رۆژنامەی ھەولێر

نامەکانت بێ هاوسەرن وەک وێنەکەت سەوداسەرن

ئاری ئاغۆک

 

گەلێ جار پێویستمان بە فرە دەقی و نووسینی زۆر نیە، بەڵکو دەقێکی ئەدەبی کاریگەر و جوان لە فۆڕمی دەنگێکی گەوهەردار دا بە ئاوازێکی غەمگین، چەشنی دەق و ژیانی شاعیر حەزین و غەمگین، جوانترین بەرهەم دەخولقێ و دەبێتە گۆرانی و دەق و بەرهەمی ئەدەبی تەمەن، لە هەموو سەردەم و زەمەنێک دا کە گوێبیستی دەبین نۆستالیژیایانە دەگەڕێینەوە یادە پر پشکۆ و خۆزگە پڕ لە حەسرەت و بەجێماوەکان، چونکە چیرۆکی ئەو جۆرە دەقانە پڕە لەئازارێکی ڕاستگۆیی ژیانی شاعیر.
یەکێک لەو تێکستانەی کە لە چواچێوەی ئەم پێناسەیەی سەرەوە خۆی دەدۆزێتەوە، ئەوا دەقە شیعری ( یادەکانت ) ە، لەنووسینی شاعیری جواننووس (قوباد بەهرەوەر)ە، لەگەڵ ئەوەی شاعیر خاوەن دوو دیوانی شیعری و چەند بەرهەمێکی دیکەیە، بەڵام بە پێی ئاست و توانای ئەدەبی نەتوانراوە شرۆڤە و شیکردنەوە و تەنانەت یادیشی بکرێتەوە.
قوباد بەهرەوەر، یەکێک بوو لەو نووسەر و شاعیر و هونەرمەندانەی کورد، لەڕێگەی دەقە جوانەکانی و بەهرە هونەریەکانی توانی ڕاستگۆیانە و غەمگینانە وێنە تێکشکاو و گرێ دەروونیەکانی ناخی خۆیمان نیشان بدات.
لێرەدا هەمدیس وەک یاد و وەفایەکی لەبیرنەکراو، لە ساڵڕۆژی ژیانئاواییدا شرۆڤەیەکی ئەدەبی بۆ دەقی ( یادەکانت ) دەکەین و بەشێک لە وێستگەی ژیاننامەی دەخەینەڕوو.

(یادەکانت)
یادەکانت پشکۆن بڵێسەی ئاگرن
نامەکانت
بێ هاوسەرن وەک وێنەکەت
سەوداسەرن
نیوە شەوە کەی دێیتەوە
کزەی جەرگم
تاریکی شەو
بۆتە مەرگم
فرمێسک و خەم
بۆتە خەو و نان و بەرگم
ئازیزەکەم
سەرمای ژیان فەوتاندومی
جێ ژووانی سارد تەزاندومی
ناشارەزا
دەریای خەفەت خنکاندومی
گەر بێیتەوە
شەرتبێ لە باوەشت بگرم
نازت بەچاوان هەڵبگرم
فرمێسکەکانت
بەدەستی خۆم
یەک یەک بسڕم

