عەبدولقەهار هەولێری
لە ناوەندی KG Lobby Center، بە هاوبەشی لەگەڵ یەکێتی ئافرەتانی کوردستان و فیدراسیۆنی ژنانی دیاسپۆرای کوردستان، چالاکییەکی تایبەت بە مەبەستی ناساندن و بەڵگەکردنی کۆمەڵکوژییەکانی کورد بەڕێوەچوو.
لە چالاکییەکەدا، بە ئامادەبوونی د. دلاوەر ئاشگەیی، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەوروپا، د. محەمەد ئیحسان، کەس و کاری قوربانیانی ئەنفال و شەهیدان، و ژمارەیەک لە کوردانی تاراوگە، دۆکیومێنتاریی سێبەری بێدەنگی (Shadow of Silence)ـەکەی جانۆ ڕۆژبەیانی نمایش کرا. هەروەها کۆمەڵێک وتار و گفتوگۆی پسپۆڕان و کەسانی شارەزا لە بواری کۆمەڵکوژی و مافەکانی مرۆڤ پێشکەش کرا.
چالاکییەکە بە بەخێرهێنانی ئامادەبووان لەلایەن (KG Lobby Center)ـەوە دەستی پێکرد. دواتر ئاورنگ شاوەیس، بەرپرسی (KG Lobby Center)، دانیشتنەکەی کردەوە و جەختی لەسەر گرنگی بەردەوامبوون لە ناساندنی کۆمەڵکوژییەکانی کورد و پەرەپێدانی بەڵگە و دۆکیومێنتکردنی ئەو ڕووداوانە کردەوە؛ بە تایبەتی بۆ پاراستنی یادەوەریی قوربانیان و گەیاندنی ڕاستییە مێژووییەکان بە نەوەکانی داهاتوو.
نمایشکردنی دۆکیومێنتاریی سێبەری بێدەنگی
لە بەشی یەکەمی چالاکییەکەدا، دۆکیومێنتاریی سێبەری بێدەنگی (Shadow of Silence) نمایش کرا. ئەم بەرهەمە بە شێوەیەکی بەڵگەنامەیی و مرۆیی باس لە کۆمەڵکوژی و تاوانەکانی بەرامبەر کورد دەکات و هەوڵ دەدات بەڵگە و یادەوەریی ئەو ڕووداوانە لە چوارچێوەیەکی نێودەوڵەتیدا بخرێتە بەرچاو.
دوای نمایشکردنی دۆکیومێنتارییەکە، کۆمەڵێک میوان و کەسایەتیی شارەزا بەشدارییان لە گفتوگۆکە کرد و پرسی کۆمەڵکوژییەکانی کوردیان لە ڕوانگەی جیاوازەوە خستە ڕوو.
بەشداری و وتاری میوانان
ئارنۆڵد کارکینز (Arnold Karskens) ڕۆژنامەنووسی ناسراوی هۆڵەندی، باسێکی لەسەر هەوڵەکانی لە ساڵانی نەوەدەکان کرد بۆ بەدواداچوون و دادگاییکردنی ئەو بازرگانە هۆڵەندییەی کە مادەی کیمیایی بە حکوومەتی عێراق فرۆشتبوو. ئەو هەوڵانە لە چوارچێوەی بەدواداچوونی ڕۆژنامەوانی و دادپەروەریدا کرابوون.
د. محەمەد ئیحسان، کە بە ڕۆڵی خۆی لە بواری بەڵگەکردن و گەڕاندنەوەی ڕوفاتەکانی قوربانیانی کۆمەڵکوژییەکانی کورد ناسراوە، لەسەر هەوڵەکانی بۆ گەڕاندنەوەی ٥٩٠ ڕوفات بۆ خاکی کوردستان قسەی کرد. ئەو هەروەها گرنگی ئەو هەنگاوانەی بۆ پاراستنی یادەوەریی قوربانیان و دۆکیومێنتکردنی تاوانەکان خستە ڕوو.
