رۆژنامەی ھەولێر

چارەنووسی ئەستێرەیەلی بایرن میونشن دیار نییە

ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر

 

هەردوو تیپی پیاوان و خانمانی یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانیا، بەبێ ئامادەبوونی جەمال موسیالا بە ئامادەبوونی هاندەران ناسێندران.

لە مەڕاسیمێکدا بە ئامادەبوونی نزیکەی دوو هەزار هاندەری یانەی بایرن میونشن لە یاریگای راهێنانەکانی ئەو یانەیە، هەردوو تیپی خانمان و پیاوانی ئەو یانەیە کە وەرزی رابردوو توانیان ناسناوی خولی نێوخۆیی بەدەست بهێنن ناسێندران و لەو مەڕاسیمەدا جەمال موسیالا کە لە دوایین یاری دۆستانە و ئامادەکاری یانەکەی لە هۆش خۆی چوو بوو ئامادەنەبوو. تۆڕی هەواڵی سکای سپۆرتی ئەڵمانیش بڵاویکردەوە، موسیالا تەندروستی جێگیرە و دوێنێ دووشەممە بە تەنهایی راهێنانەکانی کردووە.
یانەی بایرن میونشن تا ئێستا هیچ زانیارییەکی نوێ لەبارەی بارودۆخی یاریزانە 23 ساڵانەکەی ئاشکرا نەکردووە، تەنها ئەوە نەبێت ماکس ئیبەرلی بەڕێوەبەری وەرزشی یانەکە رۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند، ئەوەی گرنگە جەمال موسیالا تەندروستی زۆر باشە.
جەمال موسیالا یاریزانی لاوی یانەی بایرن میونشن، لە یارییە دۆستانە و ئامادەکارییەکەی یانەکەی بەرامبەر لایپزیگ کە لە شاری میونشن بەڕێوەچوو، بەهۆی بەرزی پلەکانی گەرما تەندروستی تێکچوو و لەناو یاریگا لە کاتی یارییەکە لە هۆش خۆی چوو.
جەمال موسیالا تەمەنی 23 ساڵە، لە هاوینی 2019 لە تیپی لاوانی یانەی چێڵسی روویکردە بایرن میونشن، لەگەڵ یانە باڤارییە لە 231 یاری 69 گۆڵ و 45 ئەسیستی کردووە.