردنەوەی ڕێنمایی ھاتووچۆ و ژینگە و بەرگری شارستانی بەسەر گەشتیاراندا دابەش دەکەن. بەرپرسانی گەشتیاری لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێن، نزیکەی ھەزار کەپری گەشتیاری لە سنوورەکە ھەن، ئەو کەپرە گەشتیارانە بە دەیان ھەزار گەشتیار لە خۆ دەگرێت، چەند شوێنێکی دیکەش دروست دەکرێن، ئەوانەش ھۆکارێکی باش دەبن بۆ ڕاکێشانی گەشتیاری زیاتر بۆ ناوچەکە.