رۆژنامەی ھەولێر

زمناكۆ عەبدوڵا، شارەزا لە بواری گومرگ: پرۆسەی بەئەلیكترۆنیكردنی مامەڵە گومرگییەكان لە هەرێمی كوردستان مێژووییەكی دوورودرێژی هەیە

ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر

زمناكۆ عەبدوڵا كە شارەزایەكی بواری گومرگە، لە دیمانەیەكی (هەولێر)ـدا بە وردی تیشكی خستە سەر مێژووی بەئەلیكترۆنیكردنی مامەڵە گومرگییەكان لە هەرێمی كوردستان.

لە جیهانێكدا كە تەكنەلۆژیا بە خێرایی گۆڕانكاری لە سیستەمە حكومی و ئابوورییەكاندا دروست دەكات، مۆدێرنكردنی بەڕێوەبردنی گومرگەكان بووەتە یەكێك لە گرنگترین پێوەرەكانی چاكسازی و گەشەی ئابووری. سیستەمی ئەلیكترۆنی گومرگ نەك تەنها ئامرازێك بۆ خێراكردنی مامەڵەكانە، بەڵكوو بنەمایەكی سەرەكییە بۆ زیادكردنی شەفافیەت، پاراستنی داهاتە گشتییەكان و بەهێزكردنی متمانەی وەبەرهێنەران. هەرێمی كوردستانیش لەم بوارەدا ئەزموونێكی درێژخایەن و پێشەنگی هەیە كە بناغەی لە چەند دەیەی ڕابردوودا دانراوە. ئەم پاشخانەیە وایكردووە كە هەرێم ئامادەی وەرگرتنی پێشكەوتووترین سیستەمە نێودەوڵەتییەكان بێت. جێبەجێكردنی سیستەمی ئەسیکۆدا (ASYCUDA) هەنگاوێكی نوێی ئەم گەشتەی چاكسازییەیە، كە دەتوانێت ئاستی خزمەتگوزاری، شەفافیەت و كێبڕكێی بازرگانی بەرز بكات. بەڵام، سەركەوتنی ئەم پرۆسەیە پێویستی بە هەماهەنگی، پابەندبوون بە یاسا و یەكسانی لە جێبەجێكردنی ڕێكارە گومرگییەكان لە هەموو دەروازەكانی عێراقدا هەیە. لەم چوارچێوەیەدا، گرنگە چاوێك بە مێژووی ئەم ئەزموونە، دەرفەتەكانی و هەروەها چالاكی و مەترسییەكانی بڕوانین.
زمناكۆ عەبدوڵا گوتی: پرۆسەی بەئەلیكترۆنیكردنی مامەڵە گومرگییەكان لە هەرێمی كوردستان مێژووییەكی دوورودرێژی هەیە و بابەتێكی تازە نییە. لە دەیەی نەوەدەكانی سەدەی ڕابردوودا، بەڕێوەبەرایەتییە گومرگییەكان لەناوخۆی خۆیاندا چەندین ڕێكاری گومرگی و ئیدارییان بە سیستەمی ئەلیكترۆنی بەڕێوەبردووە، نموونەی دیار و پێشەنگ لەم بوارەدا، بەڕێوەبەرایەتیی گومرگی ئیبراهیم خەلیل بوو كە ئەوكات تەكنۆلۆژیای لە ڕاییكردنی مامەڵە گومرگییەكاندا بەكارهێنا، كە ئەمەش هەنگاوێكی ستراتیژی بوو بۆ مۆدێرنكردن و باشتركردنی ژینگەی بازرگانی. ئەم ئەزموونە لە ساڵی ٢٠١٣دا پێناسەیەكی فراوانتر و ڕێكخراوتری وەرگرت، كاتێك حكومەتی هەرێمی كوردستان پرۆسەیەكی گشتگیری بۆ بەئەلیكترۆنیكردن دەستپێكرد. لە دوو قۆناغدا، شەش دەروازەی نێودەوڵەتیی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی سیستەمێكی ناوخۆییدا كە لەلایەن كۆمپانیایەكی ناوخۆییەوە دیزاین كرابوو بەسترانەوە بە سێرڤەری گشتی لە شاری هەولێر، ئەمەش بووە هۆی ئەلیكترۆنیكردنی تەواوی ڕێكارە گومرگییەكان و دروستكردنی سیستەمێكی یەكگرتوو. سەركەوتنی ئەم سیستەمە ناوخۆییەی هەرێمی كوردستان بووە هەوێن و سەرچاوەی ئیلهام بۆ حكومەتی فیدراڵ. كاتێك شاندی دەستەی گشتیی گومرگەكانی عێراق سەردانی هەرێمیان كرد و لە نزیكەوە ئەزموونی بەسیستەمكردنی دەروازەكانیان بینی، بە نووسراوی فەرمی دەستخۆشی و سەرسامیی خۆیان دەربڕی. بینینی ئەم پێشكەوتنە لە هەرێم، هانی بەغدای دا كە ئەوانیش هەنگاو بنێن بەرەو مۆدێرنكردنی گومرگەكانیان و بیرۆكەی دامەزراندن و جێبەجێكردنی سیستەمی نێودەوڵەتیی ئەسیكۆدا لە عێراقدا گەڵاڵە بكەن و جێبەجێی بكەن.