کاتێ شاعیر دەقێک دەنووسێ، بێگومان چیڕۆکێکی لە پشتە بۆیە هانا دەباتە بەر شیعر، ئەم چیڕۆکەش لە ( یاد ) ێکەوە سەرچاوە دەگرێ، چونکە لە غیابی کەسێکدا یاد و بیرەوەری دروست دەبن، جا ئەم یادە تاڵ بێ یا شیرین، گرنگ نیە، گرنگ ئەوەیە لە وێستگەی ژیانی شاعیردا ئەوا چیرۆکە یادێک دەبێتە ئاخ و حەسرەتی تەمەن، ئەوەتا قوباد بەهرەوەر پەنا بۆ یاد دەبات، بەڵام لێرەدا دەگەڕێینەوە سەر بابەتی سەرەتا، ئاخۆ جۆر و چیرۆکی ئەو یادە چۆنە؟!.
شاعیر زوو بابەتەکە ئاشکرا دەکات و بۆمان بەیان دەکات، کە هەموو یادەکان پشکۆن بڵێسەی ئاگرن، کەواتە:
بیرەوەری = ئاگر
یادەوەری= پشکۆ و بڵێسە
بۆیە وێنە شیعرییەکە بریتیە لەو ڕەهەندەی کە کۆتایی چیڕۆکەکە تەنیا ناچتە ناو خانەی بیرەوەری و یادەوەری بەڵکو هەر یادێک پارچەیەکە لە ئاگرێکی نەکوژاوە، ئەوا ناخ و دڵی شاعیریان سوتاندووە، بۆیە لە ڕێگەی هاواری شیعرەوە لەیەکەم هەناسە پێمان دەڵێت (یادەکان دەمسوتێنن)، لەگەڵ گوێبیستبوون، منی خوێنەر هەست بە ریتمی گەرمی هەناسەێکی سارد دەکەم.
نامەکانت بێ هاوسەرن وەک وێنەکەت سەوداسەرن
ئەمجارەیان لە وێنە گەورەکەوە دێتە سەر بابەتە پەیوەستدارەکان، ئەویش یەکێک لەو چەمکانە( نامە) یە، جۆرێک لە یادەوەری باس دەکات نامە یا وێنە، یا هەر دەستنووسێک ئەوا دەچنە خانەی بیرەوەری بەجێماوی مەعنەوی، کە ڕاستەخۆ تێکەڵ بە هەست و بیرکردنەوەی شاعیر بووە، بۆیە پەنای بۆ ووشە و هەست و شیعر بردووە.
-نیوە شەوە کەی دێیتەوە ؟ کزەی جەرگم، بۆتە مەرگم
ئەمە تەنیا پرسیارێکی سادەنیە، بەڵکو ڕەهەند و هەستێکی قوڵی چاوەڕوانی مرۆڤێک بەدیار دەخات لە کاتێکی هەستیار دا، ئەویش شەوە، شەوی شاعیر شەوی پڕ تاسە و خەم و خۆزگەیە، دوای کۆتایی هاتنی ڕۆژ و لەکاتی خۆر ئاوابوون هێدی هێدی ژانی غوربەت و دووری دەست پێ دەکات تا دەگاتە ئەو هاوارەی کە بڵێ( کەی دێیتەوە؟ ) دوای ئەم پرسیارە وێنە و ووشەیەکی تر دێ، ئەویش ( کزەی جەرگم، بۆتە مەرگم ) لێرەدا گلەییە ئەویندارییەکە بە ئاشکرا هەستی پێ دەکرێ ناسکترین ووشە (کزەی جەرگ) بەڵام پڕ ئازارترین هەست تا دەگاتە ئیعلانکردنی مەرگ!.
کەواتە:
یادەکان + ئاگری چاوەڕوانی = مەرگی ئەبەدی
بەگشتی لەم دێرەدا هەم وێنەی شیعری، هەم دۆخێکی سایکۆلۆژی شاعیر بەدیار دەکەوێ دواتر دەگاتە ئەو قۆناغەی هەموو ژیانی خۆی لە نێو فۆڕمێکی غەمگین دا بدۆزێتەوە لەدێری دوای ئەودا دەڵێ:
-فرمێسک و خەم بۆتە خەو و نان و بەرگم
لێرەدا وێڕای دەربڕینێکی ئەدەبیانەی جوان و چنینێکی هونەرییانەی نێو ووشەکان، ئەوا لێکبەستانەوەیەکی جوان دروست دەبێت، خوێنەر هەست بە بۆشایی ئەدەبی ناکات، لە بڕی بزە – فرمێسک، لە بڕی شادی – خەم، بۆتە نان و بەرگی.
نان وەک خۆراک و خواردن، بەرگ وەک پۆشینی جل، هەموو بابەتەکانی ژیانی لە گۆشەیەکی غەریب کۆ کردۆتەوە لە گریان و خەم و تاڵی و چاوەڕوانی و مەرگ دا ! ئەگەر سەیری دێری دەسپێک بکەین تا دوایین دێری ئەم کۆپڵەیە، ئەوا هەست بە ریتمێکی حەزینی ئەوینداری دەکەین کە شاعیرێک زۆر وەستایانە و هونەرییانە دەریبڕیووە.