شوعلە ڕەسول، بەرپرسی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان لە ئەوروپا، لە وتارەکەیدا ڕۆڵ و بەشداربوونی ئافرەتی کوردی لە ڕووداوەکانی کۆمەڵکوژی و ئەو ئازار و ستەمەی بەسەریاندا هاتووە، خستە بەر ڕووناکی.
شوکری بەرواری، بە نوێنەرایەتی کۆنفیدراسیۆنی دیاسپۆرای کوردستان، جەختی لە گرنگی دامەزراوە و ناوەندەکانی وەک (KG Lobby Center) کردەوە. ئەو ئاماژەی بەوەدا کە ئەم جۆرە چالاکییانە ڕۆڵێکی گرنگ لە ناساندنی پرسی کۆمەڵکوژیی کورد بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەیە.
د. ناسکە سەعید، نوێنەری فیدراسیۆنی ژنانی دیاسپۆرای کوردستان، لە وتارەکەیدا باسی ئاستەنگ، ڕەنج و ستەمەکانی ئافرەتانی کوردی کرد کە لە ماوەی کۆمەڵکوژی و هێرشەکانی دەسەڵاتە داگیرکەرەکاندا بەسەریاندا هاتووە.
لە بەشی کۆتایی گفتوگۆکەدا، شەوبۆ محەمەدی ڤێرکادە باسێکی فراوانی لە مێژووی کۆمەڵکوژییەکانی کورد، لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە تا تاوانەکانی داعش، کرد. هەروەها پرسیاری ئەوەی خستە ڕوو کە یاسای نێودەوڵەتی تا چەندە پشتگیری لە مافەکانی کورد لە بابەتی کۆمەڵکوژی دەکات و بۆ بەدەستهێنانی دادپەروەری و دانپێدانان بەو تاوانانە چی دەبێت بکرێت.
گرنگی و ئەنجامەکانی چالاکییەکە
ئەم چالاکییە لەو ڕووەوە گرنگ بوو کە دوو تەوەری سەرەکی، واتە دۆکیومێنت و گفتوگۆی زانستی، لە یەک چوارچێوەدا کۆکردەوە. لە ڕێگەی نمایشکردنی فیلم و وتارە تایبەتییەکانەوە، پرسی کۆمەڵکوژیی کورد لە ڕوانگەی مێژوویی، مرۆیی، یاسایی و نێودەوڵەتییەوە خستە بەرچاو.
پرسی کۆمەڵکوژیی کورد پرسییەکی نەتەوەیی و مێژووییە کە سنووری ناوچە و وڵات تێدەپەڕێنێت. بۆیە بەڕێوەچوونی ئەم جۆرە چالاکییانە و بەشداریی کەسانی کورد و نێودەوڵەتی، هەنگاوێکی گرنگە بۆ بەردەوامکردنی دەنگی قوربانیان، پاراستنی یادەوەرییەکان و گەیاندنی ڕاستییە مێژووییەکان بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە میوانان و هاوڕێیانی نێودەوڵەتی لە وڵاتانی جیاواز، نیشانەی هاوسۆزی، هاوڕێیەتی و پابەندبوونیان بە بنەماکانی مافەکانی مرۆڤ، دادپەروەری و پاراستنی یادەوەریی قوربانیان بوو.
لە کۆتاییدا، بەشداریی میوانان و هاوبەشانی چالاکییەکە، بە تایبەتی شوعلە ڕەسول و د. ناسکە سەعید، لەگەڵ تیمی (KG Lobby Center)، بە هەنگاوێکی گرنگ و کاریگەر هەژمار کرا بۆ بەردەوامکردنی ئەو هەوڵانەی کە ئامانجیان ناساندنی ڕاستییەکانی کۆمەڵکوژیی کورد، پاراستنی یادەوەریی قوربانیان و گەیاندنی دەنگی ئەوانە بە جیهانە.

