كارزان گلی – ههولێر
پلاتفۆرمی (كوشتنی ئافرەت رادەگرین) لە توركیا رایدەگەیەنن، لە ماوەی شەش مانگی ٢٠٢٦، لە توركیا و باكووری كوردستان ١٥٠ ئافرەت كوژراوە.
پلاتفۆرمی (كوشتنی ئافرەت رادەگرین)، لە راپۆرتێكدا كە بۆ رای گشتی توركیای بڵاوكردووەتەوە، باس لەوە دەكات كوشتنی ئافرەت لە توركیا زۆر تەشەنەی سەندووە، بەڵام بەهیچ شێوەیەك بابەتێكی گرنگ نەبووە بەلای دەسەڵاتداران و میدیادا، بۆیە لە ماوەی شەش مانگی ٢٠٢٦دا، لە توركیا و باكووری كوردستان ١٥٠ ئافرەت كوژراوە.
زۆربەی ئەو ئافرەتانەی دەكوژرێن لەلایەن پیاوانەوەیە و بەشێكیشی بەهۆی ئەو قەیرانە داراییەیە كە رووی لە توركیا كردووە و بەشێكی پیاوەكان دووچاری نەخۆشی دەروونی بوونە و كینە و رق و نەبوونی خۆیان بە كوشتنی ئافرەت هێور دەكەنەوە.
پلاتفۆرمی (كوشتنی ئافرەت رادەگرین) بڵاوی كردووەتەوە، ٧٪ی ئەو ئافرەتانەی دەكوژرێن بەهۆی قەیرانی داراییەوەیە، بەڵام بەشێكی زۆری بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە پیاوان دەیانەوێت ئافرەت كۆنتڕۆڵ بكەن و هەروەها بێدەنگیان بكەن، بۆیە دەیانكوژن، ئەمەش ئەوپەڕی توندوتیژییە بەرامبەر بە ئافرەت دەكرێت.
بەشێك لە چالاكاوانانی ئافرەتان پێیانوایە، بەهۆی ئەوەی لە ٢٠٢١دا توركیا لە رێككەوتنی ئیستانبۆڵ كشایەوە، كە ئەو رێككەوتنە زۆر بە باشی پارێزگاری لە مافی ئافرەت دەكرد، بۆیە هەموو ساڵێك لە شەش مانگی یەكەمدا كوشتنی ئافرەت لە هەڵكشانە.
رێژەی هەڵكشانی كوشتنی ئافرەت بەم شێوەیەیە:
لە ٢٠٢١دا، لە شەش مانگی یەكەم ١٣١ ئافرەت كوژراوە.
لە ٢٠٢٢، لە شەش مانگی یەكەم ١٦٤ ئافرەت كوژراوە.
لە ٢٠٢٣، لە شەش مانگی یەكەم ١٤٧ ئافرەت كوژراوە.
لە ٢٠٢٤، لە شەش مانگی یەكەم ٢٠٥ ئافرەت كوژراوە.
لە ٢٠٢٥، لە شەش مانگی یەكەم ١٣٦ ئافلەت كوژراوە.
لە٢٠٢٦، لەشەش مانگی یەكەم ١٥٠ ئافرەت كوژراوە.
پلاتفۆرمی (كوشتنی ئافرەت رادەگرین) بڵاوی كردووەتەوە، كشانەوەی توركیا لە رێككەوتنی ئیستانبۆڵ، یەكێكە لەو هۆكارانەی كوشتنی ئافرەت زیادی كردووە و پیاوەكان ناترسن لەوەی ببنە بكوژی ئافرەتان و دەزانن سزاكەیان قورس نابێت.
پلاتفۆرمی ناوبراو لە راپۆرتەكەدا ئاماژەی داوە، زۆربەی ئەو ئافرەتانەی دەكوژرێن، لەلایەن كەسە نزیكەكانی خۆیانەوەیە، بەتایبەت پیاوەكانیان، یان كاتێك جیا دەبنەوە، پیاو توڕە دەبێت و دەست دەبات بۆ كوشتنی ژنەكەی.
هەر بە گوێرەی ئەو راپۆرتەی بڵاوكراوەتەوە، ٦١٪ی ئەو ئافرەتانەی لە ٢٠٢٦دا كوژراون لە ماڵی خۆیان كوژراون، واتە لە كۆی ١٥٠ ئافرەتی كوژراودا، ٩١یان لەناو ماڵی خۆیان كوژراون.
هۆكاری كوشتنەكان زۆرن، وەكوو قەیرانی دارایی و هەروەها كاتێك ئافرەت بڕیار دەدات لەگەڵ پیاوێكدا نەژیت كە ناتوانێت بیژیەنێت، ئەمە دەبێتە هۆی نیگەرانیی پیاو و توندوتیژی بەرامبەر بە ژنەكەی دەكات.
بەشێك لە پیاوەكان رێگە نادەن هاوسەرەكانیان كار بكات، كاتێك ئافرەت بڕیار دەدات كار بكات بۆ ئەوەی ئەویش بتوانێت ببێتە سەرچاوەی دارایی بۆ خێزان، بەشێك لە پیاوەكان دەبنە رێگر، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی ئافرەتەكە داوای جیابوونەوە بكات و پاشان كارەسانی لێ دەكەوێتەوە.
چالاكوانانی ئافرەتان، رەخنە لە حكوومەت دەگرن، بەوەی بكووژی ئافرەت لە توركیا سزاكەی قورس نییە و كەمتر لە پێنج ساڵ زیندانی دەكرێت، لە كاتێكدا دەبوایە لە ٢٠ ساڵ كەمتر نەبێت، ئەمەش بەرێگە خۆشكەر دادەنێن بۆ كوشتنی ئافرەت و پێیانوایە ئەگەر سزای قورس بۆ بكوژانی ئافرەت دابنرێت، كوشتنی ئافرەت كەم دەبێتەوە.

