رەنگە دوای هەڵبژاردنی شارەوانییەكان پارتێكی نەژادپەرستی توركیا هەڵوەشێتەوە

كارزان گلی – هه‌ولێر

پارتی خاس، كە لە هەناوی مەهەپە لەدایك بوو، ئەگەر زۆرە دوای هەڵبژاردنی شارەوانییەكان لە توركیا، ئەو پارتە بەرەو داڕووخان و پەرتەوازەیی بچێت، هۆكارەكەشی كەمبوونەوەی دەنگ و ئاستی جەماوەریی ئەو پارتەیە لە تەواوی توركیادا.

پارتی خاس، دوای ئەوەی لە مەهەپە جیا بووەوە، توانی بە قورساییەكی زۆرەوە بێتە مەیدانی سیاسەت، هەروەها لە هەڵبژاردنی 2018، توانی بەربەست بشكێنێت و 49 پەرلەمانتاری هەبێت، واتە چوارەم گەورەترین پارتی سیاسی توركیا بوو، بەڵام دوای ئەوەی مەڕاڵ ئاكشەنەر، سەرۆكی پارت، چەند هەڵەیەكی گەورەی سیاسی كرد، ئەو پارتە بەرەو لاوازی هەنگاو دەنێت.
تەنیا كەمتر لە دوو مانگی مابوو، تا ئۆپۆزسیۆنی توركیا، بەربژێری خۆیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی 2023 دەستنیشان بكەن، ئاكشەنەر، لە هاوپەیمانیی كشایەوە و گوتی بۆیە دەكشێمەوە، قبوڵی ناكەم كەمال كلیچدارئۆغڵو ببێتە بەربژێری ئۆپۆزسیۆن و ئەو بەرامبەر بە رەجەب تەییب ئەردۆغان، دووچاری شكست دەبێتەوە.
بەڵام ئاكشەنەر هەر دوو رۆژ دوای ئەو بڕیارە، پەشیمانیان كردەوە و هاتەوە ناو هاوپەیمانیی (میللەت) و پشتگیری لە كلیچدارئۆغڵو كرد. ئەمەش وەكوو هەڵەیەكی سیاسی گەورە سەیر كرا، چونكە سەرۆك پارتێكی گەورەی سیاسی بڕیاری كشانەوە لە هاوپەیمانیی بدات، ناكرێت دوای دوو رۆژ پەشیمان ببێتەوە.
جیا لەوەش، بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی 31ی3ی2024، ئاكشەنەر بڕیاریدا بۆ ئیستانبۆڵ، پشتگیری لە ئەكرەم ئیمامئۆغڵو نەكەن، بەڵكوو بەربژێری خۆیان هەبێت، ئەمەش لایەنگرانی ئەو پارتەی توڕە كرد، چونكە ئەم هەنگاوە پشتگیرییە لە بەربژێری ئاكەپە و لێدانە لە ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، بەربژێری جەهەپە بۆ ئیستانبۆڵ.
بەهۆی ئەو بڕیارەوە، سەدان ئەندامی پارتی خاس، وازهێنانیان لەو پارتە راگەیاند و گوتیان مادام لە ئیستانبۆڵ پشتگیری لە ئیمامئۆغڵو نەكرد، ئێمە دەست لەكاردەكێشینەوە.
باس لەوە دەكرێت، ئیمامئۆغڵو دەستی هەبووە لەوەی سەدان ئەندامی سەر بە پارتی خاس دەست لەكاربكێشنەوە، واتە كاریگەریی ئیمامئۆغڵو تەنیا بەسەر جەهەپەوە نییە، بەڵكوو بەسەر پارتی خاسیشەوەیە. وەكوو ئەوەی پێشبینی دەكرێت، 70%ی دەنگدەری پارتی خاس، دەنگ بە ئیمامئۆغڵو دەدەن و دەنگ بە بەربژێری پارتی خاس نادەن بۆ هەڵبژاردنی ئیستانبۆڵ، ئەمەش دەریدەخات كە پارتی خاس چەند لاواز بووە.
پێشبینی دەكرێت پارتی خاس، دوای هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی توركیا، بەرەو لاوازی و پەرتەوازەیی بچێت، چونكە دووچاری شكستێكی گەورە دەبێتەوە، بەتایبەت لە ئیستانبۆڵ، كە ئەنجامی دەزگاكانی راپرسی پێمان دەڵێت، بەربژێری پارتی خاس لەو شارە، 2٪ زیاتر ناهێنێت، ئەو رێژەیەش لە دەنگی ئۆپۆزسیۆن، یاخود ئیمامئۆغڵو دەڕوات و زیانی بەر دەكەوێت.
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی 2019، پارتی خاس نەیتوانی سەرۆكی شارەوانیی هیچ گەورە شارەوانیی و شارێك بباتەوە، تەنیا توانی لە تەواوی توركیادا سێ ملیۆن و 375 هەزار 467 دەنگ بەدەست بهێنێت و 19 شارەوانیی ناوچەكانی بردەوە لەگەڵ 6 شارەوانی شارۆچكەی بردەوە.
بەڵام دەنگی پارتی خاس، رۆڵی هەبوو لەوەی لە ئیستانبۆڵ و ئەنكەرا، بەربژێری جەهەپە سەركەوتوو بێت، چونكە لەو دوو شارە بەربژێری نەبوو و پشتگیری لە بەربژێرانی جەهەپە كرد لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی (میللەت).
پارتی خاس، لە 25ی10ی2017، دامەزرا و مەڕاڵ ئاكشەنەر وەكوو سەرۆكی پارت هەڵبژێردرا. بەشێكی زۆری ئەندامانی سەركردایەتی ئەو پارتە، پێشتر مەهەپە بوون، بەڵام دوای ئەوەی ئاكشەنەر نێوانی لەگەڵ دەوڵەت باخچەلی تێكچوو، لێی جیا بووە و پارتی خاسی دامەزراند.
ئەو پارتە نەژادپەرستە، بەئاشكرا دژی مافی كوردە و هەدەپە و دەم پارتی پێ پارتێكی تیرۆرستییە و دەڵێت لەگەڵ ئەو دوو پارتە لەسەر مێزی گفتوگۆدا دانانیشین.

ھەواڵی زیاتر