مامەیارە ئەحمەد – هەولێر
رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.
بۆچی گابریێل خیسۆس درێسی ریاڵ مەدریدی نەپۆشی و ئێستە دەچێتە بەرشلۆنە؟
یاریزانی بەڕازیل گابریێل خیسۆس، هێرشبەری یانەی ئارسناڵ، نزیک بووەتەوە لە یانەی بەرشلۆنە، کە چیرۆکی ئەو یاریزانە لەسەر گواستنەوەی سەرنجڕاکێشە، چونکە لە هاوینی ٢٠٢٢ـدا ویستی بچێتە ریاڵ مەدرید و زۆر لە تەواوکردنی ئەو گرێبەستە نزیک بوو، بەڵام یانەی شایانە لە دواساتەکاندا پاشگەز بووەوە، بە هۆی نەبوونی پاسپۆرت یەکێک لە وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا.
بە پێی ڕاپۆرتێکی مێدیایی، کە وردەکاریی دانوستانی ئەو کاتی ئاشکرا کرد، ریاڵ مەدرید گرنگیی بە گرێبەستکردن لەگەڵ خیسۆس دەدا، ئەو کات زۆر جێی سەرنج و سەرسامیی کارلۆ ئەنچیلۆتی بوو، هەروەها باس لەوە کراوە یانەکە لە رووی هونەرییەوە ئەو یاریزانە بە زۆر باش زانیوە، بەڵام کارگێڕیی یانەکە ئەو کات بڕیاری دا گرێبەستەکە تەواو نەکەن، دوای ئەوەی هەموو ئەو خانانەی تەواو کرد، کە بۆ یاریزانی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا، تەرخان کرابوو.
ڤینیسیۆس جۆنیۆر، ڕۆدریگۆ، ئیدێر میلیتاو، ئەو سێ خانەیەیان پڕ کردبووەوە کە تایبەت کرابوو بۆ یاریزانی نائەورووپی لە لیستی ریاڵ مەدرید، لەکاتێکدا پرۆسەی بەدەستهێنانی پاسپۆرتی ئیسپانی بۆ ئەوان هێشتا بەردەوام بوو، ئەمەش وای کرد ناوی خیسۆس تۆمار نەکرێ و بەو جۆرە نەیدەتوانی بەشداریی یارییەکانی ریاڵ مەدرید بکات.
ڕێوشوێنەکانی ڕیاڵ مەدرید و داخستنی دەرگەی ریاڵ مەدرید بە ڕووی دانوستان، درەنگ کەوت، دواجار خیسۆس بۆ یانەی ئارسناڵ گواسترایەوە، ئەوە بوو لە ئەیلوولی ٢٠٢٢ـدا ڕەگەزنامەی ئیسپانیی بە دەست هێنا. پێش ئەوەی دواتر ڕۆدڕگیۆ و میلیتاو دواتر پەیوەندیی پێوە بکەن، بەو جۆرە کێشەکە بە نەڕۆیشتنی خیسۆس بۆ ریاڵ مەدرید کۆتایی هات.
دوای چوار ساڵ، ئەمجارە خیسۆس نزیکە لە گەڕانەوەی بۆ خولی ئیسپانی، بەڵام ئەم جارە لە دەرگەی یانەی بەرشلۆنەوە، کە ڕەنگە لە چەند کاتژمێری داهاتوودا یەکلای بکاتەوە و لە ئارسناڵی ئینگلیزییەوە بگوازرێتەوە بۆ بەرشلۆنە.
بەو جۆرە چیرۆکی جیسۆس کە پاسپۆرت ڕێگری لێ کرد بچێتە ریاڵ مەدرید، دەگۆڕێ بۆ پەیوەندیکردن بە ڕکەبەرە دێرین و سەرسەختەکەی – بەرشلۆنە – لە دۆسیەی دژبەیەکی دەرفەتێکی لەدەستچوودا، کە تیایدا یانەی شایانە ڕەزامەندیی ئەنچیلۆتیی راهێنەر و ڕاپۆرتی هونەریی ئەرێنیی هەبوو، بەڵام بە هۆی سنووردارکردنی کارگێڕییەوە نەیتوانی سوودی لێ وەربگرێت.
