رۆژنامەی ھەولێر

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا، سەردانی پەرلەمانی ئەوڕوپای کرد

لە بەردەوامی کۆبوونەوەکانی لەگەڵ بەرپرسانی ئەوروپا، د. دلاوەر ئاژگەیی نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندێکی نوێنەرایەتی سەردانی پەرلەمانی ئەوروپای کرد و لەگەڵ جۆرجیانا تیۆدۆریسکۆ ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا کۆبۆوە.

دوایین پەرەسەندەکانی سیاسی ناوچەکە و ئاسایش لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکە تەوەری سەرەکی دیدارەکە بوون کە نوێنەری حکومەت سیاسەت و تێروانینی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لە سەر کۆی گشتی رووداوەکان شی کردەوە.

نوێنەری حکومەت داوای کرد کە لەو بارودۆخە و لە ئەگەری گۆرانکاری چاوەرواننەکراو لە ناوچەکە یەکێتی ئەوروپا بەردەوام بێت لە پشتگیری کردنی هەرێمی کوردستان کە فاکتەری ئاسایش و سەقامگیریە لە ناوچەکە و بروای بە چارەسەری کێشەکانە لە رێگەی ئاشتی و لێکتێگەیشتن.
لە لای خۆیەوە خاتوو جۆرجیانا پشتگیری تەواوی خۆی بۆ ئارامی و سەقامگیری هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە.

لە بەشێکی تری دیدارەکە پلان و پرۆژەی هاوبەش بۆ ئایندەی پەیوەندیەکان خرانەروو.

خاتوو جۆرجیانا دۆستێکی نزیکی گەلی کوردستانە و پێشتر سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە و لە پەرلەمانی ئەوروپا داکۆکیکارێکی بەهێزە بۆ پرسی کورد.