مامەیارە ئەحمەد – هەولێر
رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.
سلۆت پاساو دەهێنێتەوە: لیڤەرپوول نەیکردووە بە نەریت هەموو ساڵێک پرێمەر لیگ بباتەوە
ئارنی سلۆت، راهێنەری هۆڵەندیی یانەی لیڤەرپوول، پاساو بۆ داکشانی ئاستی یانەی لیڤەرپوول دەهێنێتەوە، کە ئەم وەرزە ئەنجامەکانی وەکوو پێویست نین.
رۆژنامەی دەیڵی مەیڵی بریتانی، قسەکانی ئەرنی سلۆتی بڵاو کردووەتەوە، کە دەڵێ: نازانم خەڵک چی دەنووسن، بەڵام پێم وایە کە هەموومان هەمان شت وەکوو خۆی دەبینین.
وتیشی: لەمەدا مەبەستم ئەوەیە من و خاوەنانی یانەکە، هەمووان ئەوە دەبینین کە لەبەردەمماندا روو دەدەن، هەمووشمان هاوڕاین لەوەی دەیبینین، بە دڵنیاییەوە ئێمە لەسەر ئەو شتانەی دەیبینین و هۆکارەکانیشی، هاوڕاین.
دەشڵێ: دەکرێ باسی هەموو ئەو هۆکارانە کرابن کە ئەم وەرزەی ئیمەی وا لێ کرد زۆر ئەستەم بێ، بۆیە ئێمە هاوڕاین، دەکری هەمووان هۆکارەکان بزانن، لەبەر ئەوە بۆچی پێویستە بەردەوام ئێمە هەواڵ و هۆکارەکەیان پێ بڵێین؟ چونکە ئەوە یەکسان دەبێ بە بیانووهێنانەوە، بیانووهێنانەوەش باش نییە.
وتیشی: ڕوونە و دەکرێ هەمووان بیبینن، گەر تۆ ناتەوێ هۆکارەکەی دیارەکەی ببینی، کێشە نییە، بەڵام زۆر ڕوونە، بینینی هەموو کێشانەی کە ڕووبەڕوومان بوونەتەوە، زەحمەت نییە.
هەروەها سلۆت ئاماژەی بە ئەندی رۆبرتسۆن کرد، کە لە کۆتایی وەرزدا یانەکە جێ دەهێڵێ، بەوە پێناسەی کرد کە یاریزانێکی گەورەیە و کەسێکی نموونەیی و ناوازەیە، بەڵام پێداگر بوو لەسەر ئەوەی یانەکەی پێویستی بە گرێبەستکردن لەگەڵ کەسانی خاوەنئەزموون نییە بۆ ئەم وەرزە، دوای رۆیشتنی محەمەد سەڵاح.
هەروەها سلۆت وتی: نموونەکەمان زۆر ڕوونە، ئەمە واتەی ئەوە نییە کە ناتوانین جیاکاری و تێهەڵچوونەوە لە بۆندەکاندا بکەین، چونکە یانەکە گرێبەستی لەگەڵ واتار و ئیندرۆدا کرد، ڕەنگە کیێساش کەمێک لەو یاریزانانە گەورەتر بووبێت کە بەزۆری گرێبەستیان لەگەڵ دەکەین.
وتیشی: پێم وا نییە گەر یانەکە لەسەر ئەم ڕێچکە واژۆکردنە سەرکەوتوو بێ، ڕێچکەکە بگۆڕین دوای وەرزێک کە ناوازە نەبێ، بە تایبەت کە خاوەنانی یانەکە، لە ماوەی ١٦ ساڵدا، ١٦ جار خولەکەیان نەبردووەتەوە.
وتیشی: هەروەها وەرزی دیکە هەبووە کە ئەنجامەکان پێچەوانەی پێشبینییەکان بوون، بەڵام هەمان نموونە و ڕێچکەیان پەیڕەو کردووە، کە من واژۆم کردووە و ریچارد واژۆی کردووە، هەمووشمان هاوڕا بووین.