ئازیزەکەم،،،،
سەرمای ژیان فەوتاندوومی
جێژوانی سارد تەزاندوومی
ناشارەزا،،،،،
دەریای خەفەت خنکاندوومی!

دوای گوتنی ئەم ڕاستیە تاڵانە دەربارەی یادەکانی ئەو، ئەمجارەیان لە کۆپلەی دیکە و لە وێنەی دیکەی ئەم تێکستەدا، شاعیر ووردە گلەیی و واقعی ژیانی خۆی دوای پشکۆی یادەکان دەخاتەڕوو، ئەویش بە زمانێکی شیعری ئەویندارانە، باس لە سەرمای ژیان دەکات کە (بێ ئەو)، چ ساردییەک ڕووی تێکردوە.
لێرەدا ساردی بە دووجۆڕ خۆی دەنوێنێ، هەم ساردی وەرزی تەنیایی و بێ یار، هەم سارد و سری ژیانی ڕۆژانەی شاعیر، بۆیە ئەم ساردییە دەگاتە ترۆپکی فەوتاندن!
هەر لە فۆڕمی ئەم ساردییەدا جێژوان دەبێتە ماڵێکی سارد، ئەمەش وەک ڕەمزێکی ئەدەبی بە پێچەوانەی دیدار و ویصال و گفتوگۆ، ئەوا جێژوان چۆڵ و ساردە!
بەهۆی سەرمای ژیان و جێژوانی سارد، شاعیر دەچێتە دۆخێکی دەروونی خراپ ئەویش خنکاندیەتی لە دەریای خەفەت، ئەمە وێنەیەکی جوان و قوڵی شیعریمان نیشان دەدات، خوێنەر لەگەڵ خوێندنەوەی ڕستە دوای ڕستەی ئەم کۆپلەیە تێکەڵ بە هەست و سۆزێکی ئەوینداری غەریب و غەمگین دەبێت، چونکە قوڵی و فراوانی دەریا، ژینگەی خەمەکەمانی بۆ دیاری دەکات، کە چەندە گەورە و قوڵ و گرانە.
دوای ئەو هەموو ئێش و ئازار و مەرگ و ژەهری چاوەڕوانییە کە بە هۆی هەڵدانەوەی لاپەڕەی یادەکان بەدی دەکرێ، دواجار و لەدوا پەیام و کۆپڵە شیعردا، (قوباد بەهرەوەر) هەر ئومێدێکی ماوە بە هاتنەوە و گەڕانەوەی کەسی بەرامبەر، بۆیە دواجار لە تەواوکەری ئەم تێکستەدا دەڵێت:

گەر بێیتەوە
شەرتبێ لە باوەشت بگرم
نازت بەچاوان هەڵبگرم
فرمێسکەکانت
بەدەستی خۆم
یەک یەک بسڕم

