سلێمان تاشان – ههولێر
چل ڕۆژ جەنگێکی وێرانکەر لە نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لە لایەک و ئێران لە لایەکی دیکە کرا کە بە ئاگربەستێکی دوو هەفتەیی وەستاوە و ئەمڕۆ یەکشەممە پێنج ڕۆژ بەسەر ئاگربەستەکەدا تێدەپەڕێت. هەر لە دەستپێکردنی جەنگەکەوە هەرێمی کوردستان بێلایەنی خۆی ڕاگەیاند و بەشێک نەبوو لە جەنگ بەڵام بووە یەکێک لە قوربانییە هەرە سەرەکییەکانی دەرەوەی لایەنەکانی جەنگ.
بەگشتی ئەوەی لەو جەنگەدا زۆرترین ستەمی لێ کرا ئەو لایەن و وڵاتانە بوون کە بەشێک نەبوون لە جەنگ و لە دەرەوەی ئەو جەنگەدابوون و بە ڕاشکاوی بڵاویان کردبۆوە کە بەشێک نین لە شەڕ و مللانێی وڵاتان بەڵام بۆمب و درۆن و مووشەکیان بەسەردا بارێنرا و زیان بە ژێرخانی ئابوورییان گەیشت، هەناردەی نەوتیان وەستێنرا، گەشتە ئاسمانییەکانیان داخرا، تەنانەت زیانێکی زۆری مرۆییان پێگەیشت. هەر لە دەستپێکردنی جەنگەکەوە ئێران بە پاساوی ئەوەی ئەمریکا لە وڵاتانی کەنداو بنکەی سەربازی هەیە و ئاسمانیان بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکار دەهێنێت هێرشی کردە سەریان و هەر یەک لە وڵاتانی سعوودیە، کوەیت، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، قەتەر، بەحرەین و عێراق و هەرێمی کوردستان هێرشیان کرایە سەر.
لە نێو هەموو ئەو وڵاتانە هەرێمی کوردستان زۆرترین قوربانیی جەنگ بوو و حەڤدە کەس لە دانیشتووانی هەرێمی کوردستان شەهید بوون و دەیانی دیکە بریندار بوون. زۆربەی ئەو هێرشانەی کرایە سەر هەرێمی کوردستان لە لایەن ئەو گرووپە میلیشیایانە بوون کە خۆیان بە بەرەی مقاوەمە دەناسێنن.
پێویستە ئاماژە بەو ڕاستییەش بکرێت ئەگەر سیستمی بەرگریی مووشەکی و دژەدرۆنیی ئەمریکا لە هەولێر نەبوایە ئەوا ژمارەی قوربانییەکان لە هەرێمی کوردستان بە گشتی و هەولێر بە تایبەتی زۆر زیاتر دەبوو.
سەیر لەوەدایە لەدوای ئاگربەستیش گرووپە میلیشیاکان و لەیاسادەرچووەکان چەندین جار هێرشی درۆنییان کردووەتە سەر هەرێمی کوردستان و هەر بۆیەش وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە و هێرشەکانی سەرکۆنە کرد.
وەزارەتەکە نووسیبووی سەرەڕای ئەوەی هەڵوێستی حكوومەتی هەرێمی کوردستان لە سەرەتاوە پاڵپشتیکردن لە ئاشتی و سەقامگیری بووە و بەشێک نەبووە و نابێت لە شەڕ و گرژی، سەرباری ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە ناوچەکە، شەوی پێنجشەم نۆی نیسان لە چەند کاتێکی جیاوازدا، چەند هێرشێکی درۆنی کراونەتە سەر چەند شوێنێکی جیاواز لە هەرێمی کوردستان، بەڵام لە ئەنجامدا تێکشکێنراون و کەوتوونەتە خوارەوە.
وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی دابوو کە هەرێمی کوردستان و هاووڵاتییان چاوەڕێی ئاساییبوونەوەی دۆخەکەیان دەکرد، بەڵام بەداخەوە تیرۆریستان و خراپەکاران کە چاویان بە ئارامی و پێشکەوتنی وڵاتەکەمان هەڵنایەت، لە نانەوەی پشێوی بەردەوامن. وەزارەتەکە پشتگیریی خۆی بۆ ئاشتی و ئۆقرەیی ڕاگەیاند و داوای لە هەموو لایەک کرد کە ئەو هێرشانە ڕابگرن و چیتر سەقامگیری و ئۆقرەییی کوردستان و بەرژەوەندییەکانی هاووڵاتییان نەکەنە ئامانج.
پێویستە ئاماژە بەو ڕاستییە بکرێت بەپێی ئەو ئامارانەی بڵاو کراونەتەوە ژمارەی ئەو کەسانەی لە هەرێمی کوردستان شەهید بوون تەنانەت لە ژمارەی کوژراوانی ئەمریکا لەم شەڕەدا زیاترە لە کاتێکدا ئەوان لە ناو شەڕدا بوون و هەرێمی کوردستان بێلایەن بوو. وڵاتانی کەنداویش لەم ڕووەوە ژمارەیەک قوربانییان هەبووە کە لە هیی هەرێمی کوردستانن کەمتر بوون.
هەرێمی کوردستان لایەنگری ئاشتی و ئارامی و ئاسایشە و زیاتر لە هەر کەسێک ئەو چاوەڕوانییەی لە حکوومەتی فیدراڵیی عێراق هەیە بە کردەوە هەنگاو بنێت، پێش بەو گرووپانە بگرێت و جڵەویان بکات و بە گوێرەی پێویست گوشاریان بخاتە سەر بۆ ئەوەی عێراق نەکەن بە بەشێک لە گۆڕەپانی جەنگ چونکە درێژەکێشانی ئەم جۆرە سیاسەتە دەتوانێت زیانی زۆر گەورە بە عێراق و ناوچەکە بگەیەنێت.