ئەربیلووا: هەست بەوە ناکەین لا لیگامان دۆڕاندبێ
ئەلڤارۆ ئەربیلووای راهێنەری یانەی ریاڵ مەدرید، ڕەتی کردەوە ئاڵای ڕادەستبوون لە خولی ئیسپانیا هەڵبکا، دوای یەکسانبوونی لەگەڵ یانەی جیرۆنا لە گەڕی ٣١ یارییەکانی لا لیگا.
ریاڵ مەدرید ئێستە ٧٠ خاڵی هەیە و جیاوازییەکەی لەگەڵ بەرشلۆنە ٦ خاڵ بوو پێش یارییەکەی بەرشلۆنە لەگەڵ یانەی ئیسپانیۆل، لە کاتێکدا ٧ گەڕ لە خولەکەدا ماوە.
لەبارەی هەلی بردنەوەی لا لیگا لەلایەن ریاڵ مەدریدەوە دوای ئەو ئەنجامەش، ئەربیلووا دەڵێ: ئەو ڕۆژەی بە فەرمی ناسناوەکە لە دەست دەدەین، هەست بە لەدەستدانی ناسناوەکە دەکەم، تا ئەو کاتە بەردەوام دەبین لە ڕکەبەری و جەنگان بۆ بردنەوەی.
راهێنەری یانەی ریاڵ مەدرید، کە لە سێ یاریی رابردوودا نەیتوانیوە سەرکەوتن بە دەست بهێنێ، وتیشی: پێویستە هەموو ڕۆژێک بەرگری لە دروشمەکانی یانەکە بکەین و باشترین وێنە و وێنای یانەکە پیشان بدەین.
لەبارەی لەدەستدانی هەلی بردنەوە لە یانەی جیرۆنا، وتی: هەلی زۆرمان بۆ ڕەخسا، بەشێکیمان قۆستەوە، پێکهاتەکەمان بەهێز بوو، پێویست بوو گۆڵی دیکە تۆمار بکەین.
لەسەر ئەو لێدانە سزایەی بۆ ریاڵ مەدرید نەژمێردرا، کاتێک لە نێو هێڵی سزا لە کیلیان ئمباپێ درا و خوێنی لێ ڕۆیشت و ناوبژیوان ئەلبیرۆلا رۆخاس هیچی نەگوت، راهێنەرەکەی ریاڵ مەدرید، ڕایگەیاند: لە ڕوانگەی ئێمەوە لێدانێکی سزای دروست بوو، لەسەر زەوی و تەنانەت لەسەر مانگیش ئەوە لێدانی سزایە، ئەمە دیمەنێکی دیکەیە و دەچێتە سەر دیمەنەکانی پێشتر، دیمەنێک دەچێتە سەر دیمەنەکەی هەفتەی پێشتر. ئەمە ئەوەیە کە هەیە، واقیعەکەیە.
لە بارەی بێدەنگیی ژووری (VAR)ـەوە، راهێنەرە ئیسپانییەکە وتی: نازانم چۆن دێنە نێو بابەتەکە، ئەو کاتەی بۆیان گونجاوە، یان ئەو کاتەی گونجاو نییە و ناکرێ نایەنە ناو بابەتەکە، ئیوە ڕای من دەزانن، راستییەکانیش ڕای من دووپات دەکەنەوە، ئەوە دیمەنێکی زۆر ڕوون بوو، فاوڵ لەسەر ئمباپێ ژمێردراوە، کە زۆر ساناتر بووە لەو لێدانەی لە خۆی درا، ئەمە حاڵەتێکی دیکەیە وەکوو ئەوانی دیکە.
لە بارەی ئاستی جۆنیۆر و ئمباپێ، کە ڕەخنەیان لێ گیرا، ئەربیلووا، متمانەی خۆی بە تواناکانیان دووپات کردەوە و وتی: ناکرێ نیگەران بین لەسەر ئەو یاریزانانەمان بەو جۆرە ئامارانە، لەسەرمانە هەموومان لە هەموو ڕوویەکەوە باش بی، بە تایبەت دژی تیپێکی کە دەگەڕێتەوە و بەرگری دەکات.
