رۆژنامەی ھەولێر

ئاکام هاشم بووە یەکەمین یاریزان دوو خەڵات وەربگرێت

مامەیارە ئەحمەد – هەولێر

 

ئەستێرە کوردەکانی هەرێمی کوردستان کۆنترۆڵی خەڵاتی باشترینەکانی وەرزی رابردووی خولی ئەستێرەکانی عێراقییان کرد و زۆرترین خەڵاتیان بردەوە.

رێکخراوی سوکەر ستاری وەرزشی عێراق خەڵاتی باشترین یاریزانەکانی عێراقی بۆ وەرزی 2025 ـ 2026 دابەش کرد، وەرزشوانە کوردەکان زۆرترین خەڵاتییان بردەوە.
لە رێورەسمێکدا لە بەغدا بە ئامادەبوونی زۆربەی یاریزان و کەسایەتییە وەرزشییە دیارەکانی عێراق، رێکخراوی سوکەر ستاری وەرزشی عێراق خەڵاتی باشترینەکانی تۆپی پێی کرد بۆ وەرزی 2025 ـ 2026.
ئاکام هاشم، بەرگریکاری کوردی یانەی زاخۆ خەڵاتی باشترین بەرگریکاری عێراقی پێبەخشرا، لەلایەکی دیکەوە ئاکام بە هاوبەشی لەگەڵ پیتەر گۆرکیس وەکو باشترین یاریزانی عێراق بۆ ساڵی 2026 دیاریکرا.
مێرخاس دۆسکی بە باشترین یاریزانی پیشەگەری عێراق بۆ 2026 دەستنیشان کرا، مستەفا قابیل خەڵاتی باشترین هێرشبەری لاوی 2026ـی پێبەخشرا، شێرزۆد تێیمیرۆڤ خەڵاتی سوکەر ستاری وەکو باشترین پیشەگەری بیانی وەرگرت.
شۆخان نورەدین، کچە کوردەکەی شاری هەولێر بە باشترین خانمە وەرزشوانی عێراق دیاریکرا.
هاروون ئەحمەد بە کاریگەرترین یاریزانی وەرزی رابردووی خولی ئەستێرەکانی عێراق دەستنیشان کرا.
مستەفا قابیل، ئەستێرەی یانەی هەولێر بە باشترین هێرشبەری لاوی وەرزی رابردوو دیاریکرا.
ئەحمەد باسڵ وەکو باشترین گۆڵپارێزی عێراق و محەمەد جەوادیش وەکو باشترین هێڕشبەری عێراق بۆ ساڵی 2026 دیاریکران.
رەشید جابر، راهێنەری بە رەسەن عومانی کە وەرزی رابردوو نازناوی خولی ئەستێرەکانی عێراقی لەگەڵ قوە جەوییە بەدەستهێنا بە باشترین راهێنەری عێراق بۆ ساڵی 2026 دیاریکرا.