رۆژنامەی ھەولێر

شەمەندەفەری خولی ئەستێرەکانی عێراق لە هەرێمی کوردستانەوە دەکەوێتە ڕێ

 

 

بە هۆی ئارامی و سەرنجڕاکێشی یاریگەکانی هەرێمی کوردستان لە ماوەی سێ وەرزی رابردوو، دووەم وەرزە ئاهەنگ و رێورەسمی یاریی کردنەوەی وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراق لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت، ئەمەش لە کاتێکدایە لە وەرزی 2024 ـ 2025 یاریی کردنەوەی خولەکە لە یاریگەی یانەی دهۆک لە نێوان دهۆک و زەورا کرا، ئەم وەرزەش یاریی کردنەوەی وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراق لە شاری سلێمانی لە نێوان نەورۆز و قوە جەوییە دەکرێت.

دوای ئەوەی لە بەغدا و بە ئامادەبوونی نوێنەری سەرجەم یانەكان تیروپشكی سەرجەم گەڕەکانی خولی ئەستێرەكانی عێراق بۆ وەرزی 2026 ـ2027 راكێشرا، بڕیاردرا یاریی كردنەوەی وەرزی نوێی خولی ئەستێرەكانی عێراق لە یاریگەی نەورۆز لە شاری سلێمانی لە نێوان نەورۆز قوە جەویەی پاڵەوانی وەرزی رابردوو بەڕێوە بچێت.
سبەی هەینی لە کاتژمێر 9:30ـی شەو لە یەکەمین گەڕی وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراق نەورۆز میوانداریی یانەی قوە جەوییە دەکات، دوو رۆژ پێش دەستپێکی یارییەکە تەواوی بلیتەکانی یارییەکە فرۆشراوە.
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست رۆژنامەی هەولێر کەوتووە، بۆ ئەم یارییە نزیکەی سەد کەسایەتی و بەرپرس و ئەستێرەی ناوداری کوردستان و عێراق بانگهێشتی یارییەکەی نەورۆز و قوە جەوییە کراون.
یانەی نەورۆز بە راهێنەرایەتی وەلی کەریم بۆ وەرزی نوێ گرێبەستی 11 یاریزانی وەرزی رابردووی نوێ کردووەتەوە، لە بەرامبەردا دەستبەرداری 16 یاریزانی وەرزی ربردووی بووە و 17 یاریزانی نوێی گواستووەتەوە.
هەر لە گەڕی یەكەم یانەی هەولێر لە یاریگەی خۆی میوانداریی كارەبا دەكات، یارییەکەش رۆژی یەکشەممە لە کاتژمێر 9:00ـی شەو لە یاریگەی فرەنسۆ هەریری دەکرێت. لە لایەکی دیکەشەوە بە هەمان شێوە رۆژی یەکشەممەی داهاتوو لە کاتژمێر 6:30ـی ئێوارە دهۆك میوانداریی غەڕاف دەكات. لە دێربی هەرێمی كوردستانیش زاخۆ میوانداری گازی باكووری تازە میوانی خولەكە دەكات پێشبینی دەکرێت ئەو یارییەش رۆژی شەممە لە کاتژمێر 6:30ـی ئێوارە دەکرێت.
بڕیارە رۆژی هەینی داهاتوو کە دەکاتە رۆژی چواردەی ئەم مانگە خولی ئەستێرەكانی عێراق دەستپێبكات و سەرجەم یارییەكانیش لە رۆژانی هەینی و شەممە بەڕێوەدەچێت و چەند یارییەكی تایبەت نەبێت دەكەوێتە رۆژەكانی دیكە و خولەكەش لە رۆژی 28ـی مانگی پێنجی ساڵی داهاتووش گەڕی كۆتایی خولەكە بەڕێوەدەچێت.