لیڤاندۆڤسکی ئۆفەرێکی فەرمیی بۆ چووە و چارەنووسی یەکلا دەکاتەوە
هێرشبەری یانەی بەرشلۆنەی ڕۆبێرت لیڤاندۆڤسکی، گرێبەستیکی فەرمیی لە یانەکەی خۆیەوە بۆ یەکلاکردنەوەی چارەنووس و داهاتووی لەگەڵ بەرشلۆنە. تا کۆتایی ئەم مانگە، ئەو گرێیەستە و سەرجەم ئۆفەرەکانی دیکە هەڵدەسەنگێنێ و بڕیاری کۆتایی خۆی دەدات.
گرێبسەتی ئەو هێرشبەرە پۆڵەندییە لەگەڵ بەرشلۆنە لە هاوینی داهاتوو کۆتایی پێ دێ، لەو کاتەوە دەتوانێ لەگەڵ هەر یانەیەکی دڵخوازیدا، بە شێوەی فری گرێبەست واژۆ بکات.
بەڵام ڕۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی بڵاوی کردەوە، کە بەرشلۆنە گرێبەستێکی فەرمیی پێشکەشی ئەو هێرشبەرەی کردووە، بۆ ئەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکە نوێ بکاتەوە.
رۆژنامەکە باسی لەوەش کردووە، کە ئۆفەرەکەی بەرشلۆنە، بریتییە لە نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لیڤاندۆڤسکی بۆ ماوەی تەنیا ساڵێک، لەگەڵ کەمکردنەوەی مووچەکەی ئێستەی، بە تایبەت کە لە ئابی داهاتوو تەمەنی دەگاتە ٣٨ ساڵان.
هێرشبەرە پۆڵەندییە، بەو جۆرە وەڵامی یانەکەی داوەتەوە، کە بڕیاری کۆتایی خۆی دەخاتە کۆتایی ئەم مانگەوە.
ئاماژەی بەوەش کردووە، بینی زەهافی، بریکاری کارەکانی ئەو یاریزانە، ئەم هەفتەیە لە بەرشلۆنەیە، بۆ ئەوەی کۆبوونەوە لەگەڵ نوێنەرانی یانەکە بکا و وردەکاریی گرێبەستەکە بزانێ.
ئەو هەنگاوەی بەرشلۆنە، لە کاتێکدایە، کە چەند یانەیەک لەم چەند هەفتەی دواییدا، هەوڵیان داوە هێرشبەرە تەمەن ٣٧ ساڵانەکەی بەرشلۆنە ببەنە ریزەکانیانەوە.
ئێستە لیڤاندۆڤسکی هەموو ئەو ئۆفەر و پێشنیاز و گرێبەستانەی لەبەردەمیدان، لەگەڵ خێزانەکەی تاوتوێ دەکات و هەڵیاندەسەنگێنێ، کە جگە لە یانەکەی خۆی، گرێبەستی لە یانەکانی میلان و یوڤێنتوسی ئیتاڵی و شیکاگۆ فایەری ئەمریکی و چەند یانەیەکی سعوودیەوە بۆ چووە.
هەرچەندە پێشینەبڕیاری ئەستێرە پۆڵەندییەکە بۆ مانەوەیە لە بەرشلۆنە، بە ڕوانین لە ژیانی جێگیر و ئاسوودەی کە لەگەڵ خێزان و دوو کچەکەیدا بەسەری دەبات، کە ڕەنگەو ئەو دۆخە وای لێ بکا، لە رووی داراییشەوە هی بەرشلۆنە کەمتر بێ، پێی ڕازی بێت.
لیڤاندۆڤسکی بە یاریزانێک دادەنرێ کە خاوەن گیانی ڕکەبەرییە لە نێو بەرشلۆنە، ئەوەی قبووڵ دەبێ ڕۆڵی دووەم ببینێ، بەو مەرجەی یانەکە گرێبەست لەگەڵ هێرشبەرێکی باڵادا بکات بۆ ئەوەی ببێتە یاریزانی سەرەکی، ئەمەش پێویستیی ئەو هێرشبەرە پۆلەندییە بۆ ناسینی ئەو پڕۆژەیە وەرزشییە ڕوون دەکاتەوە کە بەرشلۆنە بۆ داهاتوو پلانی بۆ دادەنێ، بۆیە کارەکە تەنیا لەسەر پرسی دارایی ناوەستێ.

