رۆژنامەی ھەولێر

٢٠ی تەمووز رۆژی جیهانی شەترەنج

شەترەنج یەکێکە لە کۆنترین و بەناوبانگترین یارییە هزرییەکان لە سەرانسەری جیهاندا کە مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە. ئەم یارییە نەک تەنها وەک ئامرازێک بۆ کاتبەسەربردن بەکار دێت بەڵکو وەک وەرزشێکی مێشکی و هونەرێکی ستراتیژی دەناسرێت. لە ٢٠ی تەممووزی ساڵی ١٩٢٤، فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی شەترەنج لە شاری پاریس لە فەرەنسا دامەزرا. ئەمەش هەنگاوێکی گەورە بوو بۆ ڕێکخستنی پاڵەوانێتییەکان و دانانی یاسای یەکگرتوو بۆ یارییەکە، ڕۆژی بیستی تەممووز وەک ڕۆژی جیهانیی شەترەنج (World Chess Day) دیاری کراوە بۆ ئەوەی ڕێز لەم یارییە گرنگە بگیرێت. نەتەوە یەکگرتووەکانیش بە فەرمی دانی بەم ڕۆژەدا ناوە چونکە دەزانێت شەترەنج هۆکارێکە بۆ ئاشتی.

شەترەنج تەنها یارییەکی سادە نییە بەڵکو زمانێکی جیهانییە کە سنوورە جوگرافی و نەتەوەیی و کولتوورییەکان دەبەزێنێت. دوو کەس کە بە زمانێکی جیاواز قسە دەکەن دەتوانن لەسەر مێزێکی شەترەنج دانیشن و بەبێ هیچ کێشەیەک یاری بکەن و لێک تێبگەن. ئەم تایبەتمەندییە وای کردووە کە شەترەنج ببێتە ئامرازێکی بەهێز بۆ لێکتێگەیشتنی مرۆڤەکان.
لە ڕووی پەروەردەیی و دەروونییەوە شەترەنج سوودێکی زۆری بۆ گەشەی مێشکی مرۆڤ هەیە بەتایبەتی بۆ منداڵان و گەنجان. ئەم یارییە یارمەتی تاک دەدات توانای بیرکردنەوەی قووڵ و تەرکیزکردن و شیکردنەوەی کێشەکان بەرز بکاتەوە. هەروەها مرۆڤ فێر دەکات چۆن پێشبینی هەنگاوەکانی داهاتوو بکات و بڕیاری دروست لە کاتی خۆیدا بەباشی بدات.
زانایان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەو کەسانەی بەردەوام یاریی شەترەنج دەکەن کەمتر تووشی نەخۆشییەکانی لەبیرچوونەوە و زەهایمەر دەبن. ئەمە دەریدەخات کە ئەم یارییە وەک ڕاهێنانێکی ڕۆژانە وایە بۆ مێشک کە هەمیشە بە چالاکی دەیهێڵێتەوە. شەترەنج فێری ئارامگریمان دەکات لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی دۆخە سەختەکان و دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو.
لە سەدەکانی ڕابردوودا شەترەنج تەنها یاریی پاشاکان و چینە بەرزەکانی کۆمەڵگە بوو بەڵام ئەمڕۆ بووەتە یارییەکی میللی و هەموو کەسێک دەتوانێت فێری ببێت. بڵاوبوونەوەی تەکنەلۆژیا و ئینتەرنێت هۆکارێکی زۆر گرنگ بوو بۆ ئەوەی خەڵکێکی زۆرتر ئاشنای بن. ئێستا دەتوانیت لە ڕێگەی مۆبایلەکەتەوە یاری لەگەڵ کەسێک بکەیت کە لە ئەوپەڕی جیهانە.
ڕێکخراوی یونسکۆش گرنگییەکی زۆری بەم یارییە داوە چونکە وەک بەشێک لە کەلەپووری هزریی مرۆڤایەتی سەیری دەکات. لە ڕۆژی جیهانیی شەترەنجدا سەدان پاڵەوانێتی و بۆنەی جۆراوجۆر لە سەرانسەری زەویدا بەڕێوە دەچن بۆ هاندانی خەڵک بۆ فێربوون. ئامانجی سەرەکی ئەوەیە کە نەوەی نوێ پەروەردە بکرێت لەسەر بنەمای بیرکردنەوەی لۆژیکی و ڕێزگرتنی بەرامبەر.
لە ناو کۆمەڵگەی کوردیشدا شەترەنج ڕۆژ بە ڕۆژ جێگای خۆی زیاتر دەکاتەوە و گەنجان بەتایبەتی خولیایەکی زۆریان بۆی پەیدا کردووە. بوونی یانە تایبەتەکانی شەترەنج لە شارە جیاوازەکانی کوردستان و بەشداریکردنی یاریزانە کوردەکان لە پاڵەوانێتییە نێودەوڵەتییەکاندا نیشانەی ئەوەیە کە ئاستی یارییەکە بەرەوپێش چووە و هیوایەکی گەورەی لەسەر هەڵچنراوە. کۆمەڵگەش پێشوازی لێدەکات.
حکومەتەکان و ناوەندە پەروەردەیییەکان پێویستە کار بکەن بۆ ئەوەی شەترەنج بخرێتە ناو پڕۆگرامی خوێندنی قوتابخانەکانەوە وەک وانەیەکی بنەڕەتی. چەندین وڵات ئەم هەنگاوەیان ناوە و ئەنجامێکی زۆر باشیان لە بەرزبوونەوەی ئاستی زیرەکی و بیرکاریی قوتابییەکاندا بەدەست هێناوە. ئەمەش سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە شەترەنج تەنها یارییەک نییە بەڵکو وەبەرهێنانێکی گەورەیە لە تواناکاندا.
شەترەنج هەروەها پەیامێکی گەورەی بۆ یەکسانی هەیە چونکە لەسەر ئەم مێزە هیچ جیاوازییەک لە نێوان ڕەگەز و تەمەن و ئایین و نەتەوەدا ناکرێت. ژنان و پیاوان دەتوانن بە شێوەیەکی یەکسان ڕکابەری یەکتر بکەن و هەمان هەلیان بۆ سەرکەوتن هەیە. ئەمەش وای کردووە ڕێکخراوە جیهانییەکان پشتگیرییەکی تەواوی ئەم یارییە بکەن بەردەوام. دیاریکردنی ڕۆژێک بۆ شەترەنج تەنها ئاهەنگگێڕان نییە بەڵکو وەبیرهێنانەوەیەکە بۆ گرنگیی بیرکردنەوە و ئاشتی. ئەم ڕۆژە هانمان دەدات کە پەرە بە تواناکانی خۆمان بدەین و یەکتر قبووڵ بکەین. با هەموومان پێکەوە کار بکەین بۆ بڵاوکردنەوەی ئەم کلتوورە جوانە و پێگەیاندنی نەوەیەکی زۆر باش و هۆشیار.
سەرچاوەکان:
www.fide.com
www.un.org