رۆژنامەی ھەولێر

پەنجەرەیەك بەرەو پەروەردە (4) نمرە ئامانج نییە؛ ئامرازێکە بۆ فێربوون

خەرمان کەمال پیرباڵ

 

لە زۆربەی سیستەمە پەروەردەییەکاندا، نمرە بووەتە پێوانەی سەرەکی بۆ هەڵسەنگاندنی قوتابی. زۆرجار کاتێک ناوی قوتابییەک دێتە گۆڕێ، یەکەم پرسیار ئەوەیە: ((چەند نمرەی هێنا؟)) نەک ((چی فێر بوو؟))
ئەم تێڕوانینە، هەرچەند لە ڕوانگەی هەڵسەنگاندندا گرنگی خۆی هەیە، بەڵام کاتێک نمرە دەبێتە ئامانجی سەرەکی، ڕۆحی فێربوون لاواز دەکات و پەروەردە لە مانای ڕاستەقینەی خۆی دوور دەکەوێتەوە.
کاتێک نمرە دەبێتە ئامانج، هەندێک قوتابی تەنها بۆ تاقیکردنەوە دەخوێنن، نەک بۆ تێگەیشتن. دوای تاقیکردنەوەش زۆربەی ئەو زانیارییانە لەبیر دەچنەوە، چونکە ئامانج فێربوون نەبووە، بەڵکو وەرگرتنی نمرە بووە.
هەروەها، هەندێک دایک و باوک و تەنانەت هەندێک مامۆستاش بەبێ مەبەست، گرنگییەکی زۆر بە نمرە دەدەن. ئەمەش فشارێکی دەروونی لەسەر قوتابی دروست دەکات و هەندێک جار وای لێ دێت ترسی هەڵەکردن لە دڵی دروست بێت.
نمرە دەتوانێت ئاستی ئەنجامی قوتابی لە تاقیکردنەوەیەکی دیاریکراودا پیشان بدات، بەڵام ناتوانێت داهێنان و بیرکردنەوەی ڕەخنەیی، هاوکاری وبەرپرسیارێتی و چارەسەرکردنی کێشە ومتمانەبەخۆبوون پێوانە بكات، كە ئەمانەش هەموویان لە گرنگترین تواناکانی سەدەی ٢١ـەمن.
لێرەدا ئەرکی مامۆستا دەبێت وا بڕوانێت نمرە وەک ئامراز ببینێت، نەک وەک ئامانج. کاتێک قوتابی هەڵە دەکات، ئەو هەڵەیە دەبێت دەرفەتێک بێت بۆ فێربوون، نەک تەنها هۆکارێک بۆ کەمکردنەوەی نمرە. قوتابی کە هەست بە ئەمنیەت بکات، زیاتر پرسیار دەکات، زیاتر تاقی دەکاتەوە و زیاتر فێردەبێت. لە هەمان كاتدا ڕۆڵی خێزان دایک و باوکیش دەتوانن گۆڕانکارییەکی گەورە دروست بکەن. لەبری ئەوەی بپرسن: (چەند نمرەت هێنا؟)
دەتوانن بڵێن: (ئەمڕۆ چی فێر بوویت؟) (کام بەش بۆت سەرنجڕاکێش بوو؟) یان (لە کوێ هەستت کرد پێویستت بە یارمەتی هەیە؟)
ئەم جۆرە پرسیارانە حەزی فێربوون لە قوتابیدا بەهێز دەکەن.
با ئامانجی پەروەردە بەدەستهێنانی نمرەی بەرز نەبێت، بەڵکو مرۆڤێک دروست بکات کە بتوانێت لە ژیاندا بیر بکاتەوە، بڕیار بدات و بەرپرسیار بێت. نمرە گرنگە، بەڵام هەموو شت نییە. ئەگەر ئامانجی پەروەردە تەنها نمرە بێت، ڕەنگە قوتابی سەرکەوتوو بێت لە تاقیکردنەوە، بەڵام لە ژیاندا پێویستی بە تواناگەلێکی تر هەبێت. پێویستە هەموومان، وەک مامۆستا، دایک و باوک و بەرپرسانی پەروەردە، بیر لەوە بکەینەوە کە ئایا قوتابی بۆ نمرە دەخوێنێت، یان بۆ ژیان؟
چونکە کاتێک فێربوون دەبێتە ئامانج، نمرە خۆی بەدوایدا دێت؛ بەڵام کاتێک نمرە دەبێتە ئامانج، زۆرجار مانای فێربوون ون دەبێت.