ریاڵ مەدرید گرێبەستێکی نوێی واژۆ کرد و یاریزانێکی ١٩ ساڵانی بردە ریزەکانیەوە
یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانی، گرێبەستی لەگەڵ سێرجیۆ مارتینیز، یاریزانی یانەی ڕایسینگ سانتاندێردا واژۆ کرد، بەرانبەر سێ میلیۆن یۆرۆی مەرجسزای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستنەکەی.
رۆژنامەی مارکای ئیسپانی، بڵاوی کردەوە، کە ئەو یاریزانە تەمەنی ١٩ ساڵانە و پەیوەندی بە تیمی دووەمی ریاڵ مەدرید (کاستیا)ـوە دەکات، بەڵام ئەگەری هەیە لەگەڵ تیپی یەکەمیش مەشق و راهێناندا بکات، گرێبەستەکەیشی تا ساڵی ٢٠٣٠ـە.
سێرجیۆ مارتینێز دەگاتە ڕیال مەدرید دوای ئەوەی لەم وەرزەدا یەکەم یاریی خۆی لە خولی پلە یەک ئەنجام دا، لەو ماوەیەدا گۆڵێکی تۆمارکرد، ئەمەش دوای سەرکەوتنی تیپەکەی.
پرۆسەی پێدانی مەرجسزای گرێبەستی یاریزانە کۆتایی هات و یانەی ڕایسینگ سانتاندێر لە ڕاگەیاندراوێکی فەرمیدا ئاماژەی بەوە کرد، کە لەگەڵ ریاڵ مەدرید گەیشتنە ڕێککەوتن لە بارەی گواستنەوەی سێرجیۆ مارتینیز.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا باس لەوە کردووە: یانەی ریاڵ مەدرید پابەندە بە پێدانی مەرجسزای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی بە یەک جار، ئەویش ئەو بڕەیە کە لە گرێبەستی یاریزانەکە لەگەڵ ئێمە وەکوو مەرجسزای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی دیاری کرابوو.
هەروەها یانەی ڕایسینگ پەیامێکی کاریگەریی بۆ ماڵئاوایی یاریزانەکە نووسیوە، کە لە هەموو قۆناغەکانی ئەکادیمیای یانەکەیان لەگەڵیاندا بووە.
ڕایسینگ سانتاندێر، ڕاشیگەیاندووە: هیوای هەموو سەرکەوتنێک بۆ سێرجۆ دەخوازین کە شاییستەی سەرکەوتنە، ئێمە زۆر شانازیی پێوە دەکەین بە پێشکەوتنی و ئەو ڕێگەیەی گرتوویەتییە بەر و بەو ئاستەی بە درێسی یانەکەوە پێشکەشی دەکات لە ماوەی ساڵانێکی زۆردا. هەروەها یاریگەی ساردێنیرۆی وەرزشی هەمیشە ماڵی تۆ دەبێت.
“یانەی بەرشلۆنە گرێبەستی لەگەڵ بەهرەوەرێکی هامبۆرگ یەکلا کردەوە”
یانەی بەرشلۆنەی ئیسپانی، گرێبەستی لەگەڵ یاریزانی لاوی ئەڵمانی میکائیل بازای تەمەن ١٦ ساڵان واژۆ کرد و لە یانەی هامبۆرگەوە چووە یانەی بەرشلۆنە.
یانەی بەرشلۆنە، گرێبەستی لەگەڵ یاریزان میکائیل بازای تەمەن ١٦ ساڵاندا واژۆ کرد و گرێبەستەکەی تا ساڵی ٢٠٢٩ـیە، ئێستە پلان دادەنێت بۆ ئەوەی لە ئەکادیمیای لاماسیا پەرەی پێ بدات و بۆ ڕیزی یەکەمی یانەکەی ئامادەی بکات.