بەس گەڕانەوەیەک، هەموو خەم و خەفەت و گریان و چاوەڕوانی لەبیر دەباتەوە، بەس بگەڕێتەوە، جێژوانی سارد گەرم دەبێتەوە، پشکۆی ئاگر، دەبێتە فێنکایی و سەوزایی بەهاری ئەبەدی، بە (گەڕانەوە) هاوکێشەکان دەگۆڕدرێن بۆ لە باوەش گرتن و ناز هەڵگرتن. بۆیە لەم دێرانەی کۆتایی دا شاعیر دیمەنێکمان نیشان دەدات کە هەموومان خۆزگەخوازی گەڕانەوەی بین، بە نەرمە تکا، داوای گەڕانەوە دەکات، لەهەمانکاتدا پێی دەڵێت (فرمێسکەکانت بەدەستی خۆم یەک یەک دەسڕم !) ئەمە ئەو چیڕۆکە ڕاستییەمان نیشان دەدات کە خۆشەویستی و دابڕانی نێوان شاعیر و کەسی بەرانبەر یەک لایەنە نیە، بەڵکو قەدەر وای لێکردوون لێک دووربکەونەوە و یادی یەکتر بکەنەوە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی دیارە کەسی بەرانبەریش فرمێسک لە چاوانی دا قەتیس ماوە، کەواتە ئەوینەکە ئەوینێکی دوو لایەنەیە و بە هۆکارێک لێک دابراون !!!.
بەگشتی ئەو تێکستە جوانەی (قوباد بەهرەوەر) بە یەکێک لە تێکستە نەمرەکان دادەنرێ، لە هەمانکاتدا بە ئاوازێکی هاوگونجاو چەشنی بەرگێکی هونەری و ئەدەبی بەدەنگی هونەرمەند (عەدنان کەریم) بۆتە جوانترین و چێژدارترین گۆرانی کە لە یادگەمان وەک یادەوەرییەک هەر بە زیندووی دەمێنێتەوە، چونکە ئەگەر شیعر و ئاواز لەگەڵ یەکتر هاوگونجاو نەبن، ئەوا گۆرانیەکی هونەریی بایەخدار دروست نابێ، هەروەک دەزانین شیعر ڕۆحی گۆرانییە و ئاوازیش هەست و سۆز بە شیعر دەگەیەنێت، دواجار ئاواز و دەنگ ئەو شیعرە دەگەیەنێتە دڵی گوێگر، ئەگەر جوان و کاریگەر بێت ئەوا وەک بەرهەمی (یادەکانت) هەمیشە بە پاکی و جوانی لە دڵ و یادگەی خەڵک دەمێنێتەوە.
ژیاننامە*(١)
– قوباد سابیر ئیبراهیم.
– نازناوی ئەدەبی: قوباد بەهرەوەر.
– ساڵی لەدایکبوون: ١٩٥٥ شاری کۆیە.
– ئاستی خوێندن: قۆناغەکانی سەرەتایی و ناوەندی لە کۆیە تەواوکردوە- ئامادەیی کشتوکاڵی هەولێری تەواوکردوە.
– دەسپێکی نووسین: ١٩٧٢ ڕۆژنامەی هاوکاری.
– چالاکی سیاسی: ساڵی ١٩٧٤ بەشداری لەشۆڕشی ئەیلول کردووە.
ساڵی ١٩٧٦ بە هۆکاری سیاسی لە وەزیفەکەی لە کۆیە بۆ مێرگەسۆر گواتراوەتەوە.
– ساڵی ١٩٧٩ لە ئەمنی هەولێر گیراوە.
– چالاکیەڕۆشنبیرییەکانی: بەشداری لە دامەزراندنی تیپی هونەری کۆیە دا کردوە.
– بەشداری لە دامەزراندنی بەشی نواندنی تیپی باواجی کۆیە دا کردووە.
– لەگەڵ چەند رۆشنبیرێک تیپی نواندنی (حاجی قادری کۆیی) یان لە کۆیە دامەزراندووە.
– بەشداری لە تیپی نواندنی هاموون دا کردووە.
– بەرهەمە چاپکراوەکانی: دڵدارێکی کۆچکردوو، ( شیعر ) ١٩٨٧
– ئەو شەهیدەی گۆرانی دڵداری دەڵێ ( شیعر ) ٢٠٠٥
– چەندان شیعری لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکان بڵاوکردۆتەوە.
– دوای ژیانئاوایی، چەند دیوانێکی شیعری دەستنووس و چاپکراوی لەدوای خۆی بەجێهێشت، بەهۆی کەم دەرامەتی نەیتوانی چاپیان بکات.
– لە ڕێکەوتی ١٤ ی ئابی ٢٠٢١ بە هۆی نەخۆشی ژیانئاوایی کرد، بەڵام یاد و بیرەوەری و بەرهەم و شیعرەکانی بەتایبەت( یادەکانت پشکۆن بڵێسەی ئاگرن)، هەمیشە لەیاد و یادگەمان بە زیندوویی دەمێنێتەوە، ڕۆحی شاد.
ژێدەر:
*(١)ئینسکلۆپیدیای نووسەرانی هەولێر، عەبدولرەحمان مەعروف- بەرگی ٤ ل/ ١٨٣٨- ١٨٣٩