كارزان گلی – ههولێر
هەڵوەشانەوەی كۆنگرەی ٣٨ی جەهەپە، كە ئۆزگوور ئۆزەل، وەكوو سەرۆكی پارت نەما و كەمال كلیچدارئۆغڵو، بووەوە بە سەرۆك، ئەو پارتەی كردووەتە دوو كەرت، بەشێك پشتگیریی لە ئۆزەل دەكەن، كە زۆرینەن، بەشەكەی تریش كلیچدارۆغڵو. شەڕی ئەو دوو بەرەیە زۆر فراوان بووە و گەیشتووەتە ئەو ئاستەی، بیر لەوە بكرێتەوە پارتێكی تر لەناو جەهەپە دروست ببێت.
ئۆزەل، لە وتارێكدا لەبەردەم گروپی پەرلەمانتارانی جەهەپە، وەكوو تەحەدایەك بۆ كلیچدارئۆغڵو، پێی گوت: ”وەرە با بچینە ناو كۆنگرەوە، دوو ملیۆن ئەندامی جەهەپە دەنگ بدەن و سەرۆك هەڵبژێرن، ئەگەر دەنگەكانی من خوار ٩٠٪ بوو، هیچی تر نایەمەوە ناو سیاسەت، ئەگەر دەنگەكانیشم ٩٠٪ بوو، تۆ واز لە سیاسەت بهێنە“
ئەمە یەكەمجارە ئۆزەل بەو شێوەیە قسە بكات و وا توند بێت بەرامبەر بە كلیچدارئۆغڵو، وەكوو ئەوەی چاودێرانی باسی دەكەن، ئۆزەل زۆر بێئومێد بووە لە كلیچدارئۆغڵو، بەوەی جەهەپە ناباتە ناو كۆنگرە، بۆیە زمانی قسەكردنی بەرامبەری گۆڕاوە.
ئاژانسی (T24)ی توركی بڵاوی كردووەتەوە، ئەگەر بێت و كلیچدارئۆغڵو، تا مانگی ١١ی ئەمساڵ جەهەپە نەباتە ناو كۆنگرەوە، ئۆزەل پارتە تازەكەی رادەگەیەنێت و دەتوانێت بەشداری هەڵبژاردن بكات.
وەكوو ئەوەی كلیچدارئۆغڵو باسی دەكات، جارێ پەلە ناكەن بۆ كۆنگرە، چونكە دەیەوێت چەند كەسێك لەناو جەهەپە دوور بخاتەوە، بەتایبەت ئەوانەی لە ئۆزەل نزیكن و كەسە نزیكەكانی خۆی بهێنێتە شوێنیان، ئەوكات جەهەپە بباتە ناو كۆگرەوە.
چەند رۆژنامەنووسێكی توركیا زانیارییان دەستكەوتووە، ئۆزەل هەموو ئامادەكارییەكی كردووە بۆ راگەیاندنی پارتە تازەكەی، تەنانەت ناوی پارت و لۆگۆی پارتیش ئامادەیە، بەڵام دەیەوێت تا ئەوكاتە لەگەڵ كلیچدارئۆغڵو بڕوات، كە ئومێد هەبێت بچنە ناو كۆنگرەوە، چونكە هەر لەناو جەهەپەدا ببێتەوە بەسەرۆك باشترە وەك لەوەی پارتێكی تر دروست بكات و دەنگی ئۆپۆزسیۆن ببێت بە دوو بەش، ئەمە سوودی بۆ ئاكەپە و خودی رەجەب تەییب ئەردۆغان هەیە.
موحەرەم ئینجە، سەركردەی باڵای ناو جەهەپە و نزیك لە ئۆزەل، لەگەڵ ئەوە نییە پارتێكی تازە دروست ببێت، دەڵێت ئەنجامی نابێت و سەركەوتوو نابێت، چونكە ئەوكاتەی ئەویش لە كلیچدارئۆغڵو نیگەران بوو پارتی مەملەكەتی دروست كرد و نەیتوانی دەنگی پێویست بهێنێت، بۆیە پێی باشە هەموو فشارێك بكرێتە سەر كلیچدارئۆغڵو كۆنگرە بكرێت و لەوێ ئۆزەل ببێتەوە بەسەرۆك.
شڕۆڤەكارانی سیاسی پێچەوانەی ئینجە بیر دەكەنەوە، پێیانوایە ئەگەر ئۆزەل پارت دروست بكات سەركەوتوو دەبێت و زیاتر لە ٨٠٪ی دەنگدەری جەهەپەی لەگەڵدایە. هەروەها ئینجە و ئۆزەل زۆر جیاوازن، بنكەی جەماوەری جەهەپە بەهیچ شێوەیەك ئینجەیان نەویستووە، بۆیە كە پارتی دروست كرد شكستی هێنا، بەڵام ئۆزەل خۆشەویستە و لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ٢٠٢٤یش ئەوە سەلمێنرا، كە ئۆزەل سەركەوتووە و جەهەپەییەكان ئەویان دەوێت، بۆیە بووە پارتی یەكەم و بۆ یەكەمجار بوو ئاكەپە دوای ٢٠ ساڵ ببێتە پارتی دووەم.
كلیچدارئۆغڵو، لیستێكی ئامادە كردووە، كە ناوی دەیان سەركردەی تێدایە و دەیەوێت لە جەهەپە دووریان بخاتەوە، بەشێكیان سەرۆك شارەوانیی و ئەندامی سەركردایەتین، ئەگەر ئەو هەنگاوە بنێت، ئۆزەل چاوەڕێی مانگی ١١ ناكات و بەپەلەیی پارتە تازەكەی رادەگەیەنێت و ئەوكات شەڕی ئۆزەل تەنیا لەگەڵ ئەردۆغان نابێت، بەڵكوو بەرەیەكی تری شەڕ بۆ خۆی دەكاتەوە، ئەویش شەڕی كلیچدارئۆغڵوە، ئەو كلیچدارئۆغڵوەی پێشتر ئۆزەل بە گەورەی خۆی و مامۆستای خۆی دەزانی.
هەموو ئەو هەنگاو و كێبڕكێ و گرژییانەی دروست بووە، بۆ ئەوەیە پارتە سیاسییەكانی توركیا خۆیان بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو ئامادە دەكەن و هەر لایەنە و دەیەوێت سەركەوتن بەدەست بهێنێت، بەتایبەت ئاكەپە، دەیەوێت جڵەوی دەسەڵات هەر لای خۆی بمێنێتەوە.