هەرێمی كوردستان بەرەو جێبەجێكردنی سیستەمی پێشكەوتووی ئەسیكۆدا هەنگاو دەنێت

زمناكۆ عەبدوڵا لە بەشێكی دیكەی قسەكانیشدا ئاماژەی بەوەدا كە لە ئێستاشدا هەرێمی كوردستان بەرەو جێبەجێكردنی سیستەمی پێشكەوتووی ئەسیكۆدا هەنگاو دەنێت، ئەمەش لە چوارچێوەی پاراستن و ڕێزگرتن لە تایبەتمەندییە دەستووری و یاساییەكانی هەرێمی كوردستان لە پرسی بەڕێوەبردنی دەروازە نێودەوڵەتییەكاندا دەبێت. جێبەجێكردنی ئەم سیستەمە نوێیە بۆ ئێمە ئەزموونێكی نامۆ نییە بەهۆی ئەو پاشخانە مێژووییەی لە ساڵانی ڕابردوودا دروستبووە، هەرێمی كوردستان لە ئاستی مرۆیی، شارەزایی و توانای تەكنیكیدا ژێرخانێكی بەهێزی هەیە و دەتوانێت سیستەمەكە بە مۆدێلێكی سەركەوتووتر و كاراتر جێبەجێ بكات. لەم قۆناغە نوێیەدا، یەك پێناسەی گومرگیی یەكگرتوو پەیڕەو دەكرێت كە لەپاڵ زمانی عەرەبی زمانی كوردیش دەخرێتە ناو سیستەمەكە. جێبەجێكردنی سیستەمی ئەسیكۆدا كە لەلایەن كۆنفرانسی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ بازرگانی و گەشەپێدان (UNCTAD) پەرەی پێ دراوە سێ لایەنی ئەرێنی و سەرەكیی بۆ هەرێمی كوردستان دەبێت:
1. زیاتركردنی شەفافیەت: كەمكردنەوەی دەستتێوەردانی مرۆیی و كۆنترۆڵكردن و ڕێكخستنی داهاتە گومرگییەكان بە شێوەیەكی دروست و روون.
2. خێراكردنی ڕێكارەكان: ئۆتۆماتیككردنی مامەڵە بازرگانییەكان و كەمكردنەوەی كاتی مانەوەی كاڵا و بارهەڵگرەكان لە دەروازەكاندا.
3. بەرزكردنەوەی متمانەی نێودەوڵەتی: بەستنەوەی گومرگەكانی هەرێم بە ستانداردە جیهانییەكان و ڕاكێشانی متمانەی كۆمپانیا و وەبەرهێنەرە نێودەوڵەتییەكان. لەگەڵ هەموو ئەم سوودە زۆرانەدا.

مەترسییە گەورەکەی بەردەم سەركەوتنی سیستەمی ئەسیكۆدا
زمناكۆ عەبدوڵا دەڵێت: لەگەڵ هەموو ئەم سوودە زۆرانەدا، مەترسییەكی سەرەكی لەبەردەم سەركەوتنی تەواوەتیی ئەم پرۆسەیەدا هەیە، ئەویش ئەگەری پابەندنەبوونی بەغدایە بە جێبەجێكردنی ڕێكارە گومرگییەكان وەكو خۆی و بە یەك شێواز لە سەرجەم دەروازەكاندا. ئەگەر حكومەتی فیدراڵ لە دەروازەكانی خۆیدا بە شێوەیەكی دروست و یەكگرتوو پابەندی سیستەمەكە نەبێت و كارئاسانیی نایاسایی بكات، ئەم نایەكسانییە كاریگەریی سلبی دەكاتە سەر جووڵەی بازرگانی لە هەرێمی كوردستان و دەبێتە هۆی لاوازبوونی كێبڕكێی دادپەروەرانە و گواستنەوەی جووڵەی بازرگانی بۆ دەروازەكانی دیكەی عێراق.