كارزان گلی – ههولێر
ئاكەپە و مەهەپە، بەپێچەوانەی داواكاری ئۆپۆزسیۆنی توركیا، خۆیان ئامادە دەكەن، تا لە ٢٠٢٧دا بچنە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە. بەگوێرەی زانیارییەكانی میدیاكانی توركیا، بۆ ئەوەی بتوانن رەوشی ئابووریی توركیا باش بكەن و هەڵاوسانی ئابووری كەم بكەنەوە، ئەوكات دەچنە ناو هەڵبژاردن و ٢٠٢٧یش بەباشترین رێکەوت دادەنێن.
بەهۆی ئەو فشارە زۆرەی لەسەر جەهەپە، گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیا هەیە، داوا دەكەن توركیا لەمساڵدا بچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختە، یان پەرلەمان هەڵوەشێتەوە و حكوومەتێكی كاتی دروست ببێت و رۆژێك بۆ هەڵبژاردن دیاری بكەن.
لە ماوەی كەمتر لە دوو ساڵدا، زیاتر لە ٢٠ سەرۆكشارەوانی سەر بە جەهەپە لە توركیا، شارەوانییەكانیان قەیوم كراوە و بەشێكیشیان دەستگیر كراون، بۆیە ئۆزگوور ئۆزەل، سەرۆكی جەهەپە، داوا دەكات بەپەلە توركیا بچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە، یان پەرلەمان هەڵوەشێتەوە و رۆژێك بۆ هەڵبژاردن دیاری بكرێت.
مێژووی توركیا پڕییەتی لە هەڵبژاردنی پێشوەختە، بەڵام لەوەتەی ئاكەپە هاتووەتە سەر دەسەڵات لە ٢٠٠٢، تەنیا یەك جار توركیا چووەتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختە، ئەویش لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ٢٠١٥ بوو، كاتێك ئاكەپە زۆرینەی لەدەستدا و نەیتوانی بەتەنیا حكوومەت پێكبهێنێت، توركیا چووە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختە، بەڵام لە هەڵبژاردنی پێشوەختەدا ئاكەپە توانی ٣١٦ كورسی بەدەست بهێنێت و بەتەنیا حكوومەت پێك بهێنێت.
رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، وەكوو وەڵامێك بۆ داواكەی جەهەپە، رەتی كردەوە توركیا بچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە.
ئەردۆغان گوتی: ”دەمەوێت لێرەوە رایبگەیەنم، نە میللەت و نە حكوومەتیش لە ماوەیەی كەمدا وڵات نابەنە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە و دەبێت هەموو كەس ئەوە بزانێت.“
هەوڵی ئاكەپە و مەهەپەی هاوپەیمانیی بۆ ئەوەیە، بتوانن لەناو پەرلەمانی توركیا بە دەنگی ٤٠٠ پەرلەمانتار دەستوور هەموار بكەنەوە، تا رەجەب تەییب ئەردۆغان، بتوانێت بۆ جاری سێیەم خۆی بەربژێر بكاتەوە بۆ هەڵبژادنی سەرۆكایەتی، چونكە بەگوێرەی دەستووری توركیا بێت، هەركەسێك بۆی هەیە دوو خول ببێتە سەركۆماری توركیا و لەوە زیاتر رێگەی پێ نادرێت.
بەگوێرەی بەشێكی زۆری دەزگاكانی راپرسی لە توركیا، ئەگەر توركیا بچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە، بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی، ئەگەر زۆرە ئەردۆغان بیدۆڕێنێت، بەو مەرجەی بەربژێری جەهەپە، كەسێكی خۆشەویست و قبووڵكراو بێت لای جەماوەری جەهەپە و كورد.
دوای ئەوەی ئەكرەم ئیملمئۆغڵو، سەرۆكی پێشووی گەورە شارەوانی ئیستانبۆڵ دەستگیر كرا، كە لە هەمان كاتدا بەربژێری جەهەپە بوو بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی، ناوی مەنسوور یاڤاش، سەرۆكی گەورە شارەوانی ئەنكەرا دێت بۆ بەربژێربوون، كە جەماوەرێكی زۆری لەناو توێژی ئۆپۆزسیۆنی توركیا هەیە. تاكە كێشەی یاڤاش دەنگدەری كوردە، چونكە كورد ئەو كەسایەتییەی قبووڵ نییە و وەكوو نەژادپەرستێك دەیبینن.

