ڕائیب جادر – هەولێر
پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان بۆ ماوەی سێ ڕۆژی دیکە درێژکرایەوە و جووتیاران دەتوانن تا ڕۆژی شەممە گەنمەکانیان ڕادەستی سایلۆکان بکەن.
بڕیاربوو پرۆسەی وەرگرتنی گەنم دوێنێ چوارشەممە کۆتایی پێبێت، بەڵام بۆ بەرژەوەندیی گشتی و ڕەخساندنی دەرفەتی زیاتر بۆ جووتیاران، بڕیاردرا پرۆسەکە تاوەکو ڕۆژی شەممەی داھاتوو بەردەوام بێت، ئەمە لە کاتێکدایە تا ئێستا زیاتر لە ٣٠٠ ھەزار تۆن گەنم وەرگیراوە. بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە ھەرێمی کوردستان، دەڵێت: پڕۆسەی وەرگرتنی گەنم تا ئێستا بە سەرکەوتوویی بەڕێوەچووە.
بۆ وەرزی دروێنەی ئەمساڵ، وەزارەتی بازرگانیی عێراق بڕیاریداوە سێ ملیۆن و ٨٠٠ ھەزار تۆن گەنم لەسەر ئاستی عێراق وەربگرێت، لەو ڕێژەیە ٤٠٠ ھەزار تۆن بۆ جووتیارانی ھەرێمی کوردستان تەرخانکراوە، ھەرچەندە بڕی گەنمی کوردستان ئەمساڵ زیاتر لە ملیۆنێک و ٥٠٠ ھەزار تۆنە، ئەم بڕەی ھەرێم بەسەر دوو بەشدا دابەش بووە، ٢٩٢ ھەزار تۆنی لە چوارچێوەی پلانی کشتوکاڵیدا بە نرخی ٧٠٠ ھەزار دینار بۆ ھەر تۆنێک وەردەگیرێت، ھاوکات ١٠٨ ھەزار تۆنەکەی دیکەش لە دەرەوەی پلانە کە بە نرخی ٥٠٠ ھەزار دینار دەبێت، ئەم نرخە لە کاتێکدایە ساڵی ڕابردوو نرخی وەرگرتنی ھەر تۆنێک گەنم بەپێی کوالێتییەکەی، لە نێوان ٨٠٠ بۆ ٨٥٠ ھەزار دیناردا بوو، ھەر بۆیە حکوومەتی ھەرێم پلانی داناوە ئەو گەنمەی کە ماوەتەوە لە جووتیاران بکڕێتەوە و بەبازاڕی بکات.
بەپێی نوێترین داتا تا ئەمڕۆ بڕی گەنمی وەرگیراو بەم شێوەیە بووە، ھەولێر ١١٧,٦٧٨.٥٠ تۆن، جگە لە ناوچەکانی گوێڕ و کەندێناوە، سلێمانی و ھەڵەبجە ١٣٣,٩٢١.٦٢ تۆن گەنم، دھۆک ١٠٣,٣٤٩.٣٠ تۆن جگە لە ناوچەی شێخان و سنووری مادەی ١٤٠، دەکاتە ٩١%ـی کۆی گشتی گەنمی وەرگیراو.
ساڵانە لە مانگی ئایاردا، وەرزی دروێنە لە ناوچە جیاجیاکانی ھەرێمی کوردستان دەست پێ دەکات و وادەی چاندن و دروێنەکردن بەپێی شوێنی جوگرافی لەنێوان ناوچەیەک بۆ ناوچەیەکی دیکە جیاوازی ھەیە.
دروێنە بە ئامێری دەڕاسە دەکرێت کە دەغڵودانەکە دەکات بە دوو بەشەوە، بەشێکیان جۆ یان گەنمەکەیە و بەشێکی دیکەشیان قەسەرە کە دواتر دەکوترێتەوە و دەکرێتە کا و وەکو ئالیک دەدرێت بە ئاژەڵ.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە ھەرێمی کوردستان، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوت: پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان بۆ ماوەی سێ ڕۆژی دیکە درێژکرایەوە و جووتیاران دەتوانن تا ڕۆژی شەممە گەنمەکانیان ڕادەستی سایلۆکان بکەن.
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە ھەرێمی کوردستان، دەشڵێ: لە ھەندێک ناوچەی پارێزگای دھۆک بەھۆی باران و نزمی پلەی گەرما، گەنم درەنگ پێگەیشتووە و جووتیاران تازە دەستیان بە دروێنە کردووە، بۆیە داوامان کرد چەند ڕۆژێک وادەی وەرگرتنی گەنم درێژ بکرێتەوە بۆ ئەوەی بتوانین تەواوی ئەو بەرھەمەی ماوە وەری بگرین.
سەبارەت بە چارەنووسی ئەو گەنمەی کە لە دەرەوەی پلانی سایلۆکان دەمێنێتەوە، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی، دەشڵێ: بە فەرمانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لیژنەیەک پێکھاتووە و لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەت وەک خۆشناو و قەیوان و ١١ کۆمپانیای دیکە کۆبوونەتەوە، بۆ ئەوەی گەنمی زیادەی جووتیاران بە نرخێکی گونجاو بکڕنەوە.
دەربارەی شایستە داراییەکانی جووتیاران، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی، ئاشکرای کرد: وەزیری بازرگانی عێراق گوتی، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران باسی شایستە داراییەکان کرا کە ھی ساڵی ٢٠٢٥ـە، ھی ھەرێمی کوردستان زیاتر لە ١٤١ ملیار دینار ماوەتەوە، بڕیاریشە حکوومەتی عێراق مانگانە بڕە پارەیەک لە میزانیە تەرخان بکات بۆ ئەوەی بەسەر جووتیاراندا دابەش بکرێت و تەواوی پارەکەیان پێ بدرێت.

