سلێمان تاشان – ههولێر
رۆژانە نزیکەی سێ ملیۆن و پێنجسەد هەزار بەرمیل نەوتی عێراق لە ڕێی بەسرە و پاشان هورمز هەناردەی بازاڕەکانی جیهان دەکرا بەڵام هەناردەکردنەکە لە ٢٨ی شوباتی ئەمساڵەوە وەستاوە.
بەپێی دواین زانیارییەکان کە وەزارەتی نەوتی عێراق بڵاوی کردۆتەوە بەرهەمهێنانی نەوت لە عێراق لە زیاتر لە چوار ملیۆن و سێسەد هەزار بەر میلەوە کەمی کردووە بۆ خوارووی نۆسەد هەزار بەرمیل و ئەو نەوتەش بەشێکی لە ناوخۆ بەکار دەهێنرێت و بەنزین و پێداویستییەکانی سووتەمەنی پێ بەرهەم دەهێنرێت و بەشێکی دیکەی هەناردەی بازاڕەکان دەکرێت کە لە چاو ئەو نەوتەی پێشی جەنگ هەناردەی دەکرد زۆر کەمە.
سەرەکیترین ڕێگای هەناردەکردنی نەوت کە عێراق پشتی پێ دەبەستێت هێڵی نەوتی کوردستان جەیهانە و ڕۆژانە لەو هێڵەوە زیاتر لە دووسەد هەزار بەرمیل لە نەوت هەناردە دەکرا و بڕیارە ئەو قەبارەیە بۆ سێسەد و سی هەزار بەرمیل بەرز بکرێتەوە.
کێڵگەکانی باشووری عێراق توانای بەرهەمهێنانی نەوتێکی زۆریان هەیە بەڵام کۆگەکان پڕ بوون و بە ناچاری بەرهەمهێنان لە زۆربەی بیرەکان وەستێنراوە، حکوومەتی عێراق بڕیاری داوە بە تانکەر ڕۆژانە بەشێکی دیکەی نەوت بۆ کەرکووک بگوازێتەوە و لەوێوە تێکەڵ بە هێڵی نەوتی کوردستانی بکات و هەناردەی جەیهانی بکات.
چاوەڕوان دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا قەبارەی هەناردە بۆ زیاتر لە سێسەد و سی هەزار بەرمیل بەرز ببێتەوە.
هاوکات حکوومەتی عێراق بڕیاری داوە لە ڕێی تانکەرەوە نەوت هەناردەی بەندەری بانیاس بکات و بۆ ئەو بەمەستە لەگەڵ ژمارەیەک کۆمپانیا گرێبەستی کردوەوە تا ڕۆژانە نەوت بۆ سووریا بگوازنەوە و لەوێوە هەناردەی بازاڕەکانی جیهانی بکەن و هەناردە لە ڕێی تانکەریش لە سەرەتای ئەم مانگەوە دەستی پێ کردووە.
چاوەڕوان دەکرێ کۆی قەبارەی هەناردەی نەوت بۆ سەرووی نیو ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرز بکرێتەوە بەڵام هێشتا یەک لەسەر حەوتی ئەو نەوتەیە کە پێشتر هەناردەی دەکرد و زیاتر لە هەشتا لەسەدی داهاتی نەوت کورتێی داوە.
ئەوەی هورمزی لەسەر وڵاتانی کەنداو داخستووە ئێرانە و ئەو وڵاتە دەڵیت ڕێگە بە هیچ کەشتییەکی دوژمنانی نادات لە گەرووەکە تێپەڕن بەڵام سەیر لەوەدایە زیانەکە زیاتر بۆ سەر عێراق و وڵاتانی کەنداو بووە کە ئێران بە دۆستیان هەژمار دەکات.
سەرەتای ئەم هەفتەیە ئێران بە عێراقی گوت هیچ بەربەستێک لەبەردەم هەناردەکردنی نەوتەکەی لە گەرووی هورمز نییە بەڵام لەو کاتەوە تەنیا ڕێ بە یەک کەشتی نەوتی عێراق دراوە کە لە هورمز بپەڕێتەوە و ئەویش کەشتییەک بووە کە مانگی ڕابردوو نەوتەکەی لە بەسرە بارکردبوو.
باسم عەبدولکەریم سەرۆکی کۆمپانیای نەوتی بەسرە کە کۆمپانیایەکی حکوومییە بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند ئەگەر جەنگ تەواو ببێت و گەرووی هورمز بکرێتەوە لە ماوەی یەک هەفتەدا دەتوانن هەناردەکردنی نەوت بۆ سێ ملیۆن و چوارسەد هەزار بەرمیل بەرز بکەنەوە.
ئەو ئاماژەی دا ئەوەی ئێران سەبارەت بە کردنەوەی گەرووەکە بۆ عێراق کردوویەتی تەنیا بە قسە بووە و بە نووسراو هیچ بەڵگە و مۆڵەتێکی فەرمی نییە تا گەرەنتی ئەوە بکات بە ئاسانی کەشتییەکان لە گەرووەکەوە نەوت بۆ بازاڕەکانی جیهان بگوازنەوە.
لە ئێستادا بەهۆی دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی نێوان ئێران و ئەمریکا، پێدەچێت دۆخی گەرووی هورمز بەرەو ئاساییبوونەوە بچێت، بەڵام هێشتا هیچ شتێک یەکلایی نەبووەتەوە و ئەگەر دانوستانەکانیش بگەنە ئەنجام پێویستی بە کات دەبێت بۆ ئەوەی گەرووەکە بەڕووی کەشتییە نەوتییەکان کراوەبێت.