یانەی بەرشلۆنە لەگەڵ یانەی هامبۆرگدا، گەیشتە ڕێککەوتن بۆ ئەوەی بەرگریکارە لاوە بباتە ریزەکانیەوە، کە بە یەکێک لە بەهرەوەرەکانی هێڵی بەرگری لەم نەوەیەی ئێستەدا دادەنرێت.
فلۆریان پلتنبێرگ، ڕۆژنامەنووس لە سکای سپۆرت، باسی لەوە کردووە، کە گرێبەستەکە کۆتایی هاتووە و پەیوەندیی بە یانەی بەرشلۆنەوە دەکات.
ئەو رۆژنامەنووسە باسی لەوە کردووە، پشکنینی پزیشکیی بۆ ئەو یاریزانە دەکرێ و ئەمڕۆ سێشەممە گرێبەستەکەی واژۆ دەکرێ، بازا پابەند دەبێت تا ساڵی ٢٠٢٩ لە یانەی بەرشلۆنە دەمێنێتەوە.
ئەو هەنگاوەی بەرشلۆنە، لە چوارچێوەی ئەو پلانە ستراتیژییەدا دادەنرێ کە یانەی بەرشلۆنە گرتوویەتییە بەر بۆ ئەوەی یاریزانی لاوی بەهرەوەر بباتە ریزەکانیەوە. بەرشلۆنە پلانێکی درێژخایەنی داناوە، کە یاریزانی لاوی بەهرەوەر بباتە ئەکادیمیاکەیەوە، تا پەرە بە ئاستیان بدات و دروستیان بکات و بیانکات بە بەهرەی داهاتووی ڕیزی یەکەمی یانەی بەرشلۆنە، بۆ ئەوەی بە کەمترین خەرجی پێکهاتەیەکی بەهێزی دەست بکەوێت.
بازا، کە یاریزانی هێڵی ناوەڕاستە، تەمەنی ١٦ ساڵانە و سەرنجی بەشێکی زۆری یانەکانی کەوتە سەر، بە هۆی بەهرە و تواناکانیەوە.
پەیوەندیکردنی ئەو یاریزانە بە یانەی بەرشلۆنەوە، لەو چوارچێوەیەدایە بەرشلۆنە دەیەوێ بە یاریزانی لاو و نوێ، کە لە داهاتوودا بتوانێ لە ڕیزی تیپی یەکەم یاری بکات، بباتە ریزەکانیەوە.
یانەی بەرشلۆنە، لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەدا، چاوی خستە سەر ئەو یاریزانە، ناوی بووە بژاردەیەکی بەردەستی دیکۆی بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەکە، کە لێی ورد بووەوە و هەڵیسەنگاند و دواتر دوای رۆیشتنی ئەلفارۆ کۆرتیش، بڕیاری دا بیبەنە ریزەکانیانەوە.
بە پێی زانیارییەکانی ئەو رۆژنامەنووسە، بەرشلۆنە گرێبەستەکە تەواو دەکات و لەگەڵ هامبۆرگدا ڕێک کەوتووە.
بازا، پەیوەندیی ماڵباتی لەگەڵ یەکێک لە دیارترین بەرگریکارانی ئەڵمانیاوە هەیە، کە ئەویش کوڕەمامی جۆناتان تاهـ، یاریزانی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا و یانەی بایرن میونشنە.
هەرچەندە ئەو یاریزانە تەمەنی ١٦ ساڵی تێپەڕ نەکردووە، بۆیە ڕێگەیەکی دوور و درێژی لەبەردەمە و چاوەڕوانی داهاتوویەکی گەشی لێ دەکرێ، بەو پێیەی بەرشلۆنە گرێبەستی تا ساڵی ٢٠٢٩ـدا لەگەڵ کردووە و ڕەنگە دواتریش درێژی بکاتەوە.

