رۆژنامەی ھەولێر

هەولێر بووە ئەو ژینگە لەبارەی بەهرەکانی شێرزۆدی تێدا دەربکەوێ

ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر

 

 

ئەو ژینگەیەی لە هەولێر بۆ شێرزۆد تێیمرۆڤ رەخسا، وای كرد ببێتە سووپەرستار و بانگهێشتی هەڵبژاردەی وڵاتەكەی بكرێت و بگاتە مۆندیالیش.

شێرزۆدی تەمەن 27 ساڵ، كەسێكە زۆر پەیوەستە بە ئەركە ئایینییەكەی و موسڵمانێكی زۆر پابەندە.
كەشی شاری هەولێر و مرۆڤدۆستی و میهرەبانیی خەڵكی هەولێری پایتەخت، لایەنی دەروونیی ئەو یاریزانەی زۆر ئاسوودە كردووە و رووحیەتێكی بەهێزی بۆ دروست كردووە، تەنانەت مامەڵەكردنی سەرۆك و ئەندامانی دەستەی كارگێڕیی یانەكە و هاندەرانی هەولێر وایان كرد شێرە ئۆزبەكستانییەكە 90 خولەك بەبێ وەستان بە دوای تۆپدا ڕابكات، تەنانەت لە یەككاتدا یارمەتیی هێڵی بەرگری دەدات و لە ناوەڕاستیشەوە تۆپەكان دەپچڕێنێت و دەیانكاتە هێرشی پێچەوانە و گۆڵیش دەكات.
شێرزۆد تێیمیرۆڤ، دوو ساڵ لەمەوبەر لە خولی ئێرانی لە كۆی 37 یاری تەنیا 3 گۆڵی كرد، تەنانەت لە خولی وڵاتەكەی بە درێسی یانەكانی پاختاكۆر و ناسافی ئۆزبەكستانی لە 51 یاری 11 گۆڵی كرد، ئەو یاریزانە نەیتوانی لە ئێران و تەنانەت لە ژینگەی وڵاتەكەشی خۆی بگونجێنێت و سەركەوتوو بێت.
بەڵام كاتێك هاتە هەرێمی كوردستان و درێسی یانەی هەولێری پۆشی، بەهرەكانی شێرزۆد گەشەیان كرد و تەقینەوە و ئێستا لە كۆی 25 یاری، 22 گۆڵی بۆ یانەی هەولێر كردووە و لوتكەی گۆڵكارانی خولی ئەستێرەکانی عێراقی گرتووە.
بۆزانین، شێرزۆد، یەكێك نییە لەو یاریزانانەی لە نێو یانەی هەولێر خاوەنی بەرزترین مووچە بێت، گرێبەستەكەی لەگەڵ یانەی هەولێر بە زمانی بازاڕ بۆ یەك ساڵ 17 دەفتەر دۆلارە، واتە 255 ملیۆن دینار، لە كاتێكدا گرێبەستی موعتەز زادەم لەگەڵ هەولێر 32 دەفتەر دۆلار بوو.
دەگوترێت شێرزۆد كاتێك گرێبەستەكەی لەگەڵ هەولێر واژۆ كردووە لە كۆتایی گرێبەستەكەی بڕگەیەك زیاد كراوە ئەگەر ببێتە گۆڵكار 10 دەفتەر دۆلاری وەكوو شیرینی و پاداشت پێبدرێت، كارگێڕیی یانەی هەولێریش ناحەقی نەبووە ئەگەر یەكسەر رازی بووبێت، چونکە بە ڕوانین لە ئەزموونی پێشتری، زەحمەتە بیریان لەوە كردبێتەوە ببێتە ئەو یاریزانە ببێتە گۆڵكار و هەموو عێراق و ناوچەكە شۆك بكات.
ئێستەش هاندەران و کەسانی شارەزای وەرزش، داوا دەکەن هەرچی زووە گرێبەستی شێرزۆرد نوێ بکرێتەوە، بە تایبەت کە چاوی چەندان یانەی ناوخۆی عێراق و دەرەوەیشی لەسەرە و ڕەنگە گرێبەستی گەورەی بۆ بێ، بۆیە داوایان کردووە گرێبەستەکەی نوێ بکرێتەوە و پارێزگاری لە مانەوەی ئەو یاریزانە لە پایتەخت بکرێ.