رۆژنامەی ھەولێر

بووژانەوەی کەرتی کشتوکاڵ کاری لە پێشینەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

ئەو جووتیارانەی ساڵانە بە سەدان تۆن بەرووبوومی کشتوکاڵی بەرھەم دەھێنن، ئێستا دڵخۆشن بەوەی حکوومەتی ھەرێم گرنگی زیاتر بە کەرتی کشتوکاڵ دەدات. بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی پارێزگای دھۆک، دەڵێت: ھەناردەکردنی بەرھەمە ناوخۆییەکان بۆ دەرەوەی وڵات بە پاڵپشتیی ڕاستەوخۆی حکوومەت بەردەوامە.

وەرزی پێگەیشتنی سەوزە و میوەی خۆماڵییە، جووتیاران کێبڕکێی باشترین بەرھەم دەکەن، جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو جووتیارێکی زۆر لە شارە جیاوازەکانی ھەرێمی کوردستان ڕوویان لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کردووە و لەو سنوورە بە ھەزاران دۆنم زەوی بە بەرھەمە کشتوکاڵییەکان داچێنراوە.
بە پاڵپشتیی ڕاستەوخۆی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، تا ئەمڕۆ چەندین بەرھەمی جیاوازی کشتوکاڵی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان، ئاستی بەرھەمھێنانیان لە ناوخۆی ھەرێمی کوردستان گەیشتووتە ئاستی خۆبژێوی.
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بەڵێنی ئەوەی بە جووتیارانی ناوخۆدا کە بەرھەمەکانیان لە ڕێی دۆزینەوەی بازاڕ لە دەرەوە، ھەناردەی دەرەوەی وڵات بکرێت، سەرۆکی حکوومەت بەڵێنەکەی بەجێگەیاند و توانرا بۆ یەکەمجار چەند جۆرێک لە بەرھەمی جووتیاران ڕەوانەی دەرەوە بکرێت و بازاڕی بۆ بدۆزرێتەوە، ئەوەش پێمان دەڵێت، کە کشتوکاڵ لە ھەرێم ھەنگاوی گەورەی ناوە بەو پاڵپشتییەی حکوومەت کە بۆ بەرھەمی ناوخۆ دەیکات.
گرنگیدانی حکوومەت بە کەرتی کشتوکاڵ بنەمایەکی سەرەکییە بۆ بەھێزکردنی ئابووری، دابینکردنی ئاسایشی خۆراک و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە نەوت و ھاوردەکردن، حکوومەت بە ئامانجی بووژانەوەی ئەم کەرتە، پشتیوانییەکانی لە چەندین ڕێگەی سەرەکییەوە پێشکەش دەکات.
پاراستنی بەرھەمی ناوخۆیی، سەپاندنی باج لەسەر بەرھەمی ھاوردەکراو و قەدەغەکردنی کاتیی ھاوردەکردنی ھەندێک بەرووبووم لە کاتی پێگەیشتنی بەرھەمی خۆماڵیدا، بۆ ساغکردنەوەی بەرھەمی جووتیاران.
لە باڵەکایەتی زیاتر لە ھەزار دۆنم زەوی بە شووتی و تەماتە داچێنراوە، لە قەزای سیدەکانیش ڕووبەری داچێنراو زۆر لەو ڕێژەیە تێپەڕی کردووە، لە قەزاکانی دیکەش بە سەدان دۆنم زەوی بە سەوزە و میوە داچێنراوە، ڕۆژبەڕۆژیش بەرھەمی داچێنراو زیاتر دەبێت.
لەگەڵ پێگەیشتنی بەرھەمی خۆماڵی بازاڕەکانی سەوزە و میوەی ھاوردەکراوی وڵاتانی دراوسێ کڕیارانی کەم دەبێت و چاوەکان لەسەر بەرھەمی خۆماڵی دەبێت، بەمەش داھاتێکی باش بۆ جووتیارانی ناوچەکە بە دەست دێت.
وەکو بەشێک لە جووتیاران، دەڵێن، بەرھەمی خۆماڵی ئەمساڵ زۆرە، زۆر سوپاسی حکوومەتی ھەرێم دەکەین کە سنوورەکانی لەسەر بەرھەمی ھاوردە داخستووە، ئەوەش وا دەکات لە داھاتوودا زیاتر گرنگی بە بەرھەمی ناوخۆ بدەین.
بۆ پاراستنی ڕەنج و ماندووبوونی جووتیاران و گەشەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پاڵپشتییەکانی بۆ جووتیارانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران زیاتر کردووە. کامەران حسێن مامند، بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: حکوومەت بەردەوام پاڵپشتی لە جووتیاران دەکات، وەکو پێدانی قەرزی کشتوکاڵی، دابینکردنی بنەتۆ و ڕێنمایکردنی جووتیاران.
بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، دەشڵێ: ئاسایشی خۆراک لە ھەرێمی کوردستان زۆر گرنگە، پایەکی گرنگی ئابوورییە ئەویش بە پارێزگاریکردن لە بەرھەمی ناوخۆ و کەمتر بایەخ بە بەرھەمی ھاوردە بدرێت، لە ھەمانکاتدا ڕۆژمێری کشتوکاڵی ھەیە بەردەوام لەم کابینەیە وەزارەتی کشتوکاڵ کاری پێ کردووە، ئەوەش لە بەرژەوەندی جووتیارانە.
ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی پارێزگای دھۆک، ئاشکرای کرد، لە چوارچێوەی بایەخدانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە کەرتی کشتوکاڵ و ھەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی بازاڕی جیھانی، ھەناردەکردنی بەرھەمە ناوخۆییەکان بۆ دەرەوەی وڵات بە پاڵپشتیی ڕاستەوخۆی حکوومەت بەردەوامە.
ئەحمەد جەمیل روونیشی کردەوە، ئەم ھەنگاوە دەبێتە ھۆی گەشەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ، پاڵپشتیکردنی جووتیاران، دابینکردنی بازاڕی دەرەوە، ھەروەھا سەلماندنی جۆریەتی بەرزی بەرھەمەکانی ناوچەکە.
کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە چەند ساڵی ڕابردوودا ھەنگاوی گەورەی ناوە بۆ فرەچەشنکردنی ئابووری و دۆزینەوەی بازاڕی نێودەوڵەتی بۆ بەرھەمی جووتیاران.