ڕائیب جادر – هەولێر
٣٥ ساڵ بەسەر داستانی کۆڕێ تێدەپەڕێت، ئەو داستانە پڕ سەروەرییەی کە لە نێوان ٧ بۆ ١١ی نیسانی ١٩٩١ تۆمار کرا و بووە وەرچەرخانێکی مێژوویی لە خەباتی ڕزگاریخوازیی گەلی کوردستاندا. سەرۆک بارزانی لە داستانی کۆڕێ، ئاشکرای کرد: مردن لەسەر خاکی کوردستان سەد ھەزار جار پیرۆزتر و سەربەرزانەترە لەوەی لە وڵاتێکی دیکە پەناھەندە بیت.
ڕۆژی ٧-٤-١٩٩١ داستانی کۆڕێ بە سەرکردایەتی ڕاستەوخۆی سەرۆک بارزانی، دەستیپێکرد، ھێزی پێشمەرگە توانی لە ماوەیەکی زۆر کەمدا ئەو ڕژێمە دکتاتۆرە پڕ چەکە ناچار بە دانوستاندن بکات. وەکو فەرماندەکانی پێشمەرگە باسی دەکەن، ئەگەر سەرۆک بارزانی نەبوایە سوپای بەعس نەک تەنھا تا کۆڕێ، بەڵکو تا حاجی ئۆمەران دەڕۆیشت.
لەو داستانەدا پێشمەرگە بە ئیرادەیەکی پۆڵایین و بە چەکێکی کەم، بەرامبەر سوپایەکی پڕچەک وەستایەوە، لە شەڕێکی سەختی مان و نەماندا، قارەمانێتیی پێشمەرگە بووە ھۆی ئەوەی تانک و تۆپەکانی بەعس تێکبشکێنرێن و ھێزەکانی ڕژێم ناچار بە پاشەکشەیەکی مێژوویی بکرێن، لە ١١ی نیساندا، مژدەی سەرکەوتنی کۆڕێ بە ھەموو کوردستان گەیشت و نەخشەی پیلانگێڕی داگیرکاریی ڕژێم پووچەڵ کرایەوە.
ئەم داستانە تەنھا سەرکەوتنێکی سەربازی نەبوو، بەڵکو خوێنی شەھیدانی کۆڕێ بووە ھەوێنی ئاوەدانکردنەوە و دابینکردنی ژیانێکی ئارام بۆ خەڵکی کوردستان. نەوەکان بە شانازییەوە یادی ئەو قارەمانێتییە دەکەنەوە کە شکۆی نەتەوەیەکی پاراست. وەکو فەرماندەکانی پێشمەرگە باسی دەکەن، ئەگەر سەرۆک بارزانی نەبوایە سوپای بەعس نەک تا کۆڕێ، بەڵکو تا حاجی ئۆمەران دەڕۆیشت.
سێ ڕۆژ پێش داستانی کۆڕێ، لە سنووری ڕواندز و سۆران، سەرۆک بارزانی کە ئەوکات سەرۆکی بەرەی کوردستانی بوو، لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەریدا کە خەڵکێکی زۆر ئامادە بوو، لە وتارێکدا ورەی خەڵکی بەرز کردەوە و ڕاگەیاند، ئەگەر ھیمەت و نیاز ھەبێت و ئەگەر دەستیش پاک بێ، دڵنیاتان دەکەمەوە دوژمن ھیچ نییە و ئەوەشی بەدەستی ھێناوە لە چەند ڕۆژی داھاتوودا لێی دەستێنینەوە.
سەرۆک بارزانی، ھەروەھا ڕووی لە جەماوەر کرد و ڕایگەیاند: بۆ کوێ دەچن؟ ژیانی پەنابەری ژیانێکی تاڵ و ناخۆشە، مردن لەسەر خاکی کوردستان سەد ھەزار جار پیرۆزتر و سەربەرزانەترە لەوەی مرۆڤ لە ئەوروپا یان لە ھەر وڵاتیکی تر پەنابەر بێت.
سەرۆک بارزانی، جەماوەری کوردستانی دڵنیا کردەوە و گوتی: ورەی پێشمەرگە بەرزە، یەک بەڵێنتان دەدەینێ، دوژمن یان بەسەر لاشەی ئێمەدا دێتەوە بۆ کوردستان، یان دوژمن نایەتەوە بۆ کوردستان.
ھاشم ئەحمەد، یەکێکە لەو پێشمەرگانەی کە بەشداری لە داستانی کۆڕێی کردووە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: ئەگەر سەرۆک بارزانی نەبوایە سوپای بەعس نەک تەنھا تا کۆڕێ، بەڵکو تا حاجی ئۆمەران دەڕۆیشت، لە قۆناغی یەکەمی داستانی کۆڕێ دا، پێشمەرگەکانی ھێزی بارزان لوتی دوژمنیان شکاند.
ئەو بەشداربووە، زیاتر دەڵێ: بۆ ڕۆژی ١٢ی نیسان، لە حاڵەتی ئامادەباشیدا بووین، لە سەنگەرەکانی پێشەوە ھەر ئەوەندەمان بینی ئۆتۆمبێلێک لە جۆری جێب لە پیرمامەوە بەرەو کۆڕێ دەھات، سەرەتا ژمارەیەک پێشمەرگە تەقەیان لە ئۆتۆمبێلەکە کرد، بەڵام بینیمان ئاڵای سپیی بەرزکردووەتەوە و دێت بۆ لامان، ھەر ھەندەمان دیت ئامر لیوایەکی سوپای عێراق دابەزی، پەیامی ڕژێمی پێ بوو کە داوای دانوستاندنیان دەکرد، داستانی کۆڕێ بووە ھۆکاری دەستپێکردنی دانوستاندن لەنێوان بەرەی کوردستانی و حکوومەتی بەعس، چونکە دوای داستانی کۆڕێ، ئێدی ڕژێم گەیشتە ئەو بڕوایە کە ھێزی پێشمەرگە بەھێزە و ناتوانن پێشڕەوی زیاتر بکەن.
فەرماندە مامک شێخۆ، بەشداربوویەکی دیکەی داستانی کۆڕێیە، ڕایگەیاند: لەو شەڕەدا ھێزەکانی پێشمەرگە توانییان گورزێکی کەمەرشکێن لە دوژمن بدەن، سەرەڕای کوژراوێکی زۆری ھێزەکانی ڕژێم ژمارەیەک تانک و ئۆتۆمبێلی سەربازی ڕژێم تێکشکێندران، ئێدی ئەو ڕۆژە بووە دواڕۆژی شەڕی ئێمە و ڕژێمی بەعس.

