رۆژنامەی ھەولێر

ناسیونالیزم و ئایدیۆلۆژیا .. پرس و پەیوەندی

دوێنێ، چل و سێیەمین ئەڵقەی بازنەی گفتوگۆ بە ناونیشانی ” ناسیونالیزم و ئایدیۆلۆژیا .. پرس و پەیوەندی” لەهۆڵی بەشی ڕۆشنبیریی و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان بەڕێوەچوو.

بۆ ئەم گفتوگۆیە ، ڕاپۆرتێكی مەیدانی لە تەواوی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكانی هەرێمی كوردستان ئامادەكرابوو كە تیایدا ڕابۆچوونی ژمارەیەك كەسایەتی سیاسیی و ئەكادیمیست سەبارە بە پرسی ناسیونالیزمی نەتەوەیەكی بێ دەوڵەت وەرگیرابوو و، پێش دەستپێكردنی گفتوگۆكە ئەم ڕاپۆرتە لەسەر سكرین نمایشكراو پاشان ئەم بەرێزانە:” مەحمود ئەبوسابر ، مراد شەم ، بابەكر دڕەیی ، لازیمە یوسف ، شەوكەت مەلا سمایل ، د.محەمەد بازیانی، شوان محەمەد، نەژاد محەمەد، لوقمان عەزیز، هەروەها ئەندامانی بازنەی گفتوگۆ( شڤان حەمدی، عیماد تەها، د.نەزاكەت حسێن ، د.جەلال ئەحمەد، فەرهاد محەمەد)” ، زۆر بە راشكاوی گفتوگۆیەكی چرییان سەبارەت بە رەهەندە هەمەجۆرەكانی پرسی ناسیۆنالیزم و ئایدیۆلۆژیا كرد.
خاڵی هاوبەشی ئەم گفتوگۆ گرنگە لەسەر بیربۆچوونە جیاوازەكانی بیرمەندانی بواری ناسیۆنالیزم بوو، كە بەشێكیان سەرهەڵدانی ئەم چەمكە گرێدەدەنەوە بە سەرهەڵدانی شۆرشی پیشەشازی و قۆناخە جیاوازەكانی مۆدێرنە، ئەمەش بەو مانای ناسیۆنالیزم لە چوارچێوەی دەوڵەتی نەتەوەیی بەرهەمهاتووە، هەروەها لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی جۆرێك لە ناسیۆنالیزمی ئاینی سەرهەڵداوە، بەڵام ناسیۆنالیزم كوردی لە هیچ كام لەو مۆدیلانە ناچێت و سروشتێكی تایبەتی وەرگرتووە و دەكرێت ناوی لێبنرێت ” ناسیۆنالیزمی نەتەوەیەكی بێ دەوڵەت” و ، ئەوەی بۆتە هۆكاری ئەوەی ئەم ناسیۆنالیزمە رۆژ لەدوای رۆژ گەشە بكات ، ئەوەیە كە نەتەوەی كورد توانیوویەتی زمانە ڕەسەنەكەی خۆی بپارێزیت و وێرای كاریگەری نەرێنی ناسیۆنالیستی ” تورك و فارس و عەرەب” لەسەر ناسیۆنالیزمی كوردی بەڵام توانییوویەتی خۆی بپارێزێت و ڕەسانەیەتی تایبەتمەندییە نەتەوەییەكانی خۆی پارێزگاری پێوە بكات.
لەم گفتوگۆیەدا ڕەخنەی زۆر بەجێ لەسەر ئاستی هەر چوار پارچەی كوردستان ئاراستەی حزبە سیاسیەكان كرا ، ئەمەش لەبەر ئەوەیە خاڵی بەهێز و گرنگ بۆ مانەوەی ناسیۆنالیزم ، یەكریزی و تەبایی نێوان هێزە سیاسیە كوردییەكانە، بەڵام لەسەر ئاستی هەر چوار پارچە ئەم یەكریزی و تەباییە بە دی ناكرێت ئەمەش كەلێنێكی گەورەی لە ناسیۆنالیزمی كوردیدا دروست كردووە.
سەبارەت بە هەرێمی كوردستان وەك بەشێكی تارادەیەك ئازاد و سەربەخۆ لەچاو پارچەكانی دیكەی كوردستاندا، هەڵوەستە لەسەر كۆمەڵێك ڕەخنەی بەجێكرایەوە، بەتایبەتی كە وەك پێویست بایەخ بەزمانی كوردی و جلوبەرگی رەسەنی كوردی نادرێت، سەبارەت بە ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێمیش ، هەڵوەستە لەسەر ئەو گوشارانە كرا كە ئێستا لەلایەن دەسەڵاتی ئەو پارێزگایانەوە دەخرێنە سەر زمانی كوردی و هەروەها بایەخنەدان بە خوێندنی زمانی كوردی ، بۆ ئەمەش جەخت لەوە كرایەوە كە ئەركی حكومەتی هەرێمی كوردستانە هەوڵەكانی خۆی بخاتە گەڕ بۆ ئەوەی ئەو گوشارانەی لەسەر ئەو ناوچانەن كەم بكاتەوە.
جێگەی ئاماژە پێكردنە ڕاپۆرتی تێر و تەسەلی ئەم گفتوگۆیە لە رۆژی 20ی تەموزی 2026 لە گۆڤاری گوڵان بڵاو دەكرێتەوە.