رۆژنامەی ھەولێر

بەیانی گەلی هەنگاریا بڕیارە مێژووییەكە دەدات

كارزان گلی – هه‌ولێر

بڕیارە ١٢ی نیسان، گەلی هەنگاریا بچێتە سەر سندووقی دەنگدان و سەرۆكوەزیرانێكی تازە هەڵبژێرن، ئەگەرچی ڤیكتۆر ئۆربان ماوەیەكی زۆرە لەسەر دەسەڵاتە و نایەوێت شوێنەكەی بۆ كەس چۆڵ بكات، بەڵام ئۆپۆزسیۆنیش بەهێزە و راپرسییەكان لە بەرژەوەندی ئۆرباندا نییە.

میدیا لەژێر كۆنترۆڵی خۆیدایە، دادگاش هەر لەژێر كۆنترۆڵی خۆیدایە، وڵاتەكە داپۆشراوە بە گەندەڵی، بەڵام ئەو لە ژیانێكی شاهانەدایە.
ئۆربان، تا بۆی بكرێت ئۆپۆزسیۆنی وڵات سەركوت دەكات، لە هەموو هەڵبژاردنێكدا بە دەنگێكی زۆر بردویەتیەوە و بەردەوامیش ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە، ئەنجامی هەڵبژاردنیان رەت كردووەتەوە، گوتوویانە ساختەكاری كراوە.
كاتێك ئۆپۆزسیۆن باس لە سەروەت و سامان و ئەو كۆشكە دەكات كە دروستی كردووە، دەڵێت ئەمەم بەو پارانە كردووە كە وەكوو سەرۆكوەزیران وەرمگرتوون و بە هیچ شێوەیەك بە گەندەڵی نەمكڕیوە.
ئاكۆس هادهازی، سیاسەتوانێكی ئۆپۆزسیۆنە، قسەی بۆ ئاژانسی (DW) كردووە و دەڵێت: ”ئەو ملیار یۆرۆیانەی دەیبینین، ئەمە هەموو بە گەندەڵی لەلایەن ئەو سەرۆكەوە بەدەست هاتووە و دەبیێت ئێمە رێگە لەو گەندەڵیانە بگرین.“
ئۆربان، خۆی وەكوو سەرۆكێكی بەهێز نیشان دەدات و دەڵێت ئەگەر من نەمێنم وڵات بەرەو وێرانی دەڕوات، بەڵام ئۆپۆزسیۆنی هەنگاریا بەپێچەوانەوە بیر دەكەنەوە، ئەوان دەڵێت وڵات ئەوكات بەرەو ئارامی و خۆشگوزەرانی دەڕوان كە ئۆربان نەمێنێت.
ئۆربان ماوەی ١٦ ساڵە وڵات بەڕێوە دەبات و بۆ خۆی سەرۆكوەزیرانە، بە هەموو شێوەیەك و بە توندی ئۆپۆزسیۆنی رەت كردووەتەوە، بۆیە لە هەڵبژاردنەكاندا بردویەتیەوە. رەوشی ئابووریی خەڵك لەو وڵاتە باش نییە، بەڵام ئەو بەردەوام باس لەوە دەكات، هەوڵی جیدی دەدات بۆ ئەوەی رەوشی ئابووری بەرەو باشی بچێت.
لۆرینج، كە هاوڕێیەكی نزیكی خۆی بوو، ئێستا بووە بە ملیاردێر، ئۆپۆزسیۆنی وڵات باس لەوە دەكەن، ئۆربان لەگەڵ ئەو كەسەدا شەریكە و زۆربەی پڕۆژە گەورەكانی پێ دەدات.
هەروەها زاواكەشی بە گەندەڵی تۆمەتبار دەكەن، چونكە بەهۆی ئۆربانەوە بەشێكی زۆری تەندەرەكان وەردەگرێت و سامانێكی زۆری بە گەندەڵی بەدەست هێناوە.
ئۆربان لە هەردوو سەرۆكی ئەمریكا و رووسیا نزیكە، بەڵام لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپا ناكۆكە و زۆرجار بڕیارێك دەدات، كە وڵاتانی ئەورووپا نیگەران دەكات.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا داوای لە گەلی هەنگاریا كرد دەنگ بە ئۆربان بدەن، چونكە سەرۆكێكی باشە و خۆشی دەوێت. هەروەها چەند رۆژێك بەر لە ئێستا، جێگرەكەی خۆی ناردە هەنگاریا، تا پاڵپشتی لە ئۆربان بكات.
بەگوێرەی زانیارییەكان، كورسییەكەی ئۆربان دوای ١٦ ساڵ لە مەترسیدایە، چونكە ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە بەهێزە و دەزگاكانی راپرسیش باس لەوە دەكەن، لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا ئۆربان دەیدۆڕێنێت، بۆیە پروپاگەندەیەكی زۆر بەهێز ئەنجام درا.
ئەوەی ئۆربانی دڵخۆش كردووە، پۆپۆلیستە راستڕەوەكان پشتگیری دەكەن، بۆیە پێی وایە دەنگی ئەوان گرنگە و دەبێتە هۆی ئەوەی بتوانێت هەڵبژاردن بباتەوە.
بەڵام بۆ چارەنووسی ئۆربان و مانەوەی یان نەمانەوە لەسەر كورسی دەسەڵات، دواجار گەل بڕیار دەدات و ئەوان چارەنووسی یەكلایی دەكەنەوە.