شەماڵ جەمال دیلان
کاتێک باس لە پەیوەندییەکانی نێوان وەرزش و پەروەردەدا دەکرێت، شەتڕەنج وەک باشترین نموونە دەهێندرێتەوە. ئەم یارییە کە لەسەر هێزی بیرکردنەوەیە ، جگە لەوە بە پلان و بڕیاردان دامەزراوە، لە زۆربەی وڵاتی دنیا بووە بەبەشێک لە پرۆگرامەکانی خوێندن، لە هەرێمی کوردستانیش ئەم خەونە بە هەوڵ و تێکۆشانی یانەی شەتڕەنجی خانزاد بووە ڕاستی.
یانەی شەتڕەنجی خانزاد لە ساڵی 1998 دامەزرا، لەهەموو گرنگتر ئامانجی ئەم یانەیە تەنها دروستکردنی پاڵەوان و یاریزان نەبوو ، سەرپەرشتیارانی یانەکە باوەڕیان بەوەبووە کە پێوستە شەتڕەنج لە تەمەنی منداڵییەوە فێربکرێت، چونکە لەو ڕێگەیەوە دەتوانێت بیرکردنەوەی لۆژیکی، هەست بە بەرپرسیارێتی، ئارامی دەروونی و توانای چارەسەرکردنی کێشە لە قوتابیاندا گەشە پێ بدات.
بۆ گەیشتن بەو ئامانجە، یانەی خانزاد بە هەوڵ و ماندوبوونی بەڕێز دکتۆر دڵزار حەمەساڵح کە سەرۆکی یانەکەیە ، پرۆژەیەکی گەورەی دەست پێ کرد بۆ ئامادەکردنی سیستەمێکی فێرکردنی شەتڕەنج، لەو بارەیە تیمێکی پسپۆڕی لە بواری پەروەردە و شەترەنج پێکهێنرا و کتێب بە پلانی وانە و بابەتی زانستی بۆ قۆناغەکانی خوێندن ئامادە کرا.
ئەو هەوڵە دوای هاوکاریی و هەمەهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کەوتە بواری جێ بەجێ کردن ، شەترەنج وەک وانەیەکی مەنهەجی لە نێو پۆلەکانی قوتابخانەکاندا جێگیر کرا. ئەم هەنگاوە تەنها بڕیارێکی پەروەردەیی نەبوو، بەڵکو وەچەرخانێک و دەستکەوتێک بوو لە تێڕوانینی کۆمەڵگە بۆ ئەم یارییە.
جێگەی باسکردن و ستایشە کەوا دەستکەوتی یانەی خانزاد لەوەدا نەوەستا بگرە لەنێو یانەکانیشدا بەردەوامی هەبوو لە ڕاهێنان و دروست کردنی مامۆستای تایبەت بەو بوارە ، هەروەها چاپکردنی کتێبی فێرکاری، ڕێکخستنی پاڵەوانییەتی قوتابخانەییەکان و بڵاوکردنەوەی کەلتووری شەترەنج لەناو قوتابخانە و کۆمەڵگەدا.
ئەم پرۆژەیە بە هاوکارییەکی بەهێز لەگەڵ یەکێیتی شەتڕەنجی عێراق جێبەجێ کرا، ئەوان هەمیشە هاوبەشی سەرەکی بوون لە پشتگیریکردن و گەشەپێدانی شەتڕەنج لەکوردستان و عیڕاق
دوای ساڵانێک، لەبەرهەمی ئەو هەوڵانە هەزاران قوتابی فێرە یاری شەتڕەنج بوونە ، ژمارەیەکی زۆر لە هەردوو ڕەگەز لە قوتابخانەکانەوە سەرکەوتوو بونەو گەیشتن بە پلەی پاڵەوان هەر بۆیە بیرۆکەی بەکارهێنانی شەترەنج بۆتە ئامرازێکی پەروەردەیی سەرکەوتوو.
بە پێوستی دەزانین بۆ خەڵک و خوێنەران ئاشکرای بکەین کە دکتۆر دلزار حمە صاڵح سەرۆکی یانەی وەرزشی خانزاد سوپاسی رۆڵی بەڕێز مەسڕور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەریمی کوردستانی دەکات کە هەمووکات پشتگیری تەواوی هەر بیرۆکەیەکی وەرزشی مۆدرێن دەکات بۆ پێشکەوتنی بوارە جیاجیاکان تایبەت یاری شەتڕەنج ، بوونی شەتڕەنجیش بە پرۆگرام لە خوێندن بە دەستکەوتێکی مەزن دەببینن لەکورستان هەروەها سوپاسی هەموو ئەو کەسانەش لە وەزارەتی پەروەردە و بەڕێوەبەرایەتی گشتی پرۆگرام و چاپەمەنیەکان کەهاوکارێکی باش بوون تاوەکوو شەتڕەنج لە کوردستان بگەینن بە ئاستە مەزنە